شێخ باقی لە بارزانی دەپرسێت، ئایا ئەوەی شەرعیەتی هەیە بارەگاکانی تورکیان؟

جەمال شێخ باقی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردی سوریا لە بارەی لێدوانی بەرپرسانی پەدەکە کە شەرعیەتی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، پرسیارێک ئاراستەی بارزانی دەکات و دەڵیت: ئایا ئەوەی شەرعیەتی هەیە بارەگاکانی تورکیان لە باشوری کوردستان؟  

شێخ باقی لە بارەی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی پارتی دیمۆکراتیک کوردستان-پەدەکە کە دەڵێن: پەکەکە لە هەرێمی کوردستان هیچ شەرعیەتێکی نیە، دەبێت بچێتە دەرەوە لە خاکی هەرێم"، رایدەگەیێنێت، ئەمانە هەموو قسەی پوچ و بێکەڵک و بێبنەمان.

شیخ باقی وتی:"بەرپرسانی پەدەکە بۆچی هەبوونی پەکەکە لە باشوری کوردستان، بە شەرعی نابینێت؟ مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە دژی بەرژەوەندیەکانی گەل، نەتەوە و وڵاتێک بوەستێتەوە. پێوانەکان بەم شێوەیە نین. ئەوەی شەرعیەتی هەیە، دۆزی گەلەکەمان و هەبوونی وڵاتەکەمانە، تێکۆشان و بزوتنەوەکەمانە. شەرعیەتدان ئەمەیە و لێرەوە سەرچاوە دەگرێت."

'پلانەکانی سەر رۆژئاوا و باشور جیاواز نین لە یەکدی'

جەمال شێخ باقی لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر رووداوەکانی زینی وەرتێ و وتی:" پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر رۆژئاوا و باشور جیاواز نین لە یەکدی. بەو پلانانەی لە وەرتێ جێبەجێی دەکات، دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوری کوردستان بێ ئیرادە بکات و بیخاتە خزمەتی خۆیەوە."

'دەیانەوێت رۆژئاوا و قەندیل بخنکێنن'

شێخ باقی هاوکات وتی:"دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیەوێت قەندیل و رۆژئاوای کوردستان کە دوو رۆشنایی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان و هێڵی شۆڕشگێری کوردن، گەمارۆ بدات. دەوڵەتی تورک لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت لە زاخۆ و دهۆکەوە دەست پێبکات و هەموو سنوورەکانی تورکیا و عێراق کۆنترۆڵ بکات و قەندیل لە ناوچەکانی دیکەی گەریلا جیا بکاتەوە و ئابلوقەی بدات. ئەگەر بتوانێت ئەم پلانەی جێبەجێ بکات، ئەوسا سوپاکەی لە بارەگاکانی دیکەی باشووری کوردستانەوە دەگوازێتەوە بۆ شەنگال و ئەو دەڤەرانە داگیر دەکات. ئەگەر ئەمەی بۆ بچێتە سەر، قەندیل و رۆژئاواش گەمارۆ دەدات و دەیانخنکێنێت."

'ئایا ئەوانەی شەرعیەتیان هەیە، بارەگاکانی تورکیان؟'

جەمال شێخ باقی لە بارەی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی کە وتبووی، "پەکەکە لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی نیە. هەرێمی کوردستان ناوچەی خەبات و چالاکیەکانی پەکەکە نیە"، وتی:" ئەمە هەڵەیە کە هەندێک لە بەرپرسانی باشوری کوردستان قسە لەسەر هەبوونی پەکەکە و گەریلا و شەرعیەتیان لە باشور دەکەن. ئەم جۆرە قسانە پوچ و ناهەق و بێبنەمان. بەر لە هەموو شتێک دەپرسین، ئایا بە دەیان بارەگای سەربازی تورکیا کە لە باشوری کوردستانن، شەرعیەتیان هەیە؟ ئەگەر پارتێک یان لایەنێک هەبوونی سوپای تورک لە باشوری کوردستان بە شەرعی بزانیت، دەبێت ئەمەش بڵێت. ئایا دەوڵەتی عێراق بارەگاکانی تورکیای قبول کردووە؟ ئایا گەلی کورد دڵخۆشە بە بوونی بارەگاکانی سوپای تورکیا لە باشور؟ ئایا ئەوانەی شەرعیەتیان هەیە، بارەگاکانی تورکیان؟"

شێخ باقی ئاماژەی بە قۆناغی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کرد و وتی:"ئایا بوونی ئەو سەردەمەی یەکێتی و پارتی (یەنەکە و پەدەکە) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرعیەتی نەبوو؟ ئایا کورد لەو پارچەیەی کوردستان پێشوازی لە بوونی ئەوانی نەدەکرد؟ ئەمڕۆ بوونی حزبی دیمۆکراتی ئێران (پەدەکە-ئێران) لە باشوری کوردستان شەرعیەتی نیە؟ هەموومان لە دژی بوردومانکردنی بارەگاکانی حزبی دیمۆکراتی ئێران (حدک) لە باشوری کوردستان، نەوەستاینەوە؟

بەرپرسانی پارتی (پەدەکە) بۆچی شەرعیەت نادەن بە هەبوونی پەکەکە لە باشوری کوردستان؟ مرۆڤ ناتوانێن لە دژی بەرژەوەندیەکانی گەلێک، نەتەوەیەک و وڵاتێک بوەستێتەوە. پێوانەکان بەم شێوەیە نین. ئەم پێوانانە هەڵەن. ئەوەی شەرعیەتی هەیە دۆزی ئێمەیە، هەبوونی وڵاتی ئێمەیە، تیکۆشانی ئازادی وڵاتی ئێمە و بزوتنەوەکەمانە. شەرعیەت ئەمەیە و لێرەوە سەرچاوە دەگرێت."

'دەبێت نەبین بە داردەستی پلانەکانی دەوڵەتی تورک'

لە بارەی رەوانەکردنی هێزی سەربازی پارتی (پەدەکە) بۆ زینی وەرتێ شێخ باقی وتی:"ئەمە پلانی دەوڵەتی تورکیایە. دەیانەوێت لە ناو مالی کورددا ناکۆکی و تۆی فیتنە بنێنەوە و کورد بهێننە بەرامبەر یەکدی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد تێک بشکێنن. ئەوانەی ئەم پلانانەیان داناوە، دوژمنانی تێکۆشانی ئازادی کوردن.

دەبێت ئەم پلانە تێک بشکینین. ئەم بزوتنەوەیە (پەکەکە)، بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازە. بزوتنەوەی ئازادی کوردستانە. دۆزی کۆمەڵگایەکی مێژووییە. لەم رێگایەدا بە سەدان و هەزاران شەهیدی داوە. ئەم پلانە قێزەوەنانە درەنگ یان زوو، تێک دەشکێن. دەبێت نەبین بە داردەستی پلانەکانی دوژمن. دەبێت خاوەنداری لە هەبوون و دۆزی گەلەکەمان بکەین."

'رزگاربوون لە دەستی دوژمندا نیە، بەڵکو بە رێگای یەکیتی نەتەوەیی بەدی دێت'

لە کۆتایی قسەکانیدا جەمال شێخ باقی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردی سوریا جەختی کردەوە کە بەرژەوەنیەکانی گەلی کورد لە لای دوژمنانی گەلی کورد نین، کورد بە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانێت بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت و وتیشی:"رێگای رزگاربوونمان، لەگەڵ رێگای دوژمناندا نیە. رزگاربوونمان لە دەستی کورد و خاوەنداریکردنە لە خۆمان."

ز.ش