فڕۆکە جەنگیەکان تورکیا هەرێمی پاراستنی مەدیایان بۆردومان کردەوە

هەپەگە: فڕۆکە جەنگیەکان تورکیا هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردومان کردووەتەوە و بە هۆیەوە گەریلایەک شەهید بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پارستنی گەل- هەپەگە، لەسەر هێرشە ئاسمانیەکانی سپا داگیرکەرەکەی ڕژێمی تورکیا بڵاوکراوەیەکی داوە و تێیدا هاتووە:

"لە کاتژمێر ۱۰:۳۰ تا ۱۱:۰۰ پێشنیوەڕۆی ڕێککەوتی ۲۰ی شوباتی ۲۰۱۹، فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی تورکیای داگیرکەر، بۆردومانی گوندی فڵەهانی هەرێمی زێ-ی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و دەوروبەری گوندی مسلۆکێی سەر بە ناوچەی سیدەکانی باشوری کوردستان-یان کردووە. بەڵام لە بارەی زیانەکانی بۆردومانەکەوە زانیاری تەواو بەدەست نەخراوە".

"لە کاتژمێر ۱۹:۲۰ خولەکی ئێوارەی ۱۹ی شوباتی ۲۰۱۹ش، فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی تورکیا بۆردومانی مەیدانەکانی کارکەر و جیلۆی بچوکی سەر بە هەرێمی زێ-یان کردووە و بە هۆیەوە هەڤاڵێکی گەریلامان شەهید بووە.".

ناسنامەی گەریلا شەهیدەکە هەپەگە وەهایە: 
ناسراو بە: عەلی هەولێری
ناو و پاشناو: عەلی ئەڵچی
شوێنی لەدایکبوون: شرنەخ
ناوی دایک وباوک: شیرین/نورەدین
کات وشوێنی شەهیدبوون: ۱۹ی شوباتی ۲۰۱۹ زێ

"هەڤاڵمان عەلی ئەڵچی، ناسراو بە عەلی هەولێری، لە پێناوی دواڕۆژێکی گەش و شکۆدار بۆ گەلی کوردستان پەیوەستی ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادی و گەریلا ببوو. ئەو بە کەسایەتییە تێگەیشتوەکەی، بەکردەیی فیداکاری و خۆنەویست بوو و ببووە ورە و مۆرالیش بۆ هەڤاڵ و هاوڕێکانی و ئەوەش وای کردبوو ببێتە خۆشەویستی هەمووان. لە سەر بنەمای ئەڤینداری بۆ ئازادی، هەڤاڵمان هەمیشە هەوڵی دەدا تا زیاتر لە ئیدلۆژی پارتیمان قوڵتر ببێتەوە و لە ڕاستینەی ڕێبەر ئاپۆ تێبگات و قاڵ ببێتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا توانی بەزوویی خۆی پێبگەیەنێت و ببێتە هاوڕێیەکی شارەزا و لێهاتوو. ئێمەی هاوڕێیانی هەڤاڵ عەلی هەولێری، وێڕای سەرخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی وڵاتپارێزی کورد، بەڵێن دەدەین درێژە پێدەری ڕێبازەکەی بین و ئامانج و ئاواتەکەی بهێنینە دی، کە ئازادی ڕێبەرایەتی و کوردستانە".

 

هـ.هـ