شەڕڤانانی یەژەشە: کۆتایی بە قڕکردنی ژنان دەهێنین

شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە رایانگەیاند، لە دژی توندوتیژی و هێرشەکانی سەر ژنان، دەبێت لە سەرتاسەری جیهان ژنان خۆیان بەرێکخستن بکەن و وتیان:"بە خاوەنداریکردن لە ژنانی بندەست دەتوانین بە یەکەوە کۆتایی بە قڕکردنی ژنان بهێنین."

ئاخین ئینتیقام کە یەکێکە لە فەرماندەکانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە بە بۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ژنانی ئێزیدی کرد کە بە هۆی ئەو فەرمانانەی بەسەریاندا هاتوون، لەسەر تاسەری جیهان بڵاو بوونەتەوە.

ئاخین ئینتیقام فەرماندەی یەژەشە تیشکی خستە سەر ئەوەی ٨ی ئازار رۆژی خۆڕاگری مێژووییە و بووە بە سیمبولی خۆڕاگری و وتی:"واتای ٨ی ئازار بۆ ئێمە نابێت تەنها لە رۆژێکدا سنووردار بکرێت. چونکە تێکۆشان تەنها بە رۆژێک، مانگێک یان ساڵێک نییە. تێکۆشان قۆناغێکی بەردەوامە. ئەو ژنانەی لە لایەن دوژمنانی کوردستانەوە بە دیل گیراون، سات بە سات لە خۆڕاگریدان. ئێمەش بە هەمان شێوە لە ناوخۆ و لە دەرەوە لە دژی دوژمنان سات بە سات لە تێکۆشانداین و ئەم تێکۆشانەشمان بەردەوام دەبێت."

'لە ناوەندی ئەوروپا ژنێکی کورد لەگەڵ منداڵەکەی لە بەر چاوی جیهان دەکوژرێت'

ئینتیقام لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە دوایین فەرمانی سەر شەنگال کرد و وتی:"بەر لە ساڵی ٢٠١٤ کۆمەڵگای ئێزیدی راستیی رێبەر ئاپۆیان نەدەناسی. ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر پیرۆز نەدەکرا. بەڵام ئێستا ژنان ئەم خاکە پیرۆزە بەڕێوە دەبەن و خاوەن ئیرادەن. ناسینی رێبەر ئاپۆ و فەلسەفەکەی وایکرد کە ژنانی ئێزیدی خۆیان بە رێکخستن بکەن."

فەرماندەی یەژەشە ئینتیقام هاوکات تیشکی خستە سەر قڕکردنی ژنان و وتی:"لەو وڵاتانەی گوایا پێشکەوتوون، توندوتیژی، بچوککردنەوە و قڕکردنی ژنان بە زەقی تێیدا بەدی دەکریت. ئەو ژنانەی خۆیان بەرێکخستن ناکەن، بە بەردەوامی رووبەرووی بارودۆخێکی بەم شێوەیە دەبنەوە. لە بەر چاوی جیهان، لە ناوەندی ئەوروپا ژنێکی کورد لەگەڵ منداڵەکەی کوژرا کە ئەمەش بەردەوامی فەرمانەکانە. ژنانی جیهان بە خۆڕێکخستنکردن و خاوەنداریکردن لە ژنانی بندەست، دەتوانن بە یەکەوە قڕکردنی ژنان بوەستێنن."

'وەکو شەهید ساراکان خۆراگر و تێکۆشەر دەبین'

لە لایەکی ترەوە چیچەک چیا شەڕڤانی یەژەشە رایگەیاند، کاتێک بۆ جاری یەکەم بۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەری بیست، پێی سەیر بووە و وتی:"بەر لەوەی فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بناسین، ئاگاداری ئەوە نەبووین کە رۆژێکی بەم شیوە پیرۆ هەیە. بەڵام ئێمە لەمەولا وەکو شەهید ساراکان خۆراگر و تێکۆشەر دەبین و ئەم رۆژەش لەگەڵ ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین."

هاوکات هەبوون چیا کە ئەویش شەڕڤانیکی یەژەشەیە وتی:"بۆ ئەوەی چاوەڕوانییەکانی ٨ی ئازار و تێکۆشانمان بەدی بێت، خۆڕاگریمان بەهێزتر دەکەین. بە ناوی شەڕڤانانی پەبەشە و یەژەشە ئەو ئەرکە شۆڕشگێرییەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە جێبەجێی دەکەین. ژنانی شەنگال کە پێشتر خۆشیان نەدەناسی، ئەمڕۆ بەرێکخستن کراون. بەم ریکخستنە ئێدی رێگا بە فەرمانەکان نادەین و تا کۆتا دڵۆپی خوێنمان دەجەنگین و لە سەرتاسەری جیهانیش دەبین بە نموونە."

ز.ش