عومەر ئۆجالان: ئه‌گه‌ر ده‌رگه‌ی ئیمڕاڵی دابخرێت گێژاوه‌كه‌ گەورەتر دەبێت

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هەدەپە) ڕایگه‌یاند، «ئەگەر بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵ بگێڕێت، ئارامی دێته‌ ئه‌م وه‌ڵاته‌. ئەگەر بەربەستیش لە بەردەم ده‌رگه‌ی ئیمڕاڵی دابنرێت ئه‌وا گێژاوه‌كه‌ گه‌وره‌تر دەبێت.»

ئەو دیدارانەی پێش هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ  لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩\١٢ی بانەمەڕ-ەوە دەستیان پێکرد، نزیکەی مانگێکە مۆڵه‌ت نادرێت ئه‌نجام بدرێن. عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا دوا و ڕایگه‌یاند، ئه‌و دیدارانه‌ی ئه‌نجام دران دوای بەرخۆدانی چالاکیی مانگرتن و ڕۆژووی مردن بەڕێوەچوون. لە ئەنجامی ئەو قوربانییانەی دران بۆ ئه‌وه‌ی بەڕێز ئۆجالان په‌یوه‌ندی لەگەڵ گەل و جەماوەردا بگرێت، چاوپێکەوتنەکان بەڕێوەچوون.

«ئۆجالان هەناسە دەداتەوە بەر تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست»

عومه‌ر ئۆجالان گوتی، «ئۆجالان هەناسە دەداتەوە بەر تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویسته‌ بەردەوام پەیوەندی لەگەڵیدا هەبێت. لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩\٢٨ی جۆزەردان-ەوە دەرگه‌کانی ئیمڕاڵی جارێکی دیکە داخرانەوە. ده‌بێ بۆچوونه‌كانی بەڕێز ئۆجالان بگەنە ڕای گشتی. بەڵام ئاکەپە – مەهەپە خاوه‌نی عەقڵیەتی هەڕەشە و لەناوبردنی دەستکەوته‌كانی کوردن. تێکۆشانی گەلی کورد تاڕاده‌یەک شكستی به‌مه‌ هێنا. بەڕێز ئۆجالان بەردەوام گوتوویه‌تی، [نابێت ئێوە بە من بڵێن لە حەوزی بەتاڵ مەلەوانی بکە]. بۆ ئەوەی هەناسەیەک بێتەوە بەر وڵات دەبێت ڕێگە لە بەردەم بەڕێز ئۆجالان بکرێتەوە.»

«وڵات بە دۆخێکی بنبەست گەیشتووە. لە تورکیا سیستم بە بنبەست گەیشتووە. ڕەوایەتی ئاکەپە و مەهەپە بووەتە بابەتی گفتوگۆ. بۆیە دەبێت هیچ کەسێک گۆشەگیریی قبووڵ نەکات. ئەگەر به‌ڕێز ئۆجالان ڕۆڵ بگێڕێت ئارامی دێته ئاراوه‌ و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرییەوە دەکرێت. شەڕێک هەیە سەد ساڵە بەردەوامە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا دەبێت چارەسەرییه‌ك بدۆزرێتەوە. ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بپچڕێنرێت، ئەگەر نەتوانێت ڕوانینەکانی بگەیەنێتە دەرەوە، ئەگەر بەربەست لە بەردەم دەرگه‌ی ئیمڕاڵی دابنرێت، ئەو کاتە گێژاو له‌ وڵات قورستر دەبێت.»

عومه‌ر ئۆجالان ڕایگه‌یاند، «ئۆجالان لە ئاستێكی وەهادایە کە دەتوانێت کۆتایی بە قەیران و گێژاوه‌كانی وڵات بهێنێت. دانوستانکاری سەرەکیی چارەسەریی دۆزی کوردە. دەبێت دەوڵەت ئەوە قبووڵ بکات. بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕیشسپی و سەرۆکی جاشەکان چارەسەری نایه‌ته‌ ئاراوه‌. ئەوان تەنیا دەتوانن ته‌واوكاری بۆ چارەسەریی بەڕێز ئۆجالان بکەن. لە چارەسەریدا ئەوان بەردەنگ نین. دەبێت دەوڵەت ڕاستیی ڕێبەرایەتیی بەڕێز ئۆجالان ببینێت. دەوڵەت ئەو ڕاستییه‌ی لە ساڵەکانی ٢٠١٣-٢٠١٥ قبووڵ کرد. عه‌قڵیه‌تی ئه‌و كاته‌ی دەوڵەت و کردەوەی ئێستای ده‌وڵه‌ت یەک ناگرنەوە. سیاسەتی دەوڵەت لە دژی بەڕێز ئۆجالان و لە دژی کورد بە کەڵکی ئەم وڵاتە نایەت.»

«ئاکەپە لە هەڵەدایه‌»

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا عومه‌ر ئۆجالان گوتی، «لە ساڵی ٢٠١٥ هەتا ساڵی ٢٠١٩ ئه‌م جوگرافیایه‌ زیانی پێگەیشت، شارەکان چۆڵ کران، هەزاران مرۆڤ کوژران. دوای ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندان، ئایا ئێوە چاوەڕوانی ئەوە بوون کە خەڵک لە هەڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ دەنگ به‌ ئێوه‌ بدات؟ ئاکەپە لەو بابه‌تەدا لە هەڵەدایە. تۆیەک بە هەموو ئامرازێكی گوشاری دەوڵەت لە دژی ئەو گەلە هەڵسوکەوت بکەی، تۆیەک گۆشەگیری بەسەر ڕێبەری ئەو گەلەدا بسەپێنیت و چەند ڕۆژێک پێش ٢٣ی حوزەیران/٢ی پووشپەڕ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆت دۆخەکە وەکو کەرەستەیەک بەکار بهێنیت. دواتریش بڵێی با گەلی کوردستان پشتگیریی ئاکەپە بکات. ئەوانە هەموو هەڵەن. گەلی کورد ئەو شتە قبووڵ ناکات. ئەگەر ئاکەپە و مەهەپە له‌پێناو مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات گەلی کورد وەکو کەرەستەیەک بەکار بهێنن، شكست دێنن. دەبێت بە دڵسۆزییه‌وه‌ لەو کێشەیە بڕوانن.»

«هێرشە داگیرکارییەکان پەیوەندییان بە گۆشەگیرییەوە هەیە»

عومه‌ر ئۆجالان سەرنجی خسته‌ سەر هێرشە داگیرکارییەکانی سه‌ر باشووری کوردستان و ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ کرد، کێشەی کورد بە سیاسەتی شەڕ چارەسەر نابێت. گوتیشی، «ئەو داگیرکارییەی لە باشووری کوردستان هەیە و ئەو شەڕەی کە له‌ئارادایه‌، په‌یوه‌ندی بە گۆشەگیریی ئیمڕاڵییه‌وه‌ هەیە. دەوڵەت پێیوایە ده‌توانێت بە سیاسەتێکی هەڵە ئەنجامێک بەدەست بهێنێت. ئازاره‌كان زیاتر ده‌بن و دوژمنایەتی نێوان گەلان قووڵتر دەبێتەوە. ئەوانەی پێیانوایە گەلی کورد لەبارەی بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی پاشەکشە دەکات، وەکو پێشتر ئێستاش خۆیان دەخەڵەتێنن.»

s.m