قەدەغەکارییەکانى ئاکەپە بووە هۆی مرداربوونەوەى سەدان سەر ئاژەڵی هاووڵاتییانى جۆلەمێرگ

بەهۆی قەدەغەکردنى لەوەڕگە و کوێستانەکانى جۆلەمێرگ لە هاووڵاتییان، سەدان سەر ئاژەڵی هاووڵاتییان مردار بوونەوە.

بەهۆی قەدەغەکاریى دەوڵەتى  ئاکەپە و رێگریکردن لە چوونی هاووڵاتییان بۆ لەوەڕگە و کوێستانەکان، زیانێکى زۆر بە کەرتى ئاژەڵداریى هاووڵاتییان گەیشتووە. دانیشتوانى ئەو ناوچانەى کە بە زۆری کارى ئاژەڵداری دەکەن، ناچار بوون تەنها ئاژەڵەکانیان لە گوندەکانیاندا بلەوەڕێنن.

لەبەر ئەوەى هاووڵاتییان رێگرییان لێکرا، کە ئاژەڵەکانیان ببنە ناوچە شاخاوی و کوێستانەکان لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا سەدان سەر ئاژەڵ مردار بوونەوە.

کوێستان و لەوەڕگەکانى جۆلەمێرگ لە چوارچێوەى سیاسەتى "ناوچەى ئەمنیى تایبەت" لە هاووڵاتییان قەدەغە کرا. بەهۆی راگەیاندنى باری نائاساییەوە دەیان کوێستان و لەوەڕگە و ناوچەی تریش لە هاووڵاتییانى جۆلەمێرگ قەدەغەکران.

سەربارى ئەوەى دەوڵەتى تورکیا رایگەیاندبوو، کۆتایى بە باری نائاسایى هێناوە، بەڵام هەر کوێستان و لەوەڕگەکان لە هاووڵاتییان قەدەغەکران و ئەو قەدەغەکارییە لانەبرا.

بەشێک لە هاووڵاتییان ناچار بوون دەستبەرداری کاری ئاژەڵداری بن و بەشێکی تریشیان ناچار بوون تەنها لە گوندەکەى خۆیاندا ئاژەڵەکان بلەوەڕێنن.

ئەو هاووڵاتییانەى، کە ناچاربوون تەنها لە گوندەکانى خۆیاندا ئاژەڵەکانیان بلەوەڕێنن تووشی ناڕەحەتى و مەینەتیى قورس بوون، چونکە نەیاندەتوانی ئاژەڵەکانیان لە هاوین و پاییزدا تێر بکەن و ئاوی پاکێشیان کەم دەست دەکەوت بۆ ئاودانى ئاژەڵەکانیان. ئەوانە بوونە هۆی ئەوەى بەربوومی شیرەمەنیى ئاژەڵەکانیان زۆر کەم بکات.

لە مانگەکانى هاوینیشدا بەهۆی گەرمای زۆرەوە سەدان سەر ئاژەڵی هاووڵاتییان مردار بوونەوە. ئێستاش هاووڵاتییان لەوە نیگەرانن، کە کەمیی ئالیک لە لە زستاندا زیانى زۆر بە ئاژەڵەکانیان دەگەیەنێت. دەوڵەتى تورکیا رێگاى بە هاووڵاتییان نەدابوو کە لە لەوەڕگە و کوێستانەکاندا ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان کۆ بکەنەوە.

ر.م