عوسمان: دەوڵەتى تورک بە پلانێکى فرە لایەنەوە هێرش دەکاتە سەر کورد

رۆژنامەنووس و نووسەر هیوا مەحمود عوسمان رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بە پلانێکى فرە لایەنەوە هێرش دەکاتە سەر کورد. راشیگەیاند، هەم رۆژئاوا و هەم باشوور لە ئامانجدان.

هیوا مەحمود عوسمان لە دەستپێکردنی شۆڕشەوە زۆر جار سەردانی رۆژئاوای کردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سەربازی و بەڕێوەبەرانی خۆبەڕێوەبەریی لە رۆژئاوادا چاوپێکەتنی ئەنجام داوە. دوای سەردانی چەند رۆژ لەوە پێشی بۆ رۆژئاوا باسی لە بینینەکانی خۆی و دۆخی ئابووری و ئاسایش کرد.

'نیگەرانی لە هێرش هەیە'

عوسمان وتی "لە رۆژئاوا دۆخی ئابووری باش نییە، چونکە شەڕێکى قورس لەوێ هەیە، بەڵام لە پاڵ باش نەبوونی دۆخی ئابووریدا دۆخی ئاسایش و ئەمنی زۆر باشە. گەل لە رۆژئاوا زۆر بە رێککەوتنی قەسەدە، پەیەدە و حیزبەکانى یەکێتیی نیشتمانیی ئەنەکەسە دڵخۆشن، بەڵام هێشتا دیار نییە چاوپێکەوتنە ئەنجامگیر و جدییەکان کەی دەستپێدەکەن".

عوسمان سەرنجی خستەسەر نیگەرانییەکان لە هێرشی چاوەڕوانکراوی تورکیا و رژێم و وتی "مەزەندە دەکرێت دۆخێکى چاوەڕوانکراو بە کشانەوەى تەواوەتیی ئەمریکا رووبدات. نیگەرانیی ئەوە هەیە کە بە کشانەوەی ئەمریکا، رووسیا و رژێم هێرشکردنە سەر هەرێمەکە. لەو رووەوە نیگەرانیی جدی هەیە. لەبارەى ئەو هەنگاوانەوە، کە دەبێت بنرێن هیشتا هیچ دیار نییە".

عوسمان رایگەیاند، لە رۆژئاوادا لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا زۆر هێزی تر هەیە، جێگیرکردنی ئەو هێزانە لە دواى داگیرکردنی سەرێکانی، رۆژئاوای پارچە کردووە. جێگیرکردنی ئەو هێزانەش بە رێککەوتنی دوو قوڵی و یان بە رێککەوتنی سێقۆڵی بووە.

'بەرێوەبەرانی قەسەدە سیاسەتی باش بەڕێوەدەبەن، بەڵام...'

عوسمان باسی ئەوەیکرد "هاوپەیمانیی نێوان ئەو هێزانەى ئێستا لە رۆژئاوادان و دوای داگیرکردنی سەرێکانی بوونەتە هۆی پارچەکردنی رۆژئاوا. لە شوێنێک هێزەکانى ئەمریکا هەیە، لە شوێنێک هێزەکانى رووسیا هەیە، لە شوێنێکی تر هێزەکانى پاسەوانی سنووری رژێم هەیە، ئەوانە بە رێککەوتنی دووقوڵی یان سێقۆڵی جێگیرکراون. یانی بە رێککەوتنی ئەمریکا و رووسیا، یان بە رێککەوتنی ئەمریکا و رووسیا و تورکیا جێگیرکراون. لە رێگەی ئەو رێککەوتنانەوە شوێنی هەر هێزێک دیاریکراوە. بەپێی ئەو رێککەوتنانە نابێت یەک هەنگاوی تر بچنە ناو خاکی رۆژئاوا.

بەڕێوەبەرایەتیی قەسەدە سیاسەتێکى تایبەب و باش بەڕێوەدەبەن، بەڵام بەپێی دۆخی نێوان ئەمریکا و روسیا و تورکیا و رژێم دەبێت سیاسەتی هاوسەنگی بە هەستیاریی گەورەوە بەڕێوەبچێت. تاوەکو ئێستا ئەوەیان کردووە، بەڵام دەبێت لە ئێستا بە دواوەش ئەوە بکەن و درێژەی پێ بدەن. بە ئاگاداری لەسەر پەیوەندییەکان و هاوسەنگیی نێوان ئەو هێزانە دەتوانرێت رۆژئاوا بپارێزرێت. لەلایەکى ترەوە هەوڵەکان بۆ پێکهاتنی یەکێتی بەشێوەیەکى باش بەڕێوەدەچێت. هەوڵەکان بۆ یەکێتی لە نێوان کوردان و پێکهاتەکانى تردا لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکى زۆر باش بەرێوەدەچێت. لە ئەنجامی ئەوانەشدا تێگەیشتنی پاراستن و بەڕێوەبردنی هاوبەش بۆ رۆژئاوا دەئافرێنرێت".

ژ.ت