قەرەیلان: بە روونی پێتان دەڵێم، گەریلا کێشەى نابێت!

موراد قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەی بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، ٣٥ ساڵە هەوڵ دەدەن خۆراک لە گەریلا ببڕن و رێگری لەوە بکەن، کە خۆراک بە دەستى گەریلا نەگات، بەڵام "بە روونی پێتان دەڵێم؛ ئەوە نابێتە کێشە بۆ گەریلا".

موراد قەرەیلان ئەندامى کۆمیتەیى بەڕێوەبەریى پەکەکە میوانی بەرنامەى تایبەتى کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی بوو. لەبارەى هەوڵەکانی دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر لە دژی گەریلا و گۆشەگیریى ئیمراڵی و تێکۆشانى گەریلا و چەندین بابەتى ترەوە لێکدانەوەکانى خستەڕوو.

"دەیانەوێت سیستمی تاکپارێزی لەسەر بنەمای پاکتاوکردنی گەریلا دروست بکەن"

موراد قەرەیلان رایگەیاند "ئەو بەرخۆدانەى ئێستا ئەنجام دەدرێت رێگای لە هەوڵەکانى دەوڵەتى تورک بۆ ئەنجامدانى پاکتاوکردن گرتووە. لە راستیدا ئەردۆغان دەزانێت کە ناتوانێت تێکۆشانی ئازادیى کورد کۆتایى پێ بهێنێت. خۆی لەخۆیدا ئەوەش هەر ناکرێت. تەنها هەوڵ دەدات بە قسەکردن لەوبارەیەوە تەمەنی دەسەڵاتەکەى خۆی درێژ بکاتەوە. دەوڵەتى کۆماری تورکیا لە کاتى خۆیدا لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد و سڕینەوەى کورد دروستکرا. لەبەر ئەوەش هەموو ئەو کەسانەى کە کۆمارەکەیان دەپاراست، کەسانی نکۆڵیکار بوون. پێشتر تەنانەت وشەی 'کورد' قەدەغە بو. ئێستاش دۆخەکە هەر دۆخەکەى پێشووە، بەڵام هەندێک هەڵدەستن و دەڵێن 'کوردی برام'. لە ئەدەبیات و ستراکچەری دەوڵەتى تورکیادا ئەو وشەیە قەدەغە بوو، چونکە دەیانخواست گەلی کورد بە تەواوی بسڕنەوە.

ئێستاش سیستمى تاکپارێزی (تاک نەتەوە، تاک ئاڵا، تاک زمان، تاک ئایین، تاک دەوڵەت، تاکە پیاوێک) کە ئەردۆغان پێى دەڵێت، سیستمى سەرۆکایەتیى کۆمار لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ پاکتاوکردنی تێکۆشانی ئازادیى کورد دامەزراوە. لەبەر ئەوەش نەک تەنها لە ناو سنوورەکانى تورکیادا، بەڵکو دەیەوێت لە دەرەوەى سنوورەکان لە دژی گەلی کورد ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات. ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە، کە بوونی کورد پەسەند و قبوڵ نەکرێت و کورد نەبێتە خاوەنی پێگە. لەبەر ئەوەش سیستمەکەى خۆی لەسەر بنەمای پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلی کورد دامەزراندووە".

قەرەیلان ئەوەشى وت "تێکۆشانى گەریلا نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانى بندەستە. ئەوەى کە ئەردۆغان دەیوت 'لە بەرامبەر ٨ کەسدا ٨٠٠ کەسیان لێدەکوژین' نە زمانى سەرۆکى دەوڵەتێکە و نە زمانی سەرۆک کۆمارێکى ئاساییە، بەڵکو ئەو زمانە زمانی دەوڵەتێکى چەتەیە، کە سیستمە فاشیستییەکەى خۆی لەسەر خوێن دروستکردووە. یەکێکى تریشیان وتبوی 'لە رێگەى برسیکردنەوە کۆتایى بە گەریلا دەهێنرێت'. نامەوێت ناوى ئەو کەسە بهێمنە سەر زمانم. ئەو کەسە کەسێکى قومارچی و بێ کارەکتەرە. ئەوەى کە ئەو حەدی نییە قسەى لەسەر بکات، باسی دەکات. هەڕەشە لە هەموو کەس و لایەک دەکات و وەک مافیا قسە دەکات. دەیەوێت تاوەکو بەرزترین و ئاست و توانای خۆی دژایەتیى کوردان بکات و لەو رێگەیەوە خۆی لەلای ئەردۆغان خۆشەویست بکات". (ئەو کەسە سولەیمان سۆیلوی وەزیرى ناوخۆی تورکیایە – ر.م).

 'بە روونی دەیڵێم؛ ئەو بابەتە بۆ گەریلا نابێتە کێشە'

قەرەیلان وتیشی "ئەو کەسە کەسێکى درۆزنە و پاییزی ٢٠١٦ وتبوی 'لە نیسانی ٢٠١٧دا ئیتر کەسێک نامێنێت کە تەنانەت ناوی پەکەکەش بهێنێتە سەر زمان، چونکە ئەم زستانە کۆتایى بە پەکەکە دێت'. لە راستیدا گەریلا لە ناو گەلدایە. خۆ هەموو کات دەوڵەت هەوڵی داوە خۆراک لە گەریلا ببڕی و ماوەى ٣٥ ساڵ هەوڵیان بۆ ئەوەدا کە ئەو کارە بکەن. پێشتریش هەر ئەو شێوازەیان گرتەبەر و چەندین گەمارۆیان دروستکرد، بەڵام ئایا توانییان کۆتایى بە گەریلا بهێنن. ئێستا وەک ئەوەى شتێکى نوێیان دۆزبێتەوە قسە لەسەر بڕینى خۆراکى گەریلا دەکەن. هەر ئەوەى کە ئێستا باسی دەکەن پێشتر لەلایەن دەوڵەتى کۆماری تورکیاوە تاقیکراوەتەوە. بە کورتی ئەوان لەو کارە هیچیان دەست ناکەوێت. بە روونی دەیڵێم، ئەوە بۆ گەریلا نابێتە کیشە".

'دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا و سی پی تى هاوبەشی سیستمی ئەشکەنجەن'

قەرەیلان بێدەنگیى دامودەزگا و رێکخراوەکانى ئەوروپای لەبەرامبەر گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لێکدایەوە و تى "دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا و رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT)، کە رێکخراوی نێونەتەوەیەن بە هەڵوێستەکانى ئەمدواییانەیان سەلماندیان، کە بەشدارن لە سیستمى ئەشکەنجەی سەر ئیمراڵی دا. ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتەى لە ئیمراڵی روو دەدا لەگەڵ هیچ بنەمایەکى یاسایى و ئەخلاقى دا نایەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕیارەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا داوێتیى بەمانای رەوایدانە بەو کردەوە و هەڵسوکەوتانە. گەلی کورد لەگەڵ دۆستەکانیدا لە دژی ئەو بڕیارە داوایان لە سی پی تى کرد بە ئەرکەکانى خۆی هەستێت و بێدەنگ نەبێت، بەڵام سی پی تی-یش خۆی بێدەنگ کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە لە ئیمراڵی مافەکانى مرۆڤ پێشێل دەکرێن. بە هیچ شێوەیەک هیچ زانیارییەک لەسەر رێبەری گەلی کورد لە بەردەست دا نییە و کەس ئاگاداری دۆخی ژیان و ئاسایش و تەندروستیى نییە. نە لە رێبەرتی نە لەو هەڤاڵانەى تریش کە لەگەڵیدان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. پێش هەموویان دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا و ئینجا هەموو ئەو رێکخراوانەی تر لە بواری مافەکان و یاساکاندا کار دەکەن لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگن و بوونەتە هاوبەشی ئەو کردەوە دژە مرۆییانە. ئێمە باش دەزانین دام و دەزگا و رێکخراوەکانى ئەوروپا رۆڵیان لە دروستکردنى سیستمى ئیمراڵی دا هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش باس لە مافەکانى مرۆڤ و هەق و مافەکان دەکەن!. کوا مافی مرۆڤ؟ لەبەرچی مافی مرۆڤ بۆ هەموو کەسێک هەیە، بەڵام بۆ کورد نییە؟ لەبەر چی بۆ رێبەری گەلی کورد نییە؟".

'گۆشەگیری لە دژی مرۆڤایەتیى پێشکەوتوخوازە'

قەرەیلان سەرنجی خستە سەر پارادیگمای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە لە ناو مرۆڤایەتیدا دەنگى داوەتەوە و لەوبارەیەوە  وتى "گۆشەگیرکردنى رێبەر ئاپۆ تەنها گۆشەگیرکردنى کەسێک نییە. تەنها گۆشەگیرکردنى گەلێکیش نییە، بەڵکو ئەوە گۆشەگیرکردنى دیموکراسی و ئازادییە. گۆشەگیرکردنى مرۆڤایەتیى پیشکەوتوخواز و گەلانى بندەستە".

ئەوەشى وت "ئاشکرایە گۆشەگیرکردنى رێبەر ئاپۆ تەنها لە رێگەی تێکۆشانى گەلەکەمان و هەموو بندەستانەوە، کە بڕوایان هێڵی رێبەرایەتى هەیە، هەڵدەوەشێتەوە و تێکدەشکێنرێت. بۆ ئەوەش پێویستى بە کار و رێکخستنێکی بەهێز هەیە، بۆیە دەبێت ئێمە لە ٢٠ ساڵی رابردوو وانە فێربین و ئەزموون وەربگرین، کەموکوڕییەکانى خۆمان ببینین و ئەو کەموکوڕییانە لاببەین و دووبارەیان نەکەینەوە، تاوەکو بە مسۆگەری و بەهێزی بە رێکخستنکردنى گەلان و بە پێشەنگایەتى گەلی کورد گۆشەگیرییەکە تێکبشکێنین".

 

ر.م