مسته‌فا قه‌ره‌سوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان - كه‌جه‌كه به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شه‌هیدبوونی ده‌نیز گه‌زمیش، حوسه‌ین ئینان و یووسف ئاسلان كه ٦ی ئایاری ١٩٧٢ له توركیا له‌سێداره‌دران، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات دوا. قه‌ره‌سوو گوتی: ده‌نیزه‌كان له‌پێناو مێژوو و لاوانی توركیا ڕێیان له به‌رده‌م سه‌رده‌مێكی نوێ كرده‌وه.
قه‌ره‌سوو له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا به ڕێزداری و منه‌تبارییه‌وه یادی ئه‌و ٣ تێكۆشه‌ره توركه‌ی كرده‌وه كه ٤٦ ساڵ به‌ر له ئێستا له‌سێداره‌دران. له‌و باره‌یه‌وه ده‌ستنیشانی كرد كه تێكۆشانی دیموكراتیی له توركیا و تێكۆشانی ئازادیی گه‌لی كورد كه ٤٠-٤٥ ساڵه به‌رده‌وامه، درێژه‌پێده‌ری نه‌ریتی تێكۆشانی ده‌نیزه‌كان، ماهیره‌كان و ئیبراهیمه‌كانه.
قه‌ره‌سوو هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه جێگه‌ی ئه‌و شۆڕشگێڕانه له تێكۆشانی ئازادیی كوردستاندا زۆر گه‌وره‌یه.
«كاتێك ئه‌وانیان به‌ره‌و سێداره ده‌برد، ڕێبه‌ر ئاپۆ له به‌ندیخانه‌ی ماماكێ بوو. ئه‌وانیان برده به‌ندیخانه‌ی ماماكێ و له‌وێ له‌سێداره‌یان دان. ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌سێداره‌دانی ده‌نیزه‌كانی له به‌ندیخانه‌ی ماماكێ له‌بیر نه‌كرد و به‌ڵێنی پێدان. به‌ڵێنی دا كه هه‌سته‌كانی ئه‌وان، بۆچوون، حه‌سره‌ت و تێكۆشانی شۆڕشگێڕیی ئه‌وان به‌دیبێنێت. ڕێبه‌ر ئاپۆ هه‌ر كه له به‌ندیخانه هاته ده‌ره‌وه، ده‌ستی به جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كه‌ی كرد و زیاتر قورسایی خسته سه‌ر تێكۆشان. سه‌ره‌تا له پێشخستنی تێكۆشانی لاوانی شۆڕشگێڕی توركیا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕا و پاشانیش تێكۆشانی ئازادیی گه‌لی كوردی ئافراند.
له ئافراندنی تێكۆشانی ئازادیی گه‌لی كورد-دا، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه به ئه‌وان درابوو، شوێنێكی گرینگی هه‌یه. هه‌ر به‌ڕاستیش هه‌ڵوێستی میلیتانانه‌ی ئه‌وان كاریگه‌ریی له گرووپی ئاپۆیی كرد. كاریگه‌ریی له په‌كه‌كه كرد و هێشتاش كاریگه‌ری لێ ده‌كات. كه ئه‌مڕۆ تێكۆشانی ئازادیی گه‌لی كورد ٤٠-٤٥ ساڵه له دژی هه‌موو جۆره زه‌خت و مێتینگه‌رییه‌ك به‌رخۆدان ده‌كات، له ڕۆحی ئه‌م به‌رخۆدانه‌دا كاریگه‌ریی ڕۆحی ده‌نیزه‌كان، ماهیره‌كان و ئیبراهیمه‌كان هه‌یه. ئه‌م ڕۆحه له تێكۆشانی ئازادیی ئێمه‌دا هه‌ر هه‌یه. له‌پێناو به‌دیموكراتیكردنی توركیا و ئازادكردنی كوردستان ئێمه به‌م ڕۆحه له تێكۆشانی خۆماندا ڕه‌فتار ده‌كه‌ین.»
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه موسته‌فا قه‌ره‌سوو له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، هه‌ر وه‌ك چۆن به ده‌یان و سه‌دان هه‌زار لاوی كوردستان و توركیا به‌و هێز و ئیلهامه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی گه‌ریلا وه‌ریده‌گرن به‌شداری تێكۆشانی شۆڕشگێڕی ده‌بن، ئه‌ویش یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی ئیلهامی له تێكۆشانی ده‌نیزه‌كان وه‌رگرتووه و به‌شداری تێكۆشان بووه.
«له‌سێداره‌دانی ده‌نیز، یووسف، حوسه‌ین كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له منیش كرد. حوسه‌ین ئینان خه‌ڵكی گوندێكی دراوسێی ئێمه بوو. له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و من بوومه لایه‌نگری سوپای ڕزگاری گه‌لی توركیا - THKO. كاتێك ئێمه له قۆناغی ئاماده‌یی بووین، له ڕۆژنامه‌كانه‌وه ئاگاداری هه‌ڵوێستی ده‌نیزه‌كان ده‌بووین. كاتێك خوێندكار بووین، ئێمه له باره‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌مانبیست و كاریگه‌ری له ئێمه ده‌كرد. ئه‌م هاوسۆزییه‌ی ئێمه له دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌وان وه‌رچه‌رخا بۆ ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌ی شۆڕشگێڕی. له‌به‌رئه‌وه كاریگه‌رییان له ده‌یان و سه‌دان هه‌زار لاوی كوردستان و توركیا كرد كه به‌شداری تێكۆشانی شۆڕشگێڕی بن.»
قه‌ره‌سوو ده‌ستنیشانی كرد كه به‌هێزترین هه‌ڵوێست كه لاوان و گه‌لی توركیای به‌ره‌و تێكۆشانی شۆڕشگێڕی ڕاده‌كێشا، هه‌ڵوێستی ده‌نیز گه‌زمیش بوو.
«ده‌نیز كاریگه‌ری له هه‌موو پێشه‌نگه‌كانی شۆڕش كرد. ماهیر به هه‌ڵوێستی ئایدیۆلۆژییانه‌ی خۆی و به هێزی تیۆریی خۆی كاریگه‌ری له لاوان كرد. ئیبراهیم كایپاككایا به به‌رخۆدانی خۆی له ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كان و به بۆچوونی بوێرانه‌ی خۆی له‌سه‌ر دۆزی كورد، كاریگه‌ری له لاوان و له ئێمه كرد.»
موسته‌فا قه‌ره‌سوو گوتیشی: تێكۆشانی دیموكراتی و ئازادی له كوردستان و توركیا هه‌رگیز ئه‌و شۆڕشگێڕانه له‌بیرناكات. ئه‌وان له به‌رده‌م په‌تی سێداره گوتیان «بژی برایه‌تیی گه‌لانی كورد و تورك.» گه‌لانی توركیاش ئه‌مڕۆ پێویستییان به‌مه هه‌یه. بۆ به‌دیموكراتیكردنی توركیا و ئازادیی كوردستان، برایه‌تیی گه‌لانی كورد و تورك پێویستیی بنه‌ڕه‌تییه.
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا، قه‌ره‌سوو به‌ڵێنی خۆی دووپات كرده‌وه كه به‌دڵنیاییه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای برایه‌تیی گه‌لان توركیا به‌دیموكراتی ده‌كه‌ن و كوردستانیش ئازاد ده‌كه‌ن.
s.m