موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەریوەبەریى پەکەکە و فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندی پاراستنى گەلی کوردستان میوانى بەرنامەى رادیۆ دەنگی وڵات بوو. قەرەیلان لە بەرنامەکەدا وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەنووس رۆسیدا ماردینی دایەوە و شیکاریى بۆ رۆژەڤەکان کرد.
"٤٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنى پەکەکە لە هەموان پیرۆز بێت"
قەرەیلان بە پیرۆزکردنى ٤٠هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکە دەستى بە قسەکانى کرد و وتی "٤٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەمان، پارتی کرێکارانى کوردستان لە رێبەر ئاپۆ، لە هەموو گەلەکەمان، لە دۆستانی گەلەکەمان، لە هەڤاڵان و خەباتکارانی شۆڕش پیرۆز دەکەم. لە ٤١هەمین ساڵدا سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان و هەموو هەڤاڵان دەخوازم. لەم رۆژەدا حەقی قەرار یەکەم شەهیدی حیزبەکەمان تاوەکو دەلال ئامەد، زەکی شەنگالی و ئاتاکان ماهیر و هەموو شەهیدانى شۆڕش بە رێزەوە بە یاد دەهێنینینەوە و ئەو بەڵێنەوەى بەوانمان داوە، جارێکیتر دووباری دەکەینەوە".
رۆژی دامەزراندنى پەکەکە (٢٧ی نۆڤەمبەر) رۆژی بڕیاری ئازادبوونە
رۆژی ٢٧ی تشرینى دووەم / ٦ی سەرماوەز بۆ گەلەکەمان و حیزبەکەمان رۆژێکى گرنگ و مێژووییە. رۆژی بە حیزببوونە. بڕیاری دامەزراندنى حیزبە لە ٢٧ی تشرینى دووەم / ٦ی سەرماوەز، بڕیاری بەرخودانى نەتەوەییە. تاوەکو ساڵانى ١٩٧٠ گەلی کورد پاکتاوکاریى بەرامبەر دەکرا. تاوەکو ئەو کاتە هەموو سەرهەڵدانەکانى کورد تێکشکێنران و لە ناو کۆمەڵگەى کورددا ئومێد کەمبوو بوویەوە، بڕوا لاواز بوو بوو. سیاسەتى پاکتاوکاری و سڕینەوەى سپی لەلایەن دوژمنەوە بە چڕی بەڕێوەدەچوو. لەو سەردەمەدا لە گوندی فیس لە لیجە لە رۆژی ٢٧ی تشرینى دووەمی ١٩٧٨/ ٦ی سەرماوەز لە کۆبوونەوە و دانیشتنى دامەزراندنى حیزبدا بابەتى 'باشە ئێمە دەتوانین لە بەرامبەر ئەو دۆخەی کوردستان و راستیى کۆمەڵگەى کورد چی بکەین؟' خرایە گفتوگۆیەوە و راگەیاندرا 'ئێمە دۆخی هەبوون بەڕێوەدەبەین و ناوبردن و سڕینەوە قبوڵ ناکەین، ئێمە ڕادەپەڕین و تێکۆشان گەش دەکەین. بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە ببین بە حیزب. بۆ دەستپێکردنى خۆڕاگری دەبێت ئێمە ببینە حیزبی پێشەنگ'. بڕیاری دامەزراندنى پەکەکە بەو شێوەیە درا. لەبەر ئەوەش ٢٧ی تشرینى دووەم (٢٧ی نۆڤەمبەر) لە تێکۆشانی ئێمە و گەل دا رۆژێکى مێژوییە".
پەکەکە حیزبی رێبەرایەتییە
قەرەیلان سەرنجی خستە سەر ئەوە، کە پەکەکە حیزبێکى کلاسیک نییە و وتیشی "راستە ناوی حیزبی پێوەیە، بەڵام لە حیزب ناچێت. پەکەکە هزرێک، فەلسەفەیەک، رۆح و گیانێک و رێگایەکى ژیانە. بەشداربوون لە پەکەکەدا نە جەستەیى و نە ماددی. پەکەکە حیزبی رێبەرایەتییە. لە کەسایەتیى ریبەر ئاپۆدا راستیى رێبەرایەتى چەسپاوە، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا و بەرنامەى خۆی پێشکەش کردووە و حیزبیبوونی پەکەکە بەو شێوەیە بەرەوپێشچووە. جیاوازیى پەکەکە و حیزبەکانى تر لەوەدایە، کە راستیى رێبەرایەتیى تیادایە و ناکرێت لە یەک جیابکرێنەوە. لە مێژوودا ژمارەیەکى زۆر حیزب دروستبوون، کە پێشەنگایەتیى شۆڕشیان کردووە و خاوەنی رێکخستنێکى گەورەن. لە بەرنامەى ئەو حیزبانەدا بۆ بوون بە ئەندام مەرجی وەک 'قبوڵکردنى بەرنامەى حیزب، دانى ئابوونە و بەشداریکردن لە کۆمیتەى حیزبدا' دانراون. بەڵام بۆ پەکەکە، ئەو پێوەرە تەنها لە ناو لایەنگرانى پەکەکەدا هەیە. ئاستى بەشداربوونی لایەنگرانى پەکەکە زۆر لەوەش زیاترە. پەکەکە زیاتر لەوەى حیزب بێت، فەلسەفەیەکە. لەبەر ئەوەش دەبێت بەشداربوونێکى رۆحی و هۆشمەندانە هەبێت. پێش هەموو شتێک دەبێت بڕوایەکى بەهێز بوونی هەبێت. کاراکتەر و پێوەر بۆ بەشداربوون لە پەکەکەدا ئەوانەن".
کادێرى پێشەنگ بۆ کۆمەڵگە دەبێتە نمونە
قەرەیلان رایگەیاند، بەشداربوون لە پەکەکەدا بەشێوەى هەڕەمەکی رووی نەداوە و راشیگەیاند "ئەو پێوەرانە بە گفتوگۆکردن دروست نەبوون. کاتێک بزووتنەوەى ئاپۆیى هێشتا دەستەیەک بوون و دواتر حیزب دامەزرا و دەستى بە تێکۆشان کرد، ئەو پێوەرانە دروستبوون، کە پێشەنگایەتیى شۆڕشگێڕی تەنها بەو شێوەیە دەتوانێت بخوڵقێت. لە کوردستان ئەگەر تۆ بە رۆحێکى فیداکارانە بەشدار نەبیت و بە بڕوایەکى بەهێزەوە نەجوڵێیتەوە ئەوا ناتوانیت ببیت بە پێشەنگ. خاڵێکى تریش ئەوەیە، دەبێت میلیتانى پێشەنگ لە هەموو روویەکەوە نمونە بێت. ئەگەر پێشەنگ بێت، دەبێت بە شێوازەکانى، ژیان، ئوسلوب، فیداکارییەکانى لە پێشەوە بێت. کەسانى پێشەنگ دەبێت بەو شێوەیە بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتى ببن بە نمونە. دەبێت بڕوا بە کۆمەڵگە ببەخشێت. لەو رۆژەوە پەکەکە دامەزراوە و تاوەکو ئێستا کورد سەیری رێگا و شێوازى ژیانەکەى کردووە و بەو هۆیەوە بڕواى پێکردووە.
پەکەکە دەروازەیەکى حەقیقەتە
پێویستیى شێواز و رێگاى بەشداربوون لە پەکەکەدایە، کە پێوەری کادێربوون دەستنیشان دەکات. ئەوانەى بڕوایەکى زۆر بەهێزیان هەیە دەتوانن لەسەر بنەماى ئەو پێوەرانە بەشداریى دۆزی ئازادی بکەن. بۆیە رێبەر ئاپۆ وتویەتى 'پەکەکە رۆمانێکی ناکۆتایە'. ئەگەر لە دڵی مرۆڤدا ئەوین و بڕوایەکى گەورە نەبێت ناتوانێت پێشەنگایەتى بکات. لە پەکەکەدا لایەنى ورە و موراڵ زۆر بەرزە، بڕوا بەرزە و هاوڕێیەتى و هەڤاڵێتى پیرۆزە. ژیانێکى تاکەکەسی نییە، بەڵکو ژیانێکى پێکەوەیى و هەرەوەزییانەیە. لەبەر ئەوەش پەکەکە حیزبێکى پێشەنگە، کە بە هەموو شێوەیەک بۆ کۆمەڵگە بووەتە نمونە. ئەوانەى بەشداری پەکەکە دەبن، دەبنە بەهای گەل. دواى ئەوەى بەشداربوون لە ناو ریزەکانى پەکەکەدا روویدا، هەموو کوردستان بۆی دەبێتە ماڵ و هەموو گەلی کوردیش دەبێتە بنەماڵەکەى. دەبێت بنەماڵەى گەریلاکان بەهۆی پێشەنگبوونی رۆڵەکانیانەوە، سەربەرز بن پێیان. بەم بۆنەیەوە ئێمە رێزی خۆمان پێشکەشی هەموو دایکانى شەهیدان دەکەین. ئەگەر بە هەست، بیر و بڕوای گەورەوە بجوڵێنەوە دەتوانن بەشداری پەکەکە ببن. لەبەر ئەوەش پەکەکە دەروازەیەکى راستی و حەقیقەتە و تەنها حیزبێکى سیاسی و سەربازی نییە.
رێگایەکى رێبەرایەتى ژمارەیەکى زۆر قارەمانى ئافراند
ئەگەر رێگای رێبەربوون و پیشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆ نەبوایە ئەو لە ناو پەکەکەدا ئەو ئیرادەیە دروست نەدەبوو. قارەمانانی وەک مەزڵوم دۆغان، کەماڵ پیر، مەعسوم کۆرکماز، بێریتان، زیلان، محەمەد تونچ و چیاگەر نەدەئافرێنران. ئەگەر رێبەر ئاپۆ و پەکەکە لەو بێدەرفەتییە زۆرەى کوردستاندا تێنەکۆشانایە، لە ناو کورد دا ئەوەندە پێشکەوتن رووی نەدەدا. ئەوانەى لە ئاوی پەکەکە دەخۆنەوە بە فیداکاری و ئازایەتى بەرەوپیشەوە دەچن و ئەو بەها مرۆڤایەتییانە بەهێز دەکەن. شەهید محەمەد تونچ کەسێکی لەو جۆرەیە. لە قۆناغی بەرخوداندا محەمەد تونچ لە بەرخودانى جزیر دا شەهادەتی لە بەرچاو گرتبوو و وتبووی 'ئێمە سەر دانانەوێنین، با ئەوانەى دواى ئێمە پێمان سەربەرز بن'. ئەو بڕیارمەندی و پێداگری و رۆحێکى فیداییانەیە. ئەو پێداگری و بڕیارمەندییە لە زانکۆى پەکەکەدا بەدەست دێت. لە زانکۆی پەکەکەدا هەر کەسێک تا چەند لە بابەتەکان وردبێتەوە بەو رادەیە بڵند دەبێتەوە. پەکەکە لەو کەسانە کە بچووککراونەتەوە و تێکشکێنراون، قارەمانى گەورە دەئافرێنێت. ئایدۆلۆژی و هۆشمەندی و تێگەیشتنى پەکەکە ئازایەتییەکى گەورە و فیداکارییەکى بێبەرامبەر و خۆبەخشانەی خوڵقاندووە".
سڵاو لە بەرخودان و خۆڕاگریى زیندان
قەرەیلان لە قسەکانیدا سڵاوى بۆ زیندانیانی ناو زیندانەکان نارد و وتى "من جەژنی حیزب لە هەمووان پیرۆز دەکەم. تێکشکاندنی گۆشەگیری لە ئیمرالی و تێکۆشان بۆ ئازادیى ریبەر ئاپۆ ئەرکی ئێمەیە. لە زیندانیشدا لە دژی ئەوانە بەرخودانێک هەیە. دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر سیستمى ئەشکەنجەى ئیمرالیى بەسەر هەموو زیندانەکانى تورکیا و کوردستاندا سەپاندووە. لە هەموو زیندانەکاندا زوڵمێکى گەورە ئەنجام دەدرێت. ئێمە ئەوەمان بینی، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیارێکى دەرکرد و رایگەیاند، سیستمى یاسای و حقوقیی تورکیا ناهەقە و ناهەقی دەکات. هاوکات سیاسەتمەداری هێژا لەیلا گیوڤەن بەرخودانێکى دەستپێکردووە. بەرخودان لە دژی زوڵمی سەر سیاسەتى کورد و لە دژی گۆشەگیریى سەر رێبەرئاپۆ زۆر مانابەخشە. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە سڵاو لە هەموو بەرخودێرانی زەحمەتێکش و شۆڕشگێڕ دەکەین".
دەیانەوێت بە پیلانگێڕی گەشەى بزووتنەوەى ئاپۆیى ئاستەنگ بکەن
قەرەیلان سەرنجی خستەسەر بڕیارى ئەمریکا لە دژی کادێری ٣ پێشەنگ و لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئەمریکا بەم بڕیارەى ئەمدواییەى پیلانگێڕییەکەى نوێ کردەوە. باشە بۆ وایکرد؟ چونکە پلانگێڕیى نێودەوڵەتى لەبەریەک هەڵوەشێنراوەتەوە. ئامانجی پیلانگێڕییەکەیان ئەوەبوو، کە هزر و رامان و ئایدۆلۆژیاى رێبەر ئاپۆ بسڕنەوە و بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکەن، بەڵام ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە هەموو کات زیاتر بەهێزترە. چەند بەشێکى گرنگ هەیە کە گرنگی بە پارادیگمای رێبەر ئاپۆ دەدەن. هاوکات تێکۆشان بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ ئیتر نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لەلایەن گەلانەوە بەڕێوەدەچێت. گەورەترین سەندیکای بەریتانیا پێشەنگایەتیى کەمپەینى ئازادیى بۆ رێبەر ئاپۆ دەکات. شۆڕشگێڕانى رێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن. زۆر کەس رایانگەیاندووە، هەر چۆن بۆ نێڵسن ماندێلا تێکۆشاون بەو شێوەیەش بۆ رێبەر ئاپۆ تێدەکۆشن".
ناتوانن بە پیلانگێڕى نوێ بە ئەنجام بگەن
قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد، بڕیارەکەى ئەمریکا نوێکردنەوەى پیلانگێڕییەوە و ئەوەشى وت "بەڵام ئیتر ناتوانن ئەنجامێک بەدەست بخەن، چونکە تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد رێگایى درێژی بڕیوە و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بووەتە حەقیقەتێک. ئیتر نابێت و ناکرێت ئەو حەقیقەتە بشادرێتەوە. لەگەڵ زەمەن دا ئەو حەقیقەتە بەرەوپێش دەڕوات و گەشە دەکات. گەلەکەمان لە دژی گۆشەگیری و پیلانگیڕیى بۆ ئازازادیى رێبەر ئاپۆ تێدەکۆشێت. ئەو تێکۆشانە دەبێت گەشتر و بەهێزتر بکرێت. ئێمە لەو بڕوایەداین رۆژ بە رۆژ ئەو تێکۆشانە گەشتر دەبێت. ئەوە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە. زۆرترین بەرپرسیارێتى دەکەوێتە سەر شانی ئێمە و بەڕێوەبەرانى ئەم بزووتنەوەیە. رۆژێک کە رێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت، ئێمە دەتوانین بڵێین کە ئەور ۆژە پیلانگێڕییەکە تێکشکێنراوە. تاوەکو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت ئێمەی شۆڕشگێڕانى کوردستان و گەریلاکانى ئازادیى کوردستان ناتوانین بڵێین، سەرکەوتوین. ئازادیى رێبەر ئاپۆ ئازادیى کوردستانە. ئامانجی ستراتیژیمان ئەوەیە. بە گەشکردنی تێکۆشان دەبێت گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی تێکبشکێنرێت و تێکۆشان بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ گەشتر بکرێت".
توندوتیژی لە دژی ژنان عەقڵییەتى باوکسالارییە
قەرەیلان ئاماژەى بە تێکۆشانی ئازادیى ژنان کرد و وتى "ئێمە سڵاو لە تێکۆشانى ئازادیى ژنان دەکەین. تێکۆشانی ژنان لە کوردستان لە دژی باوکسالاری رۆژ بە رۆژ لە گەشەسەندندایە. ئێمە تەنها بە ئیدانەکردنى توندوتیژی لە دژی ژنان راناوەستین، بەڵکو دەبێت توندوتیژی نەمێنێت. ئەوە بەرپرسیارێتیى ئێمەیە. توندوتیژی لە دژی ژنان بەهۆی عەقڵییەتى باوکسارییەوە ئەنجام دەدرێت. دەبێت ئێمە عەقڵییەتى دەسەڵاتخوازانەی پیاوان نەهێڵین. هەڵوێستى پەکەکە لە دژی توندوتیژیى دژ بە ژنان هەڵوێستێکى بەهێزە. وەک دەزانرێت تێکۆشانی ئازادیى ژنان کە رێبەر ئاپۆ خستوویەتییە رۆژەڤەوە، ژنانى کوردی بەهێزتر کردووە. ئەو تێکۆشانە لە کوردستان لە دژی توندوتیژیى دژ بە ژنان هەڵمەتێکى گەورەیە و ئەمڕۆ کاریگەریى لەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستکردووە. دەبێت بۆ ئازادیى کۆمەڵگە و کەسەکان، لە پێش هەموو شتێکەوە ژنان ئازاد ببن. پەکەکە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. پەکەکە حیزبی ژنانە و حیزبی تێکۆشانی ئازادیى ژنانە. لەسەر ئەو بنەمایە بوون و تێکۆشانی پەکەکە تێکۆشانی ئازادیى ژنانە".
پرۆژەی بونیاتنانەوەى نوێ
قەرەیلان لە قسەکانیدا چالاکییەکانى رۆژانی ٩ و ١٠ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ پیرۆزکرد و رایگەیاند "ئەوە هەڵمەتێکی گرنگە. بەڕێوەبەریى بزووتنەوەکەمان ئەو هەنگاوەی پیرۆز کردبوو. ئەو هەڵمەتە شێوازێکى نوێییە و چالاکیى لەو شێوەیە بەردەوامییان دەبێت. ئێمە پرۆژەى بونیاتنانەوەى نوێمان گرتووەتەبەر. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دەمانەوێت لەناو گەریلادا گۆڕانکارییەکى گەورە ئەنجام بدەین و گەریلای نوێ بونیات بنێین. پرۆژەى بونیاتنانەوەى نوێ تەنها پرۆژەى پێشخستنى تەکنیک و تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو پرۆژەیەدا لە رووی شێواز و بارەگاکانى گەریلا، شێوازی ژیان و شەڕی گەریلا دا هەوڵ دەدەین گۆڕانکاری ئەنجام بدەین. لەگەڵ ئەوەدا ئێمە دەمانەوێت تەکنەلۆژیاى هاوچەرخ بەکار بهێنین و بیخەینە خزمەتى شۆڕشەوە. لەسەر ئەو بنەمایە گەریلا کار لەسەر تەکنەلۆژیا دەکات. ئەوەندەى بکرێت گەریلا تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت، بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت ئێمە گەریلایەک بخوڵقێنین، کە لە دیسپلین دا بەهێز بێت، لە خۆشاردنەوەدا بەهێز بێت و هەواڵگریى دوژمن تێکوپێک بدات. ئەوەش بە شێوازى نوێ ئەنجام دەدرێت. ئەگەر گەریلا تەلەفون و ئینتەرنێت بەکاربهێنێت ئەوە نابێتە گەریلا سەردەمی نوێ. دەبێت گەریلای سەردەمى نوێ بزانێت کاتێک توانیى هەواڵگریى دوژمن تێکبدات ئەوە ئەو سەردەکەوێت. دەبێت لەو تەکنەلۆژیایە دوور بکەوێتەوە کە بۆ دوژمن دەبێتە سەرچاوەى سیخوڕی و هەواڵگری. ئێستا گەریلا وەک پێشتر بچێتە ناو گوندەکان نابێت، پێشتر ئەوە دەکرا، بەڵام ئێستا دەبێت جیاواز بێت. بە کورتی دەبێت گەریلا بە پلان بێت، بە دیسیپلین بێت و دوژمن نەتوانێت بە هەواڵگریش زانیاریى دەست بکەوێت. بە هەڵوێستێکى پرۆفیشناڵانە گەریلا دەتوانێت گورزی قورس لە دوژمن بدات. بۆ ئەوەى زانیاریى هەواڵگری بە دەستى دوژمن نەگات دەبێت برسیبوون و تینوبوون بۆ ماوەى چەند رۆژە لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوەى نهێنى بوونی خۆیان بپارێزن. ئێمە دەمانەوێت گەریلایەکى بە پلان و بە دیسیپلینى لەو جۆرە بونیات بنێنین. ئامانجی پرۆژەکەمان ئەوەیە. لەپاڵ ئەوەشدا تەکنەلۆژیا شوێنى خۆی هەیە، بەڵام ئەوە هەڵەیە کە مرۆڤ هەموو شتێکى خۆی بە تەکنەلۆژیاوە ببەستێتەوە و وا لە خۆی بکات کە ئیتر تەنها بە تەکنەلۆژیا شەڕ دەکرێت و هەر بەوە شەڕ بکات. لێکدانەوەى لەو جۆرە هەڵەیە. گرنگ ئەوەیە کە ئێمە بە چڕی سەرنج بخەینە سەر خاڵە سەرەکی و بنەڕەتییەکان. وەک وتم، خاڵی سەرەکی ئافراندنى ئاست و شێوازی سەرەکیى گەریلای نوێیە لە دژی دوژمن".
دەوڵەتى تورک بە ئامانجەکەى نەگەیشت
قەرەیلان سەرنجی خستەر سەر ئەوەش کە گەلی کورد لە بەرامبەر داگیرکەریى تورکیادا ئەمڕۆ لە ٣ پارچەى کوردستاندا تێدەکۆشێت و ئەوەشى وت "ئەو تێکۆشانە گەیشتووەتە ئاستێکى نوێ. دەوڵەتى تورکی فاشیست چیى لە دەست هات ئەنجامی دا. گۆشەگیریى بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپاند، شەڕێکى گەورەیى دەروونیى بەڕێوەبرد، زوڵمێکى زۆر گەورەى لە سیاسەتى کوردان کرد، قەیومی سەپاند بەسەر شارەوانییەکاندا، ژمارەیەکى زۆر هاوسەرۆک شارەوانیى زیندانیکرد. ئیدی تەحمولی دەوڵەتى تورک بەرامبەر بە موختار و ئەنجوومەنە کوردەکانیش نەماوە. دوژمنایەتى لە دژی کوردی ئازاد دەکات. هەر دەیەوێت هەموو کورد بسڕێتەوە. دەوڵەتى تورک تەنها بە داگیرکردنى عەفرین، یەکێک لەو شتانەی کە دەیخواست بە دەستیهێنا. ئەویش ئەنجامەکەى بە کوێ دەگات و چی دەبێت هێشتا روون نییە. لە عەفرین هێشتا شەڕێک لە ئارادایە و گەلەکەمان لەوێ خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکات. عەفرین بۆ دەوڵەتى تورک نامێنێتەوە. جگە لە عەفرین لە هیچ شوێنێک هیچ ئەنجامێکى بەدەستنەهێناوە. دەوڵەتى تورک لەمدواییەدا وتی، لە ساڵێکدا لە دژی گەریلا ٨٧ هەزار ئۆپەراسیۆنى ئەنجامداوە. یانى هەموو ئابووریى خۆیان بۆ شەڕ بەکارهێناوە و خەرجییەکى گەورەیان کردووە، بەڵام دیسانەوە ناتوانێت سیستمى گەریلا هەڵوەشێنێتەوە. ئەمڕۆ سیستمى گەریلایمان لە هەموو ئەیالەتەکاندا لە کاردایە. لە هیچ شوێنێکدا گەلەکەمان هەنگاوی بۆ دواوە نەناوە. لە هەڵبژاردنى ئەمدواییەدا دەرکەوت گەل لە بەرامبەر زوڵمدا خۆی دەپارێزێت و هەڵوێستى گەل لە بەرامبەر داگیرگەری نەگۆڕاوە. داگیرکەرانى تورک هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە. ئەگەر دەوڵەتى تورک ئەنجامى بەدەستبهێنایە، ئەوا پێویستیان بە بڕیارەکەى ئەمریکا نەدەبوو. لەبەر ئەوەى دەوڵەتى تورک سەرنەکەوتووە ئێستا دەیانەوێت دیسانەوە پیلانگێڕێیەکە زیندوو بکەنەوە".
پرۆژەى بونیاتنانەوە لە ٤١هەمین ساڵیادى تێکۆشانی پەکەکەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
قەرەیلان رایگەیاند، دوژمن خۆی بە تەواوی سەفەربەر کردووە، بەڵام سەرنەکەوتووە. راشیگەیاند "ئێمە بەرەنگاری و بەرخودانمان کرد، خۆمان پاراست، گەلێک کەسمان شەهید بوون، بەڵام بە بەراورد بە سەردەمەکانى پێشووتر لە ئاستى بەڕێوەبەریدا ژمارەی شەهیدەکانمان زیاترن. تێکۆشانی ئێمە بە بەرخودان و رەنجێکى گەورە ئەنجام دەدرێت. ئەوە دەریدەخات کە ساڵی داهاتوودا ئەو تێکۆشانە لە ئاستێکى گەورەتر و بڵندتردا بەڕێوەدەچێت. گەریلا ئامادەکاریى کردووە. گەریلا ماوەی ٢ ساڵە سەر پرۆژەى بونیاتنانەوەى نوێ کار دەکات و لە ٤١هەمین ساڵی تێکۆشانی پەکەکەدا، واتە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ئەو پرۆژەیە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام ئێمە دەزانین بابەتەکە تەنها گەریلا نییە. لە ناو گەلیشدا هەوڵدان هەیە، ئەوانە یەکتر تەواو دەکەن. گەلەکەمان پێدەنێتە قۆناعێکی نوێى تێکۆشانەوە. دەبێت هەموو کەس بە باشی لەوە تێبگات. دەبێت هەموو کەس بەپێى ئەوە خۆی ئامادە بکات. ئێمە دەتوانین بەو شێوەیە ساڵێکى نوێى تێکۆشان لە ئاستێکى باڵادا بەڕێوەببەین. ئامادەکاریمان هەیە و بناغەیەکى بەهێزی هەیە. کاتێک ئێمە دەڵێین، ئێمە هیوادارین ئەوە تەنها قسەیەک نییە، بەڵکو بەرخودان تاوەکوم ئەمڕۆ ئەو بناغەیەى دروستکردووە. هەڵوێستى بەرخودێرانەى رێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان پەیامە بۆ ئێمە. لەو چوارچێوەیەدا لە ٤١هەمین ساڵی تێکۆشانى پەکەکەدا ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی نوێ هەڵگرین. ئێمە دەمانەوێت ٤١هەمین ساڵی پەکەکە بکەینە ساڵی سەرکەوتن. بەو هیوایە و بەو بڕوایەوە لە ٤١هەمین ساڵی تێکۆشاندا لە رێگای ئازادیى رێبەر ئاپۆ و ئازادیى کوردستان دا سەرکەوتن بۆ هەموو گەلەکەمان، دۆستان، هەڤاڵان و هاوڕێیان دەخوازم و جارێکیتر جەژنی حیزبیان لێ پیرۆز دەکەم".
ر.م