فەرماندەی یەژا ستار: وڵامی ئێمە مسۆگەرکردنی شۆڕشی کوردستان دەبێت

شارەزا خەڵات، یەکێک لە فەرماندەکانی یەژا ستار ڕایگەیاند، ڕەنجی دیارغەریب بە فیڕۆ ناچێت و وتی: "تۆڵەی هەڤاڵ هەڵمەت دەکەینەوە. وڵامی هەرە بچوکمان مسۆگەرکردنی شۆڕشی کوردستان دەبێت".

شارەزا خەڵات، فەرماندەی یەژا ستار بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەیکرد. خەڵات ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک نەک تەنیا لە باشوور، لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە حاڵەتی داگیرکاریی دایە و وتی: "سەرۆک کۆماری تورکیا تەیب ئەردۆغان و گروپە چەتەکانی ئەوە باش دەزانن کە تاکە ئاستەنگی هەرە گەورەی بەردەم داگیرکردنی کوردستان، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستارن".

خەڵات ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات هەبوونی هێزەکانی گەریلا لە باشوور بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکارییەکانی نیشان بدات، بەڵام ئەوەش خۆی نیشان دەدات کە تاکە هێزی ئاستەنگ لەبەردەم داگیرکاریی ئەواندا گەریلایە.

فەرماندە خەڵات وتیشی: "گەریلا بووەتە دێوەزمەی فاشیزمی ئەردۆغان – باخچەلی. ئەرۆغان بەهۆی چالاکییەکان گەریلاکانی هەپەگە – یەژاستار خەوی لێ شێواوە".

'هەڤاڵ هەڵمەت نوێنەرایەتی دامەزراوەکەی دەکرد'

لەبارەی شەهیدکردنی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە دیار غەریب 'هەڵمەت'ەوە خەڵات وتی: "شەهیدکردنی هەڤاڵ هەڵمەت شەهیدبوونێکی هێدە ئاسان نییە قەبوڵی بکەین. ئێمە باسی کەسایەتییەک دەکەین کە نوێنەرایەتی پێوەرەکانی ملیتانی و شۆڕشگێڕی لە هێڵی هەرە ڕاستدا دەکرد، هاوکات بۆ ئەفراندنی یەکێتی دیموکراتیک هەڵوێستێکی گرنگی شۆڕشگێڕیی نیشان دەدا و لەو چوارچێوەیەدا کاری دەکرد. هەڤاڵ هەڵمەت نوێنەرایەتی هێڵەکەی دەکرد، تەنیا کەسایەتییەک نەبوو، نوێنەرایەتی دامەزراوەیەکی دەکرد".

خەڵات ئاماژەی بەوەش کرد کە پەکەکە هەمیشە تۆڵەی هاوڕێیەکانی خۆی دەکاتەوە، ڕەنجی هەڤاڵ هەڵمەتیش بە فیڕۆناچێت.

خەڵات باسی لەوەش کرد کە گەورەیی ئازارەکەیان، دەبێتە گەورەیی تۆڵەکەیان.

'گەل هەستی بە پێویستی بە بونیادنانی هێزی خۆپاراستن کرد'

خەڵات ڕایگەیاند، گەریلا لەدژی داگیرکاریی هەوڵ دەدات ئەرکی پاراستنی گەلی کورد و کوردستان بەهێزەوە جێبەجێ بکات و وتی: "گەریلا بە چالاکییەکانی خۆی نیشان دەدات کە لە دژی داگیرکاریی بێدەنگ نییە. هەڵوێستی گەریلا ئاشکرایە. هەروەها ئامادەکاریی گەورەمان بۆ داهاتوو هەیە".

خەڵات ئاماژەی بەوەش دا کە گەریلا هێزی پاراستنی گەلە و وتی: "بەڵام پێویست بەوەش دەکات کە گەلەکەمان لە هەموو پارچەکان خۆیان بپارێزن. لەم چوارچێوەیەشدا دروستبوونی هێزی خۆپاراستنی گەلی باشووری کوردستان هەوڵدانێکی ڕاستە. گەل پێویستی بەوە دیت کە هێزی خۆپاراستن دروست بکات. دەبێت حزبە بنەماڵەییەکانی باشوور هەموویان ئەوە بزانن، چونکە خەڵک دەبینێت هێزی ئەوان نایانپارێزێت".

خەڵات ڕاشیگەیاند کە ژنانی باشووری کوردستانیش دەبێت گوێ بدەنە پەرنسیپەکانی ئۆجالان کە دەڵێت 'شۆڕشی باشوور دەبێت ببێتە شۆڕشی ژن' بەو تێگەیشتنەوە ڕووبەڕووی داگیرکەر ببنەوە.

فەرماندەی یەژا ستار خەڵات وتیشی، "لەبەرانبەر ڕای گشتی دەمەوێت جارێکی دیکە بڵێم؛ تۆڵەی هەڤاڵ هەڵمەت تۆڵەیەکی گەورە دەبێت. وەڵامی هەرە بچوکمان جێبەجێکردنی شۆڕشی کوردستان دەبێت".

ک-ش