"شەڕڤانانى بێریتان لە سەنگەرەکانی بەرخۆدانی خواکورک دان"

گەریلاکانی یەژەئا ستار لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی سووپای تورکیا لە خواکورک، شەڕی ئیرادە دەکەن و دەڵێن "شەڕڤانانی بێریتان لە سەنگەرەکانی بەرخۆدانی خواکورک دان".

گەریلا لە هەموو شوێنێکى کوردستان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان دەکات. لە برادۆست هەتا شەمزینان، گەریلاکانی یەژەئا ستار، لە ڕیزی پێشی پێشەوەی بەرەکانی جەنگدان. ئەو گەریلانەی یەژەئا ستار کە لە خواکورکن، رێباز و میراتەکەی شەهید بێریتان (گوڵناز کاراتاش) و بە سوپابوونی ژنیان هەڵسەنگاند.

گەریلاکانی یەژەئا ستار وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) یان دایەوە و دەستنیشانیان کرد، خواکورک لەلایەنی سەربازیی و مەعنەویەوە بۆ ئەوان زۆر گرنگە.

ئەنەفە: بە سوپابوونی ژن لە هەرێمی خواکورک بە شەهید بێریتان دەستیپێکرد، وەک شەڕڤانێکی سووپای یەژەئا ستار، هەرێمی خواکورک واتای چییە لەلای تۆ؟

گەریلا ڕۆزەرین شەمزینان: سووپای ئێمە لە هەرێمی خواکورک بە پێشەنگایەتی بێریتان دروست بوو، ئەمڕۆش بە بەرخۆدانێک کە شایانی رێگاکە و میراتەکەی شەهید بێریتانە درێژەى هەیە. وەک گەریلای یەژەئا ستار، کاتێک ئێمە دێینە ئەم هەرێمە باشتر شەهید بێریتان دەناسین. میراتییەک کە شەهید بێرتیان بەجێێهێشتووە، جۆش و خرۆش دەخاتە نێو دڵی هەموو کەسێکەوە. خواکورک ئەو هەرێمەیە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی کراوە و روون هەست بەوە دەکات کە لەگەڵ بێریتاندا رێدەکات.

دوژمن ئێستا بە هەموو هێزی خۆی هێرش دەکات، بەڵام لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، ژنان بە ڕۆحی بێریتان شەڕ دەکەن. لەبەرئەوە دەوڵەت ناچارە کە تێک بچێت. ڕۆحی بەرخۆدان بە بێریتان دەستیپێکرد و بە ئاخینەکان بەردەوام بوو. ئەو ڕۆحی بەرخۆدانەش گەورە دەبێت و وەک میراتییەک بۆ هەموو ژنان جێدەمێنێت. هەموو هەڤاڵان لە ئێستادا، بە ڕۆحی بێریتانەکان لە سەنگەرەکانی جەنگدا، شەڕ دەکەن. لە خواکورکیش لە ئێستا بەدواوە شەڕێکی گەورە و بە ئیرادە دەکرێت، چونکە شەڕڤانانى بێریتان لە سەنگەرەکانی بەرخۆداندان لە خواکورک. ئێمە لە زەردەخەنەی سەر لێوی هەڤاڵانماندا، لە سەنگەرەکانی شەڕدا، جوانیی هەڤاڵ بێریتان دەبینین.

ئەنەفە: ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە وتەیەکیدا دەڵێت 'ئەو مرۆڤانەى شەڕ دەکەن، ئازاد دەبن. ئەو مرۆڤانەى ئازاد دەبن، جوان دەبن. ئەو مرۆڤانەى کە جوان و بێگەرد دەبن، خۆشەویستن'. وەک گەریلایەکی ژن، ئەو وتەیە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

گەریلا ڕۆزەرین شەمزینان: جوانییەک کە ڕێبەرەکەمان لەو وتەیەیدا ئاماژەی پێدەکات، جوانی فیزیکی و ڕوخسار نییە. کاتێک مرۆڤ لەلایەنی فیکرییەوە جوان دەبێت لە رووی فیزیکیشەوە جوان دەبێت. جوانیی لەلایەنی بیردۆزی و جەنگەوە، شەڕ سەرنجڕاکێش دەکات. جوانی ئازادییە و ئەوانەشی کە ئازاد دەبن، ناخیان جوان دەبێت. ئەو کەسانەی کە خاوەنی بیری ئازادن، جوان دەبن. لەبەر ئەوە وەک گەریلای یەژەئا ستار، ئێمە شەڕ دەکەین و ئازاد دەبین و بەوەش جوان دەبین.

شەڕ و ئازادی جوانیى ژنانە. ئەو ژنانەی کە بۆ ئازادی شەڕ دەکەن، هەمیشە خۆشەویستن. ئێستا ئیتر هەموو ژنانی کورد جوانی لە هەڤاڵ بێریتانەوە وەردەگرن. ئەو ژنانەی کە لە شاخاکاندا ئازاد دەبن، گەورەترین ترسی ناو دڵی دوژمنن. دوژمن بێ ئەوەی دەرس لە مێژوو وەربگرێت دیسانەوە دەستی بە هێرش بۆ سەر هەرێمی خواکورک کردەوە، بەڵام چوونە دەرەوە لە خواکورک، هێندە ئاسان نیە.

ئەنەفە: هۆکاری ئەوە چییە ژنان بە گشتیی و ژنانی گەنج بە تایبەتی، ڕوو لە چیاکان دەکەن؟

گەریلا ئارتژین نسێبین: کۆمەڵگا و شارستانی بە دەستی ژنان و گەنجان دروست بووە. ئەوانەشی کە کۆمەڵگا بە وزەی خۆیان بە ڕێوەدەبەن، گەنجان و ژنانن. لەبەرئەوە داوا و ویستی ئەوان بۆ ئازادی بەهێزترە. ژنان وەڵامی پرسیارەکانی خۆیان لەناو پەکەکە و لە چیا ئازاد و سەرکەشەکاندا دەبیننەوە. لەناو ڕیزەکانی یەژەئا ستار دا، ژنان وەڵامی پرسیارەکانیان دەدۆزنەوە. بە سووپابوونی ژنانیش یەکەمجار لەناو پەکەکە دا هاتە ئاراوە. یەژەئا ستار گەرەنتیی ئازادبوونی ژنانە. خۆی لە خۆیدا سروشتی ژن کە سنوور ناناسێت، نوێنەرایەتیى ئەم بیرۆکەیە دەکات. پەکەکە خاوەنی ڕۆحێکی گەنج و جوانە. دروشمی ئێمە بە ناوی 'ئێمە بە گەنجان دەستمان پێکرد و بە گەنجانیش سەردەکەوین'، بەم هۆیەوە دانراوە.

لەبەرئەوەی جەوهەری تەڤگەرەکەمان بەمشێوەیەیە، ئێمە بە گەنجان شەڕ دەکەین و بە گەنجانیش سەردەکەوین. خواکورک بە سروشتی خۆی شوێنێکی زۆر نزیکە لە ڕۆحی ژنانەوە. خواکورک بەمانای بەهەشت دێت، بەڵام واتایەکی تری خواکورک، هەرێمی ژنانە، واری ژنانە. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، جێگە و واری شەهید بێریتانە. کاتێک مرۆڤ سەرنجی خۆی دەخاتە سەر خواکورک، ژنانی بەهێز و بە جۆش و خرۆش و پڕ لە ورە دەبینێت. ژنان لەسەر ڕێبازی شەهید بێریتان دەبنە سوپا.

ر.م