فەرماندە گارزان: هەموو کات هەرەکۆڵ دەبێتە گۆڕستانی دوژمنان

فەرماندە عەگید هەرەکۆڵ لەبارەى هێرشەکان بۆ سەر شاخی هەرەکۆڵ لە باکووری کوردستان رایگەیاند "دووژمن تەنها چووە سەر چەند گردێک و لەوێ گەمارۆدراوە. هەرەکۆڵ هەموو کات بۆ دوژمنان دەبێتە گۆڕستان".

بەرخۆدانى گەریلا لە دژی هێرشە قورسەکانى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر بەردەوامە. عەگید گارزان فەرماندەى هەرەکۆڵ لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر بۆ سەر هەرەکۆڵ وتى "سوپاى تورکیا لە بەرامبەر بەرخۆدانى گەریلادا زۆر تەنگاو بووە. سەربازانى تورکیا لە رووی دەروونییەوە تێکچوون. کاتێک لە شەودا بەردێک دەبینن لە ترسی گەریلا سەدان فیشەک بە بەردەکە و دەورووبەری بەردەکەوە دەنێن".

فەرماندە گارزان لەبارەى شەڕی سەربازانى تورکیا و گەریلا لە هەرەکۆڵ وتیشی "دوژمن بۆ پڕوپاگەندە دەڵێت 'چووینەتە فڵان شوێن و فلان شوێنمان کۆنترۆل کردووە' ، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمەکەماندا ئۆپەراسیۆنێکى لەو جۆرە بوونی نییە. دەوڵەتى تورک وەک پیشەى هەمیشەیى شەڕی تایبەت ئەنجام دەدات. دوژمن لە ٢٥ی تەمووزدا لە دەورووبەری چەمی کارێ دەستی بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن کرد. هەر لەو رۆژەدا هەڤاڵان گورزێکى قورسیان لە دوژمن دا و ٣ سەربازییان لێکوژرا".

فەرماندە گارزان ئەوەشى وت "لە ٢٦ی تەمووزەوە هێرش بۆ سەر هەرەکۆڵ زیادیکردووە. دوژمن ناوچەکانى کولدن، شەهید سۆرخوین و شەهید جان خورت-ی کۆنترۆلکرد. کە هەمووی چەند گردێکن، بەڵام دوژمن دەڵێت 'ئێمە هەموو هەرەکۆڵمان کۆنترۆڵ کرد' ئەو قسەیە ئەساسی نییە. دوژمن دەیەوێت لە رێگەى ئەو درۆیانەوە شەڕی دەروونی و تایبەت بەڕێوەببات. درۆکانى دوژمن لەبارەى هەرێمەکانى پاراستنى مەدیاوە پووچ و بێ بنەمان. هەرچی دەکات ناتوانێت راستییەکان بشارێتەوە. ئەوەى باسی دەکەن، تەنها ئەوەیە سەربازەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد و لەلایەن گەریلاوە گورزی قورسیان لێدرا".

فەرماندە گارزان راشیگەیاند "کاتێک سوپاى تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد لەلایەن گەریلاوە گورزی قورس و گەورەیان لێدرا. بە گشتی لەو ماوەیەدا ٤٠ سەربازی دوژمن کوژران. دوژمن دەیەوێت شکستەکەى خۆی لە هەرەکۆڵ بشارێتەوە بۆ ئەوەش باسی ژمارەى کوژراەکانى خۆی ناکات. ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بینیمان کە دەوڵەتى تورک ناتوانێت لە دژی گەریلا شەڕ بکات. سەربازەکانیان لە سنووری داڕمان و لەناوچوندان. تەنها پشتیان بە تەکنەلۆژیاى سەربازی و فڕۆکە جەنگییەکان قایمە. بەبێ فڕۆکەى بێفڕۆکەوان ناتوانن بخەون و هەڵسن و بجوڵێنەوە. لە رووی دەروونییەوە لە بەرامبەر چالاکیى گەریلادا تێکچوون. لەو گردەدا کە خۆیان تیادا جێگیر کردووە ناتوانن ١٠٠ مەتر ئەملاو و ئەلابکەن. لەسەر گردەکاندا چەقیون، چونکە لەلایەن گەریلاوە دەکرێنە ئامانج و لە گەمارۆی ئێمەدان".

'دوژمن ناتوانێت بە ئاسوودەیى لەسەر چیایەکى کوردستان بمێنێتەوە'

عەگید گارزان ئاماژەى بە کاریگەریى گەریلا لەسەر سەربازانى تورکیا کرد و لەبارەیەوە رایگەیاند "ماوەی ٣٥ ساڵە لە تێکۆشانى چەکداریداین. لێدوان و راگەیاندراوەکانى دوژمن چاودێری دەکەین. دەڵێن 'هەرەکۆڵ بۆ ئێمە شوێنێکى ستراتیژییە' چەندین ساڵە ئەو قسانە دەکەن و هەر بەو شێوازە دەجوڵێنەوە و قسە دەکەن. هەر چیایەکى کوردستان بۆ گەریلا شوێنێکى ستراتیژییە و دوژمنیش ئەوە بە باشی دەزانێت. دوژمن دەیەوێت بە پڕوپاگەندە درێژە بەو شەڕە بدات، بەڵام ناتوانێت بێتە ناو هەرەکۆڵ. تەنها خۆیان گەیاندووەتە سەر چەند گردێک لە نزیکی هەرەکۆڵ دا و لەوێدا چەقیون. هەم بەهۆی دژواری و سەختى هەرەکۆڵەوە هەم بەهۆی چالاکیى گەریلاوە دوژمن ناتوانێت بچێتە ناو هەرەکۆڵ".

فەرماندە گارزان ئەوەشى راگەیاند "سوپاى تورکیا نزیکەى مانگێگە لەسەر چەند گرد دایە و لەو ماوەیەدا ٤٠ سەربازیان لێ کوژراوە. هەڤاڵان لە گردی شەهید بەرخۆدان چالاکییەکان ئەنجامدا و سەربازەکانى ئەو گردە رایانکرد. ئیتر دوژمن  دەستبەرداری ئەو گردە بوو و سەربازەکانى برد بۆ شوێنێکى تر. دوژمن بەهۆی چالاکیی گەریلاوە ناتوانێت بە ئاسوودەیى لە چیاکانى کوردستاندا بمێنێتەوە. دوژمن بە زۆری لە نزیک شارەکان و دامێنەکاندایە. دوژمن لە ترسا لە ناوچەکانى خوارەوە دەمێنێتەوە و ناتوانێت بچێتە ناو هەرەکۆڵ".

'دەوڵەتى تورک راستییەکان بۆ رای گشتى دەشێوێنێت'

فەرماندە عەگید هەرەکۆڵ لەبارەى پڕوپاگەندەکانى دەوڵەتى تورکیا لە میدیاکان و دەزگاکانى راگەیاندنیەوە وتى "بەپێى هەواڵی میدیاکانى تورک و راگەیاندراوەکانى دوژمن بێت، نەک تەنها هەرەکۆڵ، بەڵکو زۆربەى چیاکانى کوردستانیان کۆنترۆڵ کردووە. بەپێی ئەو درۆیانە گەریلا زۆر تەنگاو بووە، بەڵام گەریلا بە چالاکییە بەردەوامەکانى وەڵامى ئەو پڕوپاگەندە و درۆیانەیان دەداتەوە. گەریلا ئێستا لە هەموو چیاکانى کوردستاندا گورزی قورس لە دوژمن دەدەن، بەڵام دەوڵەتى تورک ئەو راستییە لە رای گشتى دەشارێتەوە".

فەرماندەى هەرەکۆڵ عەگید گارزان راشیگەیاند، بە ئۆپەراسیۆنى دوژمن بۆ سەر هەرەکۆڵ بە باشی ئەوە دەرکەوت، کە دوژمن ناتوانێت چیاکانى کوردستان کۆنترۆڵ بکات.

لە کۆتایى قسەکانیشدا وتى "هەرەکۆڵ لەو ئۆپەراسیۆنەدا بۆیان دەبێتە گۆڕستان. گەریلاکانى ئازادی لە دژی هێرشەکانى دوژمن بە بەردەوامی خۆیان دەپارێزن. هەموو کات هەرەکۆڵ بۆ دوژمن دەبێتە گۆڕستان".

ر.م