قەرەیلان: ڕژێمی تورک لە ناو ترسدایە – بەشی دووەم-

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، هەروەک چۆن لە سوریا دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا، هێرشە ناوخۆییەکانیشی لە ترسی هەڵوەشاندنیەتی.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد. قەرەیلان باسی لە گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، دۆخی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب، سزای سەر ٢ گەنجی کورد بە هۆی کوشتنی ئەندامی میت لە هەولێر، گەماڕۆی سەر مەخموور و گرنگی تێکۆشانی گەریلا لەدژی فاشیزم کرد.

قەرەیلان لەبارەی گۆشەگیری ڕەها لە ئیمڕالی وتی، پیلانگێڕی بە تێکۆشانی گەل و گەریلا تێکدەشکێت و ڕایگەیاند، گۆشەگیری فاشیزمە، تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری بۆ ئازادی گەلانی تورکیا و کوردستانە.

قەرەیلان لەبارەی سزای لەسێدارەدان بۆ دوو گەنجی کورد بە هۆی ڕووداوی هەولێر، داوای لە باشووری کوردستان و ڕێکخراوانی مەدەنی کرد، خاوەنداری لەو گەنجانە بکەن و وتی، "دادگاییکردنەکەی هەولێر یاسایی نییە. بڕیاری دادگا سیاسیە." لەبارەی گەماڕۆی سەر مەخموریش وتی، "زیان بە یەکێتی نەتەوەیی دەگەیەنێت."

قەرەیلان لەبارەی جموجووڵی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سوریا وتی، "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب ، لە دڵەوە نییە، پووچەڵ بووەتەوە و دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو سوریا داگیر بکات.

ئامانجی ئەردۆغان داگیرکردنى سوریایە

هەموو سیاسەتەکانى تورکیا بەرامبەر سوریا گەیشتووەتە بنبەست. ئیدی دەبێت لە هەموو ناوچەکانى سوریا بکشێتەوە. لەلایەکەوە دەیەوێت بە ئاشکرا سوریا داگیر بکات و لەلایەکى ترەوە دەڵێت 'ئێمە چاومان نەبڕیوەتە خاکی سوریا'. رەنگە چاویان نەبڕیبێتە بەشێکی سوریا، بەڵام چاویان بڕیوەتە هەموو سوریا. دەیەوێت لەوێ ئیخوان موسلمین باڵادەست بکات و ئێستا لە کوێدایە دەیەوێت ئەو شوێنە داگیربکات و بیخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. سەرباری ئەوە چۆن دەتوانێت بڵێت، چاوم نەبڕیوەتە سوریا، بەڵام ئەوە روون سیاسەتى داگیرکردنى سوریای هەیە.

بەرپرسی نوێى داعش لە ژێر کۆنترۆڵی میت دایە

لەبەر ئەوەى رووسیا حسابی جیای هەبوو تاوەکو ئێستا رێگای بۆ سیاسەتەکەى تورکیا دەکردەوە، بەڵام ئیدی ئەوە بەرەو کۆتایى دەڕوات و دەوڵەتى تورک ئەو بەڵێنانەى دابووی جێبەجێی نەکردوون. ئەوە روونە هەر کەسێک رێککەوتنەکەى سۆچی بەپێى تێگەیشتنی خۆی لێکدەداتەوە. دەوڵەتى تورک دەڵێت، بەپێى سۆچی دەجوڵێتەوە. رووسیا دەلێت، ئیدی تورکیا بەپێى سۆچی ناجوڵێتەوە و ئەو بەڵێنەى کە دابووی جێبەجێی نەکردووە و بەو هۆیەوە شەڕ روودەدات، دەبێت تورکیا ئەو چەتانە لە سوریا بباتە دەرەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى نەیبردونەتە دەرەوە دەوڵەتى سوریا دەیانکاتە دەرەوە. تورکیا لەبریى ئەوەى چەتەکان بباتە دەرەوە دەچێت لە بریى ئەوەى بەهێزیان دەکات و لە دەوری یەک کۆی کردوونەتەوە. هەوڵ دەدات قاعیدە بەهێز بکاتەوە. هێڵی قاعیدە لە سوریا بەرەی نوسرەیە. لەبەر ئەوەى بیانپارێزێت پێى وتن 'خۆتان هەڵبوەشێننەوە و ناوی خۆتان بگۆڕن و بچنە ژێر چەتری سوپای نیشتمانیى سوریا، چونکە بەو شێوەیە دەتوانم بتانپارێزم'. هاوکات لەلایەکى ترەوە ئەوە ئاشکرا بوو، کە یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى داعش ماوەى ٣ ساڵە لە بورسایە. من دەتوانم ئەوە بە روونی بڵێم، کە هەموو بەڕێوەبەرانى نوێی داعش لە تورکیان. ئەوە سەرەکە نوێیەیان کە تازە هەڵبژێردراوە و ناوی ئەل سەلڤییە و هەر هەموویان لە تورکیادان و لە میت دەیانپارێزێت. دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکانیش ئەوە دەزانن و چاوی خۆیان لەو کارە نوقاندووە.

فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەم ناوخۆ و هەم دەرەوە لەدەست دەدات

هەوڵە بەرچاوەکانى ئەردۆغان بۆ پاراستنى نوسرە بە تەواوی ئاشکرا بوون. ئەوەش رووبەڕووی ناڕەزایەتیی دەکاتەوە. هێزەکانى ناتۆ، ئەمریکا لەبەر هەندێک بەرژەوەندیى خۆیان چاو لەو هاوکاریى نێوان تورکیا – ئیخوان موسلیمین، داعش و نوسرە دەنوقێنن، بەڵام ئیدی راستیى ئەردۆغان بۆ هەموان ئاشکرا بووە. سیاسەتەکانی لە سوریا و لیبیا ئەنجامی بەدەست نەهێنا. بەو شێوەیە بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات. بێگومان ئەو دۆخە بۆ گەلی هەرێمەکە، کورد و هەموو کەسێک و بۆ دۆخێکى نوێ دەرفەت دەڕەخسێنێت، چونکە ئاکەپە – مەهەپە و رژێمى ئەرگەنەکۆن نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلی عەرەب، گەلانى ناوچەکە و بۆ هەموو گەلان و گەلانى تورکیا مەترسین. بۆ چەپەکانى تورکیا، سۆسیالیستەکان، دیموکراتەکان و دیموکراسیى تورکیا مەترسیی جدییە. لەبەر ئەوەش ئەو قۆناغەى کە پیایدا تێدەپەڕین پەیوەندیى بە هەموو کەسێکەوە هەیە و قۆناغێکى گرنگە. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەدۆڕێت و لە سوریاش هیچ دەست ناکەوێت.

ستراتیژیایەکى هاوبەش دەتوانێت کوردان رزگار بکات

ئێمە بە قۆناغێکى گرنگ و هەستیاردا تێدەپەڕین. رۆژەڤ گەلی کورد و یەکێتیى نەتەوەییە، چونکە ئەو دۆخەى لە گۆڕێدایە دەرفەتێکى باش بۆ کورد دەڕەخسێنێت. ئەگەر گەلی کورد لە چوارچێوەى ستراتیژیایەکى هاوبەشدا کۆببێتەوە دەتوانێت وەک دراوسێکانى خۆی لە ناوچەکەدا بە ئازادی بژی. مەرجەکان ئەوە بونیاتنراوە. وەک دەزانرێت هێزە داگیرکەرەکانى تر بە پێشەنگایەتیى دەوڵەتى تورک دەیانەوێت لەمپەر دروست بکەن. دەیانەوێت جارێکیتر لۆزانێکى نوێ بەسەر کورددا بسەپێنن و هەتاکو لە دەستیشیان بێت خراپتریش دەکەن. لە دژی ئەوە یەکێتیى نەتەوەیى زۆر گرنگە و پێویستییەکى ژیانییە. ئێستا لەو بوارەدا خەبات دەکرێت و ئێمە نامانەوێت هیچ زیانێک بەو خەباتە بگات. هەر چییەکیان دەوێت بە عەقڵێکى سەلیم و تەندروست و بەرپرسیارانە بیگرنەبەر. نزیکایەتیمان لە چوارچێوەى گشتیدا بەو شێوەیە دەبێت.

بڕیاری لەسێدارەدان لە هەولێر

ئەو دادگایەى لە هەولێر بەڕێوەچوو حقوقی و یاسایى نییە. ئەو بڕیارە دادگا دەریکردووە بڕیارێکى سیاسییە. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت بڕیارێکى سیاسیش نییە، لە راستیدا بۆ ئەوەیە خۆیان بە باشی پێشکەشی تورکیا بکەن و هەوڵەکان بۆ رێککەوتن لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە بەرەو پێش دەبرێت.  ئەو بڕیارە کە دادگا دەریکردووە، ئەنجامی هەوڵێکە بۆ ئەو جۆرە رێککەوتنە. ئەو گەنجانەى لەبەر ئەو رووداوە دەستگیرکراون پەکەکە نین، بەڵام کوردن، لایەنگری بزووتنەوەى ئازادی کوردستانن. ئەوەش بەو مانایە نییە کە خاوەندارییان لێنەکرێت. بە بڕوای ئێمە گەلی باشووری کوردستان لە پێش هەموانەوە و هەموو رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی خاوەنداری لەو گەنجانە دەکەن تاوەکو دادپەرەوەری بچەسپێت. نابێت رێگە بەوە بدرێت ئەوە بێ مافییە. چی دەبێت با ببێت لە دانیشتنێکدا بڕیارێکى لەو شێوەیە چۆن دەدرێت؟ وەک ئێمە دەزانین یەکێک لەو گەنجانە هیچ بەشدارییەکى لە رووداوەکەدا نەبووە. ئەو دیمەنانەى لە چاپەمەنییەکان بڵاوکراونەتەوە و ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە لە یەکتر جیاوازن.سەرباری ئەوەش دەرکردنى بڕیارێکى لەو شێوەیە راست و دروست نییە. بۆ ئەوەى لە کوردستاندا ماف بچەسپێت و بێ مافی روونەدات و دادپەروەری بچەسپێت، بوونی پارێزەران و دادپەروەرانە بەڕێوەبردنی دۆزەکە لە دادگا و لێکۆڵینەوەکردن لەبارەى ئەوەى، چی بوە هاندەری ئەو مرۆڤانە ئەو کارە بکەن و دەبێت هۆکارەکان ببینرێن و ئەوە لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت. دەبێت ئەوە بە پرۆسەیەکى دادپەرەوەرانە و دادگاییەکی حقوقیدا تێپەڕێت. خێرا گەیشتن بە بڕیارێکى لەو شێوەیە و کۆتایهێنان پێ نابێت. ئێمە ئەوە بە بڕیارێکى حقوقی نازانین.

دۆخی مەخمور

هەندێک بابەت هەن نابێت زۆر قسەیان لەسەر بکرێت، چونکە ئەوانە تایبەتمەندی، خۆسەری و بابەتە بەهادارەکانن. ئەگەر قسەیان لەسەر بکرێت یانی ئەو قسە لەسەر بەهاکەیان دەکرێت. ئەگەریش ئەوە بکرێت و تێگەیشتن بۆ بابەتەکە نەبێت ئەوا هەر کەس بەپێی خۆی و لە چاوی خۆییەوە باس لەو بەهایانە دەکات و رەفتاریان لەگەڵ دەکات. بۆ باسی ئەوە دەکەم؟ باسەکەم باسی مەخمورە. ئێمە نامانەوێت مەخمور بکەین بە بابەتێکى سیاسی.

گەلە فیداکارەکەمان کۆچبەر بووە لە مەخمور دەژین، سەدان رۆژ لە دژی داعش سینگی خۆیان کردە لەمپەر و سەنگەر و پایتەختی باشووری کوردستانیان پاراست. ئەگەر گەلەکەمان لەوێ رێگریی لە چەتەکان نەکردایە و سەنگەریان لێنەگرتایە و خۆڕاگرییان نەکردایە، گەلۆ داعش دەچووە هەولێر یان نا؟ بێگومان دەچووە هەولێر، چونکە هیچ شتێک لە بەردەمیدا نەبوو و هیچ نەبوو پێشی لێبگرێت. بۆ ئەوەى دەستکەوتەکانی کورد لە دەست نەچن، لە دژی گەلێک کە فیدکاری و قارەمانیى زۆریکردووە، دەبێت بە شێوەیەکى باش هەڵوێست نیشان بدرێت. نابێت ئەو شتانەى ئەو گەلە کردوونی پشتگوێ بخرێن. تاوەکو ئێستا ئومێد و چاوەڕوانیمان لەو چوارچێوەیەدا بووە و لە ئێستا بە دواوەش هەر وا دەبێت. دەبێت حکومەتى هەرێمى باشووری کوردستان لەو چوارچێوەیەدا سەیری بابەتەکە بکات، چونکە لە ئەنجامدا خەڵک و کۆمەڵگە لەوێ دەژین.

بۆ دۆزی هەولێر و مەخمور پێویستى بە رەفتار و هەڵوێستێکى نەتەوەیی هەیە

لێرەدا جارێکیتر پێویستى بە رەفتارێکى نەتەوەیى هەیە. چاوەڕوانیى ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەیە. هەم بۆ چەسپاندنی حقوق و هەمیش بۆ پاراستنى هەموو شتێکى کەرامەتدار و مانادار. پاراستنى هەموو شتێک بەهای نەتەوەیى لە خۆی دەگرێت و ئەوەش لە هەموو روویەکەوە باشتر دەبێت. لەم قۆناغەدا لە هەموو کات زیاتر پێویستیى گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان، هەر چەند ئێستا نەبوون بە یەک، بەڵام پێویستیمان یارمەتیدانى یەکتر و یەکتر لاواز نەکردن هەیە. لەم قۆناغە ئاڵۆز و قەیراناوییەدا ئەگەر یەکێتیى نەتەوەیمان دروست نەکەین و هەوڵی بۆ نەدەین ئەو دەرفەتەى هەیە لە دەستمان دەچێت و سبەی هەموو کەس ئێمە بە بەرپرسیاری ئەوە دەزانێت. یانی ئەوانەى ئەمڕۆ خۆیان بە بەرپرسی سیاسی دەزانن، دەبێت ئەو بەرپرسیاریەتییە نەتەوەییە ببینن. رێز لە هەموو هەوڵەکان بۆ یەکێتیى نەتەوەیى و ئەو کەسانە دەگرم، کە ئەو تێکۆشانە بەڕێوە دەبەن و سڵاویان لێدەکەم. دەبێت لەم کاتەدا تێکۆشانی یەکێتیى نەتەوەیى لەسەرووی هەموو شتێکەوە ببینرێت.

ف.ق