ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەی بۆردومان فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکیاوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:
"فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر رۆژی ٢٠ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ١٨:٠٠ بۆ ١٩:٠٠ ناوچەى شەهید هارون و دەورووبەری گوندی سلێ لە ناوچەی قەندیلى سەر بە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا-یان بۆردومانکرد.
فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە هەمان رۆژدا و لە کاتژمێر ١٨:٣٠ بۆ ١٩:٣٠ شاخی ئامێدی-یان لە ناوچەى ئامێدی لە پارێزگاى دهۆک بۆردومانکرد.
بەهۆی ئەو بۆردومانەوە زیان بەهێزی گەریلامان نەگەیشتووە، بەڵام بۆردومانەکانی دەورووبەری گوندی سلێ زیانی بە باخ و رەزی هاووڵاتییانی ئەو گوندە گەیاندووە".
ر.م