قەرەسوو: ناتوانن پیلانگێڕییەکی تر ئەنجام بدەن
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک دەیەوێت وەک ساڵی ١٩٩٨ بە پیلانێگێڕییەکى نێودەوڵەتی خۆی لە قەیران رزگار بکات، بەڵام ئەمجارە ناتوانێت ئەو کارە بکات.
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک دەیەوێت وەک ساڵی ١٩٩٨ بە پیلانێگێڕییەکى نێودەوڵەتی خۆی لە قەیران رزگار بکات، بەڵام ئەمجارە ناتوانێت ئەو کارە بکات.
پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی لە کەسایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دژی گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان لە رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ / ١٧ی رەزبەرەوە دەستیپێکرد. لە ئەنجامی ئەو پیلانگێڕییەدا ئۆجالان ناچار کرا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەجێبێهڵێت و لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ / ٢٦ی رێبەنداندا رادەستى دەوڵەتى تورکیایان کرد. ئێستاش لە دوورگەى ئیمراڵی دیلکراوە. مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.
قەرەسوو رایگەیاند، پیلانگێڕییەکە پەیوەندیى بە ئامانجەکانی دەستێوەردانى ئەمریکا بۆ سەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەبوو. ئەمریکا لە دواى شەڕی یەکەمی کەنداو لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بوو بووە هێزێکى خاوەن کاریگەر، بەڵام ئەو بۆشایەیەى کە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەى یەکێتیى سۆڤیتەوە دروستبوو بوو، هێشتا پڕ نەکرابوویەوە.
قەرەسوو راشیگەیاند "لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سیستمێکى نوێ دروست نەکرابوو. چەندین کێشەى جۆراوجۆر بوونیان هەبوو. ئەمریکا دەیخواست لە رووی سەربازی، سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەوە دەستوەردان لە هەرێمەکەدا بکات و بەپێى خواستى خۆی ناوچەکە سەرلەنوێ دیزاین بکاتەوە و دایبڕێژێتەوە.
بزووتنەوەى ئازادیى کورد، کە رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتیى بۆ دەکرد نەک تەنها لە باکووری کوردستان رێگای بەڕووی پێشکەوتنى گرنگدا کردبوویەوە، بەڵکو هاوکات لە باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتیشدا کاریگەریى گرنگی لەسەر کوردان دروستکردبوو. رێبەر ئاپۆ دەیخواست لەسەر بنەمای برایەتیى گەلان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سیستمێکى نوێ دروست بکات. تێکۆشانی پەکەکە بە پێشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆ هەموو نۆکەرانى هێزە نێودەوڵەتییەکانى قەڵس کردبوو. هێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانخواست سیستمێکى پشتبەستوو بە هێزە هاوکارەکانیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دروست بکەن. بێگومان ئەو دۆخە ترسی خستبووە دڵی نۆکەران و هێزە نێودەوڵەتییەکان".
قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد "بوونی بزووتنەوەیەکى بەهێزی وەک پەکەکە بە لەمپەر دەزانرا لە بەردەم دەستێوەردانێکى لەو جۆرە، بۆیە لە رێگەى پیلانێگڕییەکى نێودەوڵەتی لە دژی رێبەر ئاپۆ دەیانخواستت پەکەکە بێکاریگەر بکەن و بە ئاسانی دەستوەردان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بکەن.
یەکێک لە ئامانجەکانى ئەو پیلانگێڕییە ئەوە بوو کە تورکیا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەکاربهێنرێت. ئەوان پێیانوابوو ئەگەر رێبەر ئاپۆ دیل بکەن ئەوا دەتوانن زیاتر بەئاسانی تورکیا بەکاربهێنن. خواستیان بە دیلکردنی رێبەر ئاپۆ پەیوەندیى نێوان گەلی کورد و رێکخستن قەڵس بکەن، بڕوا و متمانەى گەلی کورد تێکبشکێنن، رێبەرئاپۆ و پەکەکە بێکاریگەر بکەن. لەسەر ئەو بنەمایانە هەوڵیاندا هەم هێزە سیاسییەکانى کوردی سەر بەخۆیان بەهێز بکەن و هەم رۆڵێکى زیاتر بە تورکیا بدەن، چونکە تێکۆشانى بزووتنەوەى ئازدیى کورد تورکیاى لاواز دەکرد و نەیدەهێشت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەو ئەرک و کارانەى هەستێت کە بۆی دانرابوو".
بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا نیشانەی ئەوەیە سیستمی ئیمراڵی لەلایەن ئەوانەوە بەرگریى لێدەکرێت
مستەفا قەرەسوو لەبارەى سیستمى زیندانى ئیمرالییەوە وتى "ئەو سیستمە لەلایەن هێزە پیلانگێڕە نێودەوڵەتییەکانەوە دروستکراوە. تەنها رۆڵی پاسەوانیکردن بە تورکیا دراوە. لەسەر ئەو ئەشکەنجانەى کە بەرامبەر بە رێبەرایەتى ئەنجام دەدرێن سەردانى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا (DMME) کرا و سکاڵا تۆمارکرا. دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو سکاڵایەدا هەڵوێستێکى خستەڕوو، کە سیستمى زاڵمانە و زۆدارانەى ئیمراڵی رەوا و ئاسایى دەکات. ئەوەش بۆمان رووندەکاتەوە کە سیستمى ئیمراڵی لەلایەن کێوە بەرگریى لێدەکرێت و دەپارێزرێت. رەواکردنى گوشارەکانى ئیمراڵی رێگا بۆ دەوڵەتى تورک دەکاتەوە کە گوشار و زۆردارییەکەى دڕیژە پێبدات. دەوڵەتى تورک لەمدواییانەدا سزای ژووری تاکەسی و قەدەغەى چاوپێکەوتنى بۆ ماوەی ٦ مانگ بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپاندووە. هاوکاتیى ئەوانە هێرشێکە بۆ سەر گەلی کورد. هێرشی جەستەیى و دەروونی لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت. هێرشێکى کراوە و ئاشکرایە لە دژی گەلی کورد. دەیانەوێت ورە و ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنن".
دەسەڵاتى ئاکەپە دەیەوێت بە هێرشەکانى بۆ سەر ئیمراڵی خۆی لە دۆخی قەیران و تەنگاوی رزگاربکات
قەرەسوو بەبیرهێنایەوە، دەسەڵاتى ئاکەپە لە رووی سیاسییەوە لە ناوخۆ و دەرەوە تەنگاو بووە و لە رووی ئابووریشیەوە لە قەیراندایە. بۆیە ئەو هێرشە لە ئەنجامى ئەو تەنگابوون و قەیرانەوەیە و وتی "دەسەڵاتى ئاکەپە لە رێگەى ئەو هێرشەوە هەوڵ دەدات خۆی زرگار بکات. دەوڵەتى تورک هەر وەک ساڵی ١٩٩٨ لە رووی سەربازی، ئابووری و سیاسییەوە تەنگاو بووە. وەک ئەندامێکى ناتۆ لە دۆخێکى زۆر قورس و قەیراناویدایە. هەر چۆن لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ ئەوەى خۆی لەو دۆخە رزگار بکات پشتیوانیى لە هێزە نێودەوڵەتییەکان وەرگرت، ئێستاش دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا بەو بڕیارەی پشتیوانى لە دەوڵەتی تورک دەکات. ئەردۆغان لەمدواییانەدا لە ئەوروپا پێشوازیى لێدەکریت و هەوڵ دەدات پەیوەندیى خۆی لەگەڵ ئەمریکا چاک بکاتەوە. ئەوەش پەیوەندیى بەو تەنگابوون و قەیرانەوە هەیە کە تووشی بووە".
پیلانگێڕی نێودەوڵەتى لە دژی رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادی ئەنجام دەدرێت
قەرەسوو ئاماژەى بەوەکرد، لەبەر ئەوەى پەکەکە لەسەر هێڵی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە تورکیا، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان بووە بە هێزێکى گەورە و ئایدۆلۆژی و سیاسی، ئەم دۆخەى ئێستا هاتووەتە پێشەوە. ئەوەشی وت "کاپیتالیزم مۆدێڕنیتەى جیهانی ئێستا لە قەیراندان. ئێمە ئەو راستییە رۆژ لە دواى رۆژ بە ئاشکراتر و روونتر دەبینین. پەکەکە لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ بووە بە ئەڵتەرناتیڤى ئەو قەیرانانە. هەر خۆی لە خۆیدا گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست عەوداڵی بۆچوونەکانى رێبەر ئاپۆن و لە دووی ئەو بۆچوونەن، چونکە هێڵی رێبەر ئاپۆ رێگای دەرچوون لەو قەیرانە لە خۆ دەگرێت و دەیانکاتە خاوەن هێز و ئیرادە. لەبەر ئەوەش هێزە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تورکیا لە دژی رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادی دەستیان بە ئەنجامدانى پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتى کردووە".
رێبەر ئاپۆ، گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادی خاوەنى ئەو هێزەن کە ئەو پیلانگێڕییە تێکبشکێنن
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئاماژەى بەوەشکرد، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادیى کورد، کە هێرش و پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨یان تێکشکاندووە، خاوەنی ئەو هێزەن کە پێش بەم پیلانگێڕییەش بگرن.
ئەوەشى خستەڕوو "هۆشمەندی و عەقڵییەتی پیلانگێڕیى نێودەولەتیى ٩ی تشرینى یەکەم بووە هۆی ئەوە، کە بزووتنەوەی ئازادیى کورد و گەلی کورد لە تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕییەکە زیاتر خۆی هۆشیار بکات و ببێتە خاوەن ئەزموون. گەلی کورد لە مانای ئەو هێرشانە لە دژی رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادی تێدەگات. هەوڵەکانى دەوڵەتى تورک، کە دەیەوێت لە رێگەى ئەو هێرشانەوە ئیرادەى گەلی کورد تێکبشکێنێت و بزووتنەوەى ئازادی بێکاریگەر بکات، هەوڵێکی چووچە. رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیى کورد و گەلی کورد هەڵوێست و تێکۆشانی خۆی لە دژی ئەو هەوڵانە درێژە پێدەدەات و بەر بەو پیلانگێڕییە دەگرێت".
سەرەخۆشیی لە بنەماڵەى ئاجار کرد
قەرەسوو سەرنجی خستە سەر زۆربوونی چالاکییەکان بۆ زیاتر خاوەنداریکردن لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رایگەیاند، چالاکیی گەنجێکى ئێلحی لە ئەوروپا، کە خۆی ئاگرتێبەردا و شەهید بوو، دەبێت وەک بەشێک لە بەرخۆدان و هەڵمەتی "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" ببینرێت و لێکدانەوەى بۆ بکرێت.
قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد، رێبەری گەلی کورد چالاکیى لەو جۆرە بە دروست نازانێت و لە رووی ویژدانیەوە زۆر ئۆجالان نیگەران دەکات و وتیشی "بەڵام چالاکیى گەنجان، ژنان و هەموو گەلی کورد نیشانەى ئەوەیە، کە رێبەر ئاپۆ بۆ مێژوو و کۆمەڵگەى کورد چ مانایەکى هەیە. کاریگەریی قوڵی رێبەر ئاپۆ لەسەر گەلی کورد دەخاتەڕوو".
قەرەسوو لە کۆتایى وتەکانیدا وتی، سەربارى ئەوەى ئەو جۆرە کارە بە دروست نازانن، بەڵام لە ماناکانى ئەو چالاکییەش تێدەگەن و وتیشی "ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەى ئومێد ئاجار، گەنجە ئێلحییەکە و لە خزمانی و هەموو گەلی کورد دەکەین".
ر.م