فەرماندەی هەپەگە: گەریلا گەلی برادۆست دەپارێزێت

فەرمانداری هەپەگە-ی هەرێمی خواکوڕک باگەر ئەردال رایگەیاند "گەریلا لە هەرکاتێکی دیکە باشتر ئامادەن گەلی باشووری کوردستان بپارێزن" ئەرداڵ جەختی کردەوە کە گەریلا بە شارەزایی خۆیان تکنیکی هەرە پێشکەوتووی سوپای دەوڵەتی تورکیای توشی شکەست کردووە.

یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە لە هەرێم-ی خواکوڕک بە ناوی باگەر ئەرداڵ دواین دۆخی جەنگ و هەڵمەتی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز و چالاکی گەریلاکانی هەرێمی برادۆستی بۆ ئاژانسەکەمان نرخاند.

' داگیرکاریی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا درێژەی هەیە'

باگەر ئەرداڵ دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورکیا بەمەبەستی داگیرکردنی باشووری کوردستان بە گشتیی و هەرێمی برادۆست بە تایبەتیی هێرش دەکات و رایگەیاند "لەئاکامی هەندێک رێککەوتندا رێگە بۆ سوپا دەوڵەتی تورکیا کراوەتەوە کە دەربازی باشوور ببێت و خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش لەو مەبەستەی دەولەتی تورکیا ئاگادارن"

باگەر روونیکردەوە "ئەگەر رێککەوتن و دیدار ئەنجام نەدرابایە، ئەو هێرش و داگیرکارییەش دروست نەدەبوو، ئەوان دەڵێن کە دەیانەوێت پەکەکە لەناوبەرن، بەڵام با گەلی ئێمە باش بزانن کە پەکەکە بەهانەیە و دەوڵەتی تورکیا بەو بیانووە دەیەوێت تەواوی باشووری کوردستان داگیر بکات، تەنانەت دەیانەێت سنووری میساقی میللی دەرباز بکەن و مەودایەکی زۆر لە خاکی کوردستان داگیر بکەن، گرنگە بزانرێت کە پلانی زۆر خراپ لە ئارادایە"

'بۆئەوەی بەر بەو داگیرکارییە بگرین، دەستمان بە هەڵمەت کردووە'

فەرماندە باگەر ئەرداڵ سەرنجی راکێشایە سەر هەڵمەتی هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی برادۆست و رایگەیاند "سەرەتا لە گەلی رەش هێرشی داگیرکاریی دەستیپێکرد، دژ بەو هیرشانە و لەژێر فەرمانداریی هەڤاڵ ئاگری مەزڵوم پیردۆغان "مالازگیرت"دا بەرخۆدانێکی بەهێز دەستیپێکرد. هەڤال ئاگری لەبەرامبەر هەر جۆرە داگیرکارییەک، بۆ پاراستنی خاکی وڵات گیانی خۆی فیدا کرد، زەحمەتێکی زۆری کێشا بۆ پاراستنی هەرێمی برادۆست لە داگیرکاریی، بۆ ئەو مەبەستە ئێمەش هەڵمەتی ئێستای خۆمان دژ بە داگیرکاریی و بۆ پاراستنی خاكی باشووری کوردستان بە ناوی شەهیدان ئاگری و پیرۆزەوە ناولێناوە و لە ٢٧ی نیسان/٧ی گوڵان دەستمان بە هەڵمەتەکەمان کرد".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، فەرماندار باگەر جەختی کردەوە کە هەلمەتەکەیان بەردەوام دەبێت تا یەک بنکە و بارەگای سوپای تورکیا لە خاکی باشووری کوردستاندا بمێنێت و رایگەیاند "سەرەڕای هەموو ئاستەنگیی و زەحمەتەکانیشەوە، بە هەڵمەتی قارەمانانەی خۆمان تێدەکۆشین و ناهێڵێن ئاوا بە ئاسانی سوپای تورکیا لەناو خاکی باشووری کوردستاندا بمێننەوە"

باگەر وتیشی کە هەڵمەتەکەیان بە چالاکی ٢٧ی نیسانەوە لە لێلیکانەوە ناوەستێت و بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکەیان.

 

'لەچالاکیەکانماندا رۆحی بەرخۆدانی هەڤاڵ ئاگری هەیە'

دەربارەی ورەی گەریلا و چالاکیەکەی گردی لێلیکان، فەرماندار باگەر رونیکردەوە "لە تەواوی چالاکیەکانی ئەم دواییەماندا توانیمان ئەنجامی باش وەدەست بخەین، ئەوەش بەوە هاتە ئاراوە کە رۆحی بەرخۆدانی هەڤاڵ ئاگری ئامادەیی هەیە. هەڤاڵ ئاگری هیوا و ویستی هەبوو، هەڤاڵ ئاگری بە راستیی گیانی خۆی فیدا کرد.

چالاکی ئەم دواییەی ئێمەش بەهەمان راستیی فیداکارییانە بوو، هەڤاڵانی ئێمەش بەهەمان رۆحیەتەوە چالاکیەکەیان ئەنجامدا، هەڤاڵ سەردەم لەو چالاکیەدا شەهید بوو، ئەو بوو بە نموونەی دووەمی هەڤاڵ ئاگری، چونکە هەتا دوا سات بۆ سەرکەوتن شەری کرد و شەهید بوو، پیر پێداگیریی دەکرد کە دەبێت لە بەرەکانی پێشەوە بجەنگێت و هێرش بکات.

چالاکی گردی لێلیکان سەرەڕای کەموکورتیەکانیشی، چالاکیەکی سەرکەوتوو بوو، چالاکیەکە بوو بەهۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی سوپای تورکیا، بەشێوەیەک شڵەژابوون کە دەوروبەری خۆیانیان تۆپباران دەکرد، فرۆکەی سیخوڕی و فرۆکەی جەنگیی سوپای تورکیاش بە ئاسمانی هەرێمەکەوە کەشفیان دەکرد و تۆپبارانی هەرێمەکەیان دەکرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان وەدەست نەکەوت، ئەوەش لەئاکامی ئەوەوە دێت کە گەریلا بە شارەزایی چالاکیەکەیان ئەنجام دا، فرۆکەی سیزوڕی و جەنگیی سوپای تورکیش بۆئەوە بوو کە ورە ب سوپای تورکیا بدات، بەڵام هێزەکانی گەریلا ورەی سوپای داگیرکەریان بەتەواویی روخاند".

'ئارامیان لێ تاڵ دەکەین'

فەرمانداری هەرێم-ی خواکوڕک ئەرداڵ باگەر لەبەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر چالاکیەکانیان کە نە یەکەم چالاکی و نە دواین چالاکیش دەبێت و رایگەیاند "بە شێوازی جۆربەجۆر بەردەوامیی بە چالاکیەکانمان دەدەین و لە ئێستەش بە دواوە بە رۆحی بەرخۆدانی شەهید ئاگری چالاکیەکانمان بەردەوام دەبێت. ئێمە هیچ کاتێک هەبوونی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان بە ڕەوا نابینین، بۆیە دەبێت ئارامیان لێ تێک بدەین و ناهێڵین تەنانەت یەک خولەکیش دوژمن بە ئارامی بحەسێتەوە، ئاست و ورەی گەریلاکانیشمان لەو ئاستەدایە کە بتوانن بەرخۆدانێکی لەو شێوەیە بەرێوەبەرن".

'پاش چالاکی گەریلا، فەرماندەی گردی لێلیکان سوپای تورکیا لەسەر کار دەرکرا'

فەرماندار باگەر رایگەیاند "سوپای تورکیا ژمارەیەکی زۆر کوژراو برینداریان دا و رونیکردەوە "لە گردی لێلیکان و کەڤۆرتێ ژمارەیەکی زۆر کوژراوی سوپای تورکیا هەن کە بەزەحمەتیەکی زۆر لاشەی کوژراوەکانیان بۆ هەڵدەگیرێتەوە، هەروەها ئاسانیش نیە بە خێرایی جێگەی کوژراوەکانیان پڕبکەنەوە، لەبەرامبەریشدا سوپای دەوڵەتی تورکیا دوای چالاکیەکە، هەرێمەکە زۆر بە چڕیی بۆمباران دەکات، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان وەدەست نەکەوتووە، ئەوەش نیشانی دەدات کە دوژمن تەنگەتاو بووە. ئەگەرچی هێزی دوژمن تەکنیکی هەرەپێشکەوتووی جەنگی هەیە و بەکاریان دێنێت بەڵام گەریلا بە شارەزایی خۆی تەواوی ئەو تەکنیکە پێشەکوتوانە تێک دەشكێنێت، بەش بەحاڵی خۆی هێزی پیادە لەو هەرێمانە بە ئاسانی ناتوانن جێگیر ببن بۆیە پشت بە تەکنیکی پێشکەوتووی جەنگ دەبەستن، بەڵام کاتێک دەبینن گەریلا بە پسپۆڕی خۆی دەتوانێت تەواوی هێزی تەکنیکی پێشکەوتوویان تێک بشکێنێت و لەناو بەرێت، ئیتر ناتوانن یەک هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، بۆئەوەیە کە هێزی خۆیان زوو زوو دەگۆڕن". باگەر ئاشکراشیکرد کە پاش چالاکیەکەی گەریلا، فەرماندەی گردی لێلیکان سوپای تورکیا لەسەر کار دەرکراوە.

'دەیانەوێت گەل لەئێمە دووربخەنەوە'

لە کۆتایی وتەکانیدا، فەرماندار باگەر ئەرداڵ رایگەیاند "ئێمە وەک گەریلا هەمیشە لەگەڵ گەلی برادۆستین و پێویستە خەڵکی هەرێمەکەش باوەڕ بە پڕوپاگەندەی دوژمن نەکەن کە پەکەکەیان کردووە بە بیانووی هێرش و داگیرکاریەکانیان. هێزەکانی دوژمن فشاریان بۆ دانیشتوانی گوندەکان هێناوە کە واری خۆیان بەجێبهێڵن و دەستبەرداری خاک ببن، بەڵام دەبێت بزانرێت کە برادۆست شوێنێکی دێرینی مێژووییە و گەلی ئێمە بە هەزاران ساڵ لەسەر ئەو خاکە ژیاوە، پێویستە گەل دەستبەرداری خاکی خۆی نەبێت، ئامانجی دوژمن ئەوەیە کە تەواوی خاکی کوردستان داگیر بکەن، با خەڵکی برادۆست لەوە پشتڕاست بێت کە ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوان دەمێنینەوە و دەیانپارێزین، با ئەوەش ئاشکرا بێت کە پاش ئەو چالاکیەی ئەم دواییەمان، گەلەکەمان ورەیەکی بەرزیان پەیداکردووە"

هەروەها پاش ئەو چالاکیە سوپای داگیرکەر فشار لە گەل دەکات کە پشتگیریی پەکەکە نەکەن، تەنانەت زۆرجار هەڕەشەی ئەوەیان لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە کردووە کە ماڵەکانیان بۆمباران دەکەن، دەیانەوێت بە زۆری زۆرداریی خەڵکی برادۆست ناچار بکەن کە هەندێک هەڵوێستی بی مانایان هەبێت، دەیانەوێت گەل بترسێنن و لە ئێمەیان دووربخەنەوە.

فەرماندار باگەر جەختی کردەوە کە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد، هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی برادۆست، بێ دوودڵی ئەنجامی دەدەن.