قەرەسوو: لەدوای چالاکییەکانى مانگرتن سەردەمی نوێی تێکۆشان دەستپێدەکات

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند "رێبەر ئاپۆ وتى 'دەست لە مانگرتن هەڵگرن' و نەیوتوە 'تێکۆشان راوەستێنن'. راشیگەیاند، تێکۆشان تاوەکو چارەسەرکردنى کێشەى کورد بەردەوام دەبێت. ئەوەشی راگەیاند، ئەو چالاکییە سەردەمێکى نوێى لە تێکۆشانی سیاسی هێناوەتەوە پێشەوە.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) دوێنێ ئێوارە بەشداری بەرنامەى ئولکەدەن لە کەناڵی ئاسمانیى مەدیا خەبر بوو.

قەرەسوو شیکاریى بۆ بەرخودانی چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردن کرد و رایگەیاند، لە ئەنجامی چالاکیی هەزاران بەرخودێر، گەلی کورد، دایکانی کورد و هێزە دیموکراسییەکان دا دەسەڵات تەنگەتاو بوو و ناچار بوو رێگا بە پارێزەران بدات، کە بچنە ئیمرالی و (CPT)یش سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکات.

قەرەسوو لە کەسایەتیی لەیلا گیوڤەن دا سڵاو و رێزی بۆ هەموو بەرخودێرە گیانفیداکانی ئەو هەڵمەتە نارد. لەبارەی گیانفیداکانەوە راشیگەیاند، ئەوان وەکو شەهیدی دڵسۆزیی مەزنی رێبەرایەتی، گەلی کورد و دۆزی ئازادی لەناو مێژووی کوردستان و تێکۆشاندا دەمێننەوە.

'رێبەر ئاپۆ ٢ی ئایاریش داوای کۆتایهێنانی چالاکی کردبوو، بەڵام چالاکوانان نەیانویست بە دیدارێک کۆتایی پێبهێنن'

قەرەسوو ئاماژەی بە دیداری ٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١٢ی بانەمەڕ لە نێوان پارێزەران و ئۆجالان کرد و وتی: "رێبەر ئاپۆ لە ٢ی ئایار / ١٢ی بانەمەڕدا داوای لە چالاکوانان کردبوو واز لە چالاکی بێنن، بەڵام چالاکوانان نەیانویست بە یەک دیدار کۆتایی بە چالاکییەکەیان بێنن. بە شێوەیەکی مافدارانە دەیانەویست گۆشەگیرکردنی رێبەرایەتیی کۆتایی پێبێت. ئەوەبوو دەستیان بە رۆژووی مردن کرد و کاریگەریی بەهێزتریان لەسەر رای گشتی دانا. رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوە یاساییەکان وتیان؛ کەواتە با دیداری هەمیشەیی ئەنجام بدرێن. وەزیری داد لێدوانی دا و رایگەیاند، قەدەغە کۆتایی هاتووە. واتە بەناوی حکومەت و دەوڵەتەوە بەڵێنی دا".

ئیدی گۆشەگیری ریسوا بوو بوو

قەرەسوو باسی لەوەشکرد، لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا جارێکی دیکە چاوپێکەوتن کرا و وتی: "رێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە داوای کرد کۆتایی بە چالاکی بهێنرێت. ئیتر رای گشتی ئافرێنرابوو. گۆشەگیری لە سەرتاسەری جیهان باسی لێوە کرا. وەزارەتی داد بەڵێنی دا، بۆیە لەڕووی یاسایی، ئەخلاقی و ویژدانییەوە هیچ هۆکارێک بۆ درێژەدان بە گۆشەگیریی نەمابوو. رێبەرایتیش لەبەر ئەوانە، ئەوەى (ئەو چالاکییانەى مانگرتنی لەو ئاستەدا) بە کافی و پێویست زانی. رێبەرایەتی وتی؛ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێمە کرا و رای گشتی ئافرێنرا لەبەر ئەوەش چالاکییەکەی ئێوە بە ئامانجی خۆی گەیشت. لەوانەیە گۆشەگیری بە تەواوی کۆتایی نەهاتبێت و دیار نییە چاوپێکەوتن بەردەوام دەبێت یان نا. رێبەرایەتی بە پارێزەرەکانی وت، 'من نازانم جارێکی دیکە رێگاتان پێدەدەن، کە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن یان نا، ئەوە دواتر روون دەبێتەوە".

قەرەسوو ئاماژەی بەوەشکرد، گۆشەگیری ئیتر ریسوا کرابوو و هیچ رەوایەتییەکی نەمابوو و وتی: "ئاشکرا بوو، کە گۆشەگیری کردەوەیەکی ناڕەوا، نائەخلاقی و ناحقوقییە. بەردەوامیی گۆشەگیریی لە ئێستا بەدواوە بۆ ئەو دەسەڵاتە کارێکی ئاسان نابێت. بیانەوێت بەردەوامیشی پێ بدەن، تووشی زەحمەتی دەبن".

سەلمێنرا کورد کۆمەڵگەیەکی گیانفیدایە

قەرەسوو ئەوەشی رایگەیاند، لە کاتی ئەم هەڵمەتەدا قارەمانییەتێکی گەورە نیشان درا و وتی: "ئەوە سەلمێنرا، کە گەلی کورد گۆڕاوە بۆ کۆمەڵگەیەکی گیانفیدا. هاوڕێکانمان لە زیندانەکان هەموویان گیانفیدان  و لەسەر هێڵی ١٤ی تەمموزی ١٩٨٢ / ٢٣ی پووشپەڕن. هێڵی ١٤ی تەمووز بە هیچ شێوەیەک تێکناشکێندرێت. هەموو هاوڕێیانمان دەیانتوانی یەک بەدوای یەک شەهید ببن. خۆی لەخۆیدا ئەگەر بەو بانگەوازە چالاکییەکان رانەوەستێندرابان هێدی هێدی شەهیدبوونیش روویان دەدا. ئەوانەی لە رۆژووی مردن دابوون دەگەیشتنە شەهیدبوون. ئەگەر ئەوان ئەنجامیان وەرنەگرتبایە، دەستەیەکی تر دەستیان بە چالاکیى رۆژووی مردن دەکرد. هاوڕێیانمان لە زیندان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری ژیانی خۆیان بە شێوەیەکی گیانفیدایی دەبەخشی. ئەوەش هەموو کەسێکی خستە جۆڵە، بۆیە ئێمە بە ڕێزەوە سڵاو لەو بڕیارەی هاوڕێیانی زیندانەکانمان دەکەین. بەڕاستیش هەڵوێستێکی جێگەی ڕیزە. هەموو گیانفیدان، گیانفیدای رێبەرایەتین، گیانفیدای گەلی کوردن. رۆڵەکانی گەلی کوردی بەو شێوەیە لە چیاکان، لە زیندانەکان و لە هەموو شوێنیکدان، بۆیە کەس ناتوانێت پێش بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بگرێت. ئەو گیانفیداییە ئیتر لە رۆحی کوردایە. ژنان و گەنجان ئیدی هەموویان گیانفیدان. بەرخودان بۆ هەموو کەسێک پەیامێکی لەوجۆرەی هەبوو".

هەتا چارەسەرکردنی کێشەی کورد تێکۆشان بەردەوام دەبێت

قەرەسوو سەرنجی راکێشایە سەر قۆناغی لە ئێستا بەدواوە و وتی: "ئاشکرایە هەتا دیموکراتیبوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد تێکۆشان بەردەوام دەبێت. هێشتا نە تورکیا بەدیموکراتی بووە و نە پرسی کوردیش چارەسەر بووە. ئەوەی پێکهاتووە ئەوەیە؛ گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ هەتا ئاستێک کۆتایی هات؛ تاڕادەیەک یاسا و دەستوور جێبەجێ کرا. پرسێکی بنەڕەتی لەبەردەم تورکیایە، ئەویش دیموکراتیبوون و چارەسەریی کێشەی کوردە. ئەوەش بە تێکۆشان، بە بەهێزکردنی زێهنیەتی دیموکراتیک، بە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و هێزە دیموکراسییەکان دەبێت. لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لەخۆیەوە هیچ شتێک دروست نابێت. دیموکراتیبوون بە تێکۆشان و رێکخستنی گەلان و هێزە دیموکراسییەکان دێتەدی، پرسەکان بەو شێوەیە چارەسەر دەبن. بۆیە وەکو بەرخودێران وتیان؛ تێکۆشان بەردەوام دەبێت. رێبەر ئاپۆ وتی، 'واز لە چالاکیی مانگرتن بێنن'، نەیوت 'تێکۆشان راوەستێنن' ".

قەرەسوو ئاماژەی بەوەشکرد، تێکۆشان تەنها بە چالاکیی مانگرتن نابێت، پێویستە بە رێگە و رێبازی زۆر کاریگەرتر بەردەوام بێت و وتی: "بە چالاکیی لەو جۆرە دەکرێت هەندێک هەنگاو بنرێن، دەتوانن ببنە سەرەتایەک، بەڵام بێگومان ئەنجامی بنەڕەتی بە تێکۆشان دێتەدی. بۆیە ئەو تێکۆشانە بەردەوام دەبێت و دەبێت بەردەوامیش بێت".

ر.م