عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە تیمێکی میتی تورک لە زینی وەرتێ بەهاوکاریی هێزێکی فەرماندەیی هەڵگوردی پارتی، رووماڵی ئەو ناوچانە دەکەن کە گەریلای پەکەکەی لێ هەیە، ڤیدیۆیەکیش وەک بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی بڵاو کردووەتەوە. دەشڵێت: پارتی بۆ شەڕ دژی یەکێتیی و پەکەکە هاتووەتە زینی وەرتێ.
عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەی ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ-وە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و تیشکیشی خستەسەر هەماهەنگیی نێوان "پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای میتی تورک".
عەتا سەراوی دەڵێت، پارتی بۆ شەڕی دژ بە یەکێتی و پەکەکە چووەتە زینی وەرتێ. دەشڵێت: "ئەوان بڕیاری شەڕیان لە دژی ئێمە و پەکەکە دابوو، بەڵام ئێمە و پەکەکە ئەو بۆمبە چێندراوەی ئەوانمان هەڵوەشاندەوە، بە هەوڵی هاوسەرۆکانی ئێمە و برادەرانی پەکەکە نەمانهێشت ئەو پیلانەی کە پارتی و میتی تورک نەخشەیان بۆ داڕشتبوو سەربگرێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەشی وت: "فەرماندەی هێزی هەڵگوردی پارتی بەڕۆژ پێش تیمێکی میتی تورک دەکەوێت و ڕووماڵی ئەو ناوچانە دەکەن، کە گەریلاکانی پەکەکەی لێیە و بە شەویش فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی دەکات".
عەتا سەراوی بۆ بەڵگەى قسەکانى پارچەیەک ڤیدیۆی خستەڕوو، کە بەوتەی خۆی لە گوندێکی سنووری وەرتێ تۆمار کراوە. وتیشی، پارچە ڤیدیۆکە بۆ ڕۆژێک پێش بۆردوومانی زینی وەرتێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک لە ١٥ی ئەم مانگەدا دەگەڕێتەوە، ئەو دوو ئۆتۆمبێلە لاندکرۆزەرەش، کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون ئۆتۆمبێلی تیمەکەی میتی تورکن.
عەتا سەراویی لەبارەی ئەوەی، کە ئەو هێزە هاوبەشە سەرەتا بۆ زینی وەرتێ جوڵەی پێکرا بە بڕیاری وەزیری پێشمەرگە بووە، کە لە پشکی یەکێتییە وتی: وەزیری پێشمەرگە زیاد لە جارێک ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەوە داوە، کە بەهیچ شێوەیەک ناردنی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەوە نەبووە لەوێ بمێننەوە و بارەگا دابنێن.
ژ.ت