شاندی هەدەپە: کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تورکیا دژایەتی کورد دەکات

شاندێکی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک لە شاری روحا لەگەڵ جۆتیاران کۆبووەوە و رایگەیاند، کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای تورکیا بە پشتیوانی دەوڵەت دژایەتی کورد دەکات.

لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی هەدەپە بۆ تێکۆشانی دیمۆکراسی، کۆبوونەوە دیمۆکراسیەکانیانی بەردەوامن. لەم چوارچێوەیەدا دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی هەدەپە، نوێنەری پارتەکانی ناو هەدەپە و پارلمانتەرەکانی هەدەپە، لە گەڵ جوتیارانی شاری روحا کۆبوویەوە. شاندەکەی هەدەپە لە بەردەم ناوەندی دابەشکردنی کارەبای روحا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند، ئەم کۆمپانیایە لەم چەند رۆژەی رابردوودا، بە بڕینی کارەبا لەسەر ناوچە کوردیەکان، بووەتە بابەتی گەرمی گوتوبێژەکان.

سەزایی تەمەلی پارلەمانتاری هەدەپەی شاری وان رایگەیاند، ئاکەپە کە ١٨ ساڵە لە دەسەڵاتدایە، ئاشتی کۆمەڵاتی و ئابوری تێک بردووە و وتی:"ئەم سیاسەتەش بە رێگای چەند ناوەند و رێکخراوێک بەڕێوە دەبات. دەسەڵاتی ئاکەپە، کۆمەڵگا تیرۆریزە دەکات و لە شارە کوردیەکان بە رێگای کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا، تیرۆری وزە بەڕێوە دەبات. ئێمەش بە مەبەستی شەرمەزارکردنی ئەم سیاسەتە و هۆشداریدان بە دەسەڵات و ئەو کۆمپانیایە، لێرە کۆبووینەتەوە. ئاشتی و ئارامی بە پشتیوانی گەلان و تێکۆشانیان بەدی دێت. لە هەر جێگایەک نادادی و نایەکسانی هەبێت، ئیمە لەوێ دەبین."

تەملی هەروەها رایگەیاند، ئەم کۆمپانیایە، وێنەی زیهنیەتی بەتاڵانبردنی رەنج و سروشە و وتی:"هەمو بڕیار و کردەوەکانی ئەو ناوەدە، لە دژی گەلی کوردن.

 خەرجی کۆمپانیای لایەنگرانی دەسەڵات، دەخرێتە سەر پسوڵەی کارەبای هاوڵاتیان. تاکە رێگای رێگریکردن لەمەش رووبەرووبوونەوە و تێکۆشانە لە دژی زیهنیەتی ئاکەپە و سیستمی داگیرکەری کاپیتالیست."

ز.ش