فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای داگیرکەر دوو هاوڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان شەهید کرد

بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەی خواکورک دوو گەنجی خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەهید بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بەرزاییەکانی خواکورکیان بۆردوومان کردووە، لەئەنجامدا دوو گەنجی شاری شنۆ بەناوەکانی فاخر تازەوارد، تەمەن ٣٥ ساڵ و ڕەشید میرۆیی، تەمەن ٣٦ ساڵ شەهید بوون.

ئەو دوو گەنجە بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان چوونەتە ناوچەی خواکورک و بە پێی زانیاریەکان، بەهۆی سەختی ناوچەکەوە تا ئێستاش تەرمی ئەو دوو گەنجە لە کوێستانی خواکورکە و بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە تەرمەکانیان بگوازنەوە بۆ شاری شنۆ.

خواکورک ناوچەیەکی شاخاوی چڕە دەکەوێتە سێ گۆشەی نێوان سنووری رۆژهەڵات و باشور و باکوری کوردستان، لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوسنووری شاری شنۆیە و لە باشوری کوردستانیشەوە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی سیدەکان.