فەرماندە پاڵەوانەکەى بەرخودانی مێردین؛ زنارین بۆتان

فەرماندە زنارین وتی، بەڕاستی چەندین ساڵ بوو لە دڵەوە تامەزرۆی ئەوە بووم بڕۆم بۆ بۆتان. ئامانجیشم لە چوون بۆ بۆتان ئەوە بوو، کە بەشدارییەکی بەهێز لە قۆناغەکەدا بکەم، چونکە ئەرکی سەرشانمانە بەشدارییەکى سەرکەوتوانە لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا بکەین.

مێڕدین شاری راپەڕینی رۆڵەکانی ئومێد و هیوایە. پرشنگەکانى خۆر تاوەکو دڵسۆزانی ئەو شارە دێرینە پیرۆز نەکات، ئاوا نابێت. گوندەکانى ئەو شارە وەک بەرخودێریی دڵی دایکی نیشتمان لە هەموو لایەکەوە بوونەتە لانکی راپەڕیوان و بەشداری راپەڕین بوون. دڵسۆزانى رۆژ خۆیانی بۆ دەکەنە قەڵغان. مێردین لە دڵی باگۆکدا دەیانحەوێنێتەوە. مێردین بە سەربەرزییەوە باسی رێبوارانی رۆژ دەکات. ئەویش لە شەقامەکانى ئەو شارە پیرۆزە تاوەکو باگۆک، دەست بە نووسینەوەى بەسەرهاتی پاکڕەوانان و گیانبەختکردوانى دەکات.

گوندی ئۆمەریا ئۆغری لە کچێکی خۆی بەرەو چیاکان کرد

لە ساڵی ١٩٨٢دا یەکێک لەو کەسانە، کە دەستی بە نووسینەوەى بەرخودان کرد لە گوندی ئۆمەریاوە هەنگاوەکانى دەستپێکرد. ئەویش وەکو هەر رۆڵەیەکى کوردستان بە چیرۆک و داستانی قارەمانی لە چیادا گەورە دەبێت. بەوەش گەریلایی هەر لە لانکەی منداڵییەوە دەبێتە خەونیان. گوندی ئۆمەریا هەموو کات بە وڵاتپارێزییەکەیەوە سەربەرزە و کچێکى خۆی بەرەو چیاکان ئۆغر کرد. کۆمەڵگەیەک کە هەموو کات لە ناو زنار و گاشە بەردەکاندا کەرامەت و شکۆی خۆی پاراستووە و بووە بە بەشێک لە خۆی، کچانى ئەم گەلەش ناوی خۆیان دەکەنە زنارین. بەسەر هاتی زنارین بۆ هەموو منداڵانی مێردین و هەموو کوردستان بووە چیرۆکی ژنێک، کە لە بەرامبەر نەیاراندا سەری نەنەواند، بە دەم هەلهەلەەوە شەهید بوو.

'لە بە دیلکردنی سەرۆکایەتیدا گەنجانی کوردستان کۆمەڵ کۆمەڵ بەشداری ریزەکانى گەریلا بوون و منیش یەکێک لەوان بووم'

زنارین بۆتان (هاجەرە تانهان) لە ساڵی ١٩٩٩دا بەشداری ریزەکانى تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو. گەریلا زنارین لە سەرەتای گەریلایەتیدا لە بۆتان، حەفتانین و قەندیلدا بووە. دواى چەند ساڵێکی دوور و درێژی تێکۆشان و فەرماندەیی لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیادا دەچێتەوە مێردین و لەوێ دەست بە تێکۆشان دەکات.

 زنارین بۆتان ئامانجی بەشداربوون و واتای چیا و گەریلا بەمشێوەیە پێناسە دەکات: "بنەماڵەکەم بە گشتی وڵاتپارێزن لەبەر ئەوە من هەندێک رێکخستنم دەناسی. لە ساڵی ١٩٩٩دا بەشداری رێزەکانى حیزب بووم، دواى رفاندنی سەرۆکایەتیی هاتمە چیا. دیلکردنی سەرۆکایەتی و راپەڕین لە دژی ئەو دیلکردنە کاریگەرییەکى زۆری لەسەرم دروستکرد. گەل لە دژی پیلانگێڕی راپەڕین و سەرهەڵدانی گەورەیان رێکخست. منیش خواستم لە دژی ئەو پیلانگێڕییە ببمە وەڵامێک. بە بە دیلکردنی سەرۆکایەتی گەنجانی کوردستان کۆمەڵ بە کۆمەڵ بەشداری رێزەکانى گەریلا دەبوون، منیش یەکێک لەوان بووم.

چیاکانی کوردستان بۆ گەریلا شوێنێکى پیرۆزن. هەم شوێنى پەروەردەکردن و پاراستنن، هەم شوێنى شەڕن. تۆ بە پەروەردە خۆت لە چوارچێوەى فەلسەفەی رێبەرایەتیدا بونیات دەنێیت و بە تاکتیکەکانى گەریلاش تۆ ئەو پەروەردەیە جێبەجێ دەکەیت. بە تایبەتى چیا بۆ ژنان گرنگییەکى زۆر جیاواز و تایبەتى هەیە. سەرۆکایەتی هەموو کات دەیوت 'ژنێک بۆ ئەوەى خۆی بپارێزێت پێویستە لە چیادا خۆڕاگری بکات، ئەگەر هەموان لە چیاکان بڕۆنە خوارەوە پێویستە ژن لە چیاکان نەڕواتە خوارەوە'.

لە نا گەل دا جێگە و پێگەى گەریلا جیاوازە، چونکە ئەم گەلە لە کاتی هەموو هەوڵەکانى سڕینەوە و لە ناوبردندا روویان لە چیاکان کردووە و خۆیان پاراستووە. ئەمڕۆش ئەوانەى خاوەنداری لە چیاکان دەکەن گەریلاکانن. بێگومان لە بەرامبەر خاوەنداریکردن و خۆشەویستیی گەل بەرامبەر بە گەریلا ئەرکەکانى ئێمەش زیاتر و قورستر دەبن. ئامانجی منیش ئەوەیە، کە ببمە کەسێکى شیاو و شایانی گەل و گەریلا".

'چەندین ساڵ لە دڵەوە تامەزرۆ بووم بڕۆم بۆ بۆتان'

زنارین بۆتان بە ئامانجی وەڵامدانەوە لە دژی پیلانگێڕی رووی لە چیاکان کرد. لە چەندین چیای پیرۆزی کوردستاندا شەڕ و فەرماندەیی کرد. بەڵام تامەزرۆیی رۆیشتن بۆ بۆتان هەموو کات لە دڵیدا گەشتر و گەورەتر دەبوو و لە دوایدا بە ئامانجەکەى گەیشت و چووە بۆتان و دوا وێستگەشی مێردین بوو.

 فەرماندە زنارین لە رێگای رۆیشتن بۆ بۆتان هەستی خۆی بۆ رۆیشتن بۆ باکوور بەمشێوەیە باسکردووە: "ئێمە ئێستا لەسەر رێگای بۆتانداین. مانای بۆتان بۆ من زۆر جیاوازە و هەڵگری موراڵ و مەعنەویتە. ئەوێ زێدی هاوڕێیانمان چیچەک، ئەرداڵ و فەرماندە عەگیدە. بە راستیش چەندین ساڵە لە دڵەوە تامەزرۆی ئەوەم بڕۆم بۆ بۆتان. ئامانجی من لە رۆیشتن بۆ بۆتان بۆ بەشداریکردنێکى بەهێز لە قۆناغەکەدا دەگەڕێتەوە، چونکە ئەرکی سەرشانمانە بەشدارییەکى سەرکەوتوانە لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا بکەین، بۆیە هەم لە رووی سەربازی و هەم ژیان و هەمیش هەڵوێستی رێکخستنەوە بەشداربوون لە لوتکە و بەرزترین ئاستدا روو دەدات. ئێستا ژمارەیەکى زۆر لە هەڤاڵان دەیانەوێت بڕۆن بۆ گۆڕەپانی باکوور. لەو رووەوە هەست دەکەم چانسم زۆر بوو. بێگومان گەورەترین ئامانجی هەر گەریلایەک ئازادکردنی رێبەرایەتییە. لە ئازادکردنی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا و لە شۆڕشی کوردستاندا بۆتان خاوەنی راستییەکى گەورە و گرنگە. ئەمە ئەرکێکی سەرشانمانە ئەوەى لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین، تاوەکو ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین".  

شەڕێ شۆڕشگێڕیی گەل لە نسێبین بە پێشەنگایەتیى زنارین دەنگی دایەوە

زنارین بۆتان ساڵی ٢٠١٥ و کاتێک لە هەموو شوێنێکى کوردستاندا شەڕێ گەلی شۆڕشگێڕی بەڕێوەدەچوو، لە شارەکان و چیاکاندا شەڕێکى دژوار رووی دەدا و شەڕەکەش گەیشتە مێردین. بەرخودانى مێردین کە بۆ دوژمن بووە سەندرۆمێک (مۆتەکە و نەخۆشییەک) بە فەرماندەیی زنارین و سۆرۆیان بەڕێوەدەچوو. هاوڕێیان و هەڤاڵانی زنارین رۆڵی زنارین لە قۆناغی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا  بەمشێوەیە دەگێڕنەوە:

"لەو سەردەمەدا هەم لە چیا و هەم لە شاردا بەرخودانێکى گەورە هەبوو. گەریلاکانی ئەیالەتی مێردینش فیداکارییەکی گەورەیان لە خۆیان نیشان دەدا. هەڤاڵ زنارین یەکێک لە فەرماندەکانى ئەیالەتى مێردین بوو. لەو ساڵانەدا لە ئەیالەتەکەماندا لە باکوور سەرکەوتوترین ئەیالەت ئەیالەتى مێردین بوو. شەهید سۆرۆ، شەهید بۆتان حەکاری، شەهید مەدیا ماوا و شەهید زنارین بۆتان فەرماندەکانى ئەو ئەیالەتە بوون. بە ڕاستیش لەو کاتەدا گورزی زۆر قورس لە دوژمن درا. بەرخودانەکەى نسێبین لە هەموو شوێنێکدا دەنگێکى زۆری دایەوە. دوژمن سەرباری بەکارهێنانی هەموو تەکنیکە پێشکەوتووەکان لە بەرامبەر چالاکییەکانى هەڤاڵماندا بێچارە بوو و تەنانەت فڕۆکەشی بکارهێنا. ئەو بەرخودانە بە پێشەنگایەتیى زنارین و هەڤاڵەکانى ئەنجامدرا. هەم فەرماندە بوو و هەمیش لە هەموو رووەکانی کردارییەوە خۆی لەسەر هەموو لایەنەکانى ئەو بەرخودانە رادەوەستا. لەبەر ئەوە دوژمن ئەو فەرماندانەى کە خاوەن کردەی سەرکەوتوانە بوون و گورزریان لێدابوو، بە شێوەیەکى تایبەت کردنیە ئامانج و ئۆپراسیۆنی زۆر زۆریان کردە سەریان، بەڵام هەڤاڵ زنارین لەو هەلومەرجەی زستانی مێردیندا، رۆژێکیش رانەوەستا و هەموو کات لە دەرەوە بوو. ئەو هەڵوێست و لێهاتووییەی هەڤاڵ زنارین بووە هۆی ئەوە، کە بەرخودانی نسێبین بگاتە ئەو ئاستە".

دوایین وتەى زنارین بۆتان: ناپیاو، من چۆن خۆم رادەستی تۆ دەکەم؟

فەرماندە زنارین، کە بە چالاکییەکانیدا دەناسرێتەوە و لە کاتى شەهادەتیشیدا بەو هەڵوێستە بەرزییەوە ئامادە نەبوو سازش بکات. لە ١١ی شوبات بۆ ١ی ئادار دەوڵەتى فاشیستی تورک لە مێردین بۆ ئەوەى فەرماندەکانى سەرفیرازیی مێردین بکاتە ئامانج، دەستی ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن کرد.

فەرماندە زنارین لەگەڵ هەڤاڵ سۆرۆ (ساڵح کاپلان) تاوەکو دا دڵۆپی خوێنی خۆیان بەرەنگاری و خۆڕاگرییان کرد. فەرماندە زنارین لە بەرامبەر بانگەوازی دوژمندا بەسەریاندا دەخوڕێنێت و دەڵێت: 'ناپیاو، ئەوە ٢٥ ساڵە من لە ناو ئەم رێکخستنەدام، من چۆن خۆم رادەستی تۆ دەکەم'. بەو دوا وتەیەی ئەو وەڵامەی بە دوژمن دایەوە و رێگاشی نەدا دوژمن شەهیدی بکات. دوا گولـلەی خۆی دەتەقێنێت و هەڤاڵ زینارین بەو هەڵوێستە شکۆمەندانەیەی هەرگیز سەری خۆی نەنەواند و بۆ هەموو کوردستان بووە رەمز و سیمبولی ژنی بەرخودێر.

ژ.ت