قەرەیلان: ڕژێمی تورک لە ناو ترسدایە – بەشی سێیەم و کۆتایى

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، هەروەک چۆن لە سوریا دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا، هێرشە ناوخۆییەکانیشی لە ترسی هەڵوەشاندنیەتی.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد. قەرەیلان باسی لە گۆشەگیری ڕەهای سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، دۆخی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب، سزای سەر ٢ گەنجی کورد بە هۆی کوشتنی ئەندامی میت لە هەولێر، گەماڕۆی سەر مەخموور و گرنگی تێکۆشانی گەریلا لەدژی فاشیزم کرد.

قەرەیلان لەبارەی گۆشەگیری ڕەها لە ئیمڕالی وتی، پیلانگێڕی بە تێکۆشانی گەل و گەریلا تێکدەشکێت و ڕایگەیاند، گۆشەگیری فاشیزمە، تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری بۆ ئازادی گەلانی تورکیا و کوردستانە.

قەرەیلان لەبارەی سزای لەسێدارەدان بۆ دوو گەنجی کورد بە هۆی ڕووداوی هەولێر، داوای لە باشووری کوردستان و ڕێکخراوانی مەدەنی کرد، خاوەنداری لەو گەنجانە بکەن و وتی، "دادگاییکردنەکەی هەولێر یاسایی نییە. بڕیاری دادگا سیاسیە." لەبارەی گەماڕۆی سەر مەخموریش وتی، "زیان بە یەکێتی نەتەوەیی دەگەیەنێت."

قەرەیلان لەبارەی جموجووڵی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سوریا وتی، "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب ، لە دڵەوە نییە، پووچەڵ بووەتەوە و دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو سوریا داگیر بکات.

هەر کوردێکى خاوەن کەرامەت و ناسنامە لە ئامانجی رژێمى قڕکەردایە

ئێستا لە تورکیا رژێمى دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و رژێمى ئەرگەنەکۆن دەیانەوێت بوونی خۆیان لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەى کورد درێژە پێ بدەن. بۆ بەردەوامیدان بە رژێمى فاشیست نەک تەنها هێزی چەکداری تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەکەنە ئامانج، بەڵکو دەیانەوێت لە هەموو روویکەوە و بە تەواوەتی کورد پاکتاو بکەن. پێشتریش دەیانوت "دەبێت دەست لە تێکۆشانی چەکداری لە چیاکان هەڵگرن و بێن کاری سیاسەت بکەن". بەڵام ئێستا ئەوەى لە شار و لە چیا گوشار لە کورد دەکات هەمان ئەو کەسانەن پێشتر ئەو قسانەیان دەکرد.  بۆ؟ چونکە ئێستا سیاسەتەکەیان وەرسوڕاوەتە سەر سیاسەتى سڕینەوە و قڕکردن. لەبەر ئەوەش هەر کوردێکى بە کەرامەت و خاوەن ناسنامە لە ئامانجی رژێمى قڕکەردایە.

هەر فاشیزم لاواز بێت دەترسێت، هەر کە ترسا هێرش دەکات

رژێمى فاشیست دەیەوێت بە گوشار گەل بگەیەنێتە خاڵی خۆبەدەستەوەدان، چونکە هێزی بنەڕەتى گەلە و هەموو شتێک گەلە. دەبێت گەلەکەمان لەوە باش تێبگات. هێزی سەرەکى هەر گەلەکەمان خۆی بۆ خۆیە و هیچ کەسێکى تر نییە. لە مانگی شوباتدا بە ئیدعای ئەوەى نزیکەى ٥٠٠ پەکەکەیى و کەسی ئێمە دەستگیرکراون، هەدەپەییەکان، ئەندامانی رێکخراوەکان، ئەندامانی بزووتنەوەى ژنان، گەنجان و ئەوانەى بە ناسنامەى کوردبوونەوە کار دەکەن و هەموو ئەو کەسانەشی هیچ پەیوەندییەکیان بە پەکەکەوە نییە بە پەکەکەیى تۆمەتبار دەکرێن و دەستگیردەکرێن. باشە بۆ ئەوە دەکەن؟ ئەوان لەم زستانەدا چییانکردووە، راپەڕینیان ئەنجامداوە، خۆپیشاندانیان رێکخستووە؟ نا هۆکارەکەى ئەوەیە لە ترسا ئەو کارە دەکەن و ئەوە نیشانەى ترسی ئەو رژێمەیە. ئەو رژێمە لەخۆی دەترسێت و ناتوانێت بەردەوامی بە بوونی خۆی بدات و ئەو ترسە بەربینگی گرتووە. لەبەر ئەوەش چەندە لاوازیش بێت هەر هێرش دەکات. وادەزانێت بە هێرشەکانی لاوازییەکانى تێدەپەڕێنێت و کۆتاییان پێدێت. ئێستا گەل لە تورکیا برسییە، بێکارە و لە قەیراندان. مرۆڤەکان دەچنە سەر بینای قائیمقامیەتەکان و خۆیان هەڵدەدەنە خوارەوە و خۆیان دەکوژن، هاووڵاتییان لە ماڵەکانى خۆیاندا ژەهر دەخۆنەوە و خۆیان دەکوژن، گەل لە زۆرێک لە رووەکانەوە لە ناو قەیراندایە.

دەترسن سەرهەڵدانى کوردان بۆ تورکیا بپەڕێتەوە

رژێمى فاشیست لە بەرەوپێشچوونی سەرهەڵدانەکان لە کوردستان دەترسێت، دەترسێت لەوەى گەلانى تورکیا چاو لەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد بکەن و ئەوانیش راپەڕن، یان بەشداری بکەن و رژێم هەڵوەشێنن، بۆیە رژێمە لەوە دەترسێت. لەبەر ئەوەش زۆر لە گەل دەترسن. سەرهەڵدانێکى گەلی کورد لە ئامەد، وان، ئێلح و رژانە سەر شەقامەکان بووەتە ئاماژەیەک بۆ گەلانى تورکیا، لەبەر ئەوەش لە راپەڕین و بزووتنەوەى هەمەلایەنەى گەلان دەترسن. لەبەرچی ئێستا و لەم کاتەدا باسی گەزی دەکەن؟ دادگا بۆ دۆزی گەزی بڕیاری بێتاوانبووی دەرکرد، بەڵام ئەردۆغان هات و لێدوانی دا و رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانى گەزیدا دڕندەیى و بەربەریت ئەنجامدراوە و توندونیژی ئەنجامدراوە و هەوڵدراوە رژێم هەڵبوەشێننەوە، لە دەرەوەى دادگا ئەوەى سەلماند کە تاوان ئەنجام دەدات، چونکە زۆر لە گەزی ترساوە. لەبەر ئەوەش راپەڕینێک لە کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەى رێگا بەرەو بزووتنەوەیەکى گەل کە لە گەزی گەورەتر بێت لە تورکیا بکاتەوە و زۆر لەوە دەترسێت. لەبەر ئەوەش هەموو کات پۆلیس لە بەر دەرگای بیناکان، رێکخراوەکان، ماڵی هاووڵاتییان لە ئامادەباشیدایە.

گەلەکەمان هەنگاو بۆ دواوەوە هەڵناگرێت

ئێستا لە ئامەد رۆژنامەنووسان، داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و هەندێک کەسی تریان دەستگیرکردووە. لەلایەن هەموو کەسێکەوە ئەوە دەزانرێت، کە ئەوانە جگە لە کاری رۆژنامەنووسی هیچ کاریکى تریان نەکردووە، بەڵام هەر دەستگیر و زیندانی دەکرێن. ئەوە فاشیەتە. لە خۆی دەترسێت و لە سێبەری خۆی دەترسێت و بۆ ئەوەش پەلاماری هەموو کەسێک دەدات. هەموو کارەکانى نیشانەن بۆ سەلماندنی ئەو ترسە زۆرەی. دەبێت گەلەکەمان ئەوە باش بزانێت، کە نابێت هەنگاو بۆ دواوەوە بنێت. گەلەکەمان تاوەکو ئێستا هەنگاوی بۆ دواوەوە نەناوە و لە ئێستا بە دواوەش هەنگاو بۆ دواوەوە نانێت. ئەو گەلە بۆ خۆیان بە ترس دەزانن و بۆ ئەوەش دەیانەوێت هێزی گەل لە ناو ببەن. ئۆپراسیۆن و زیندانیکردن لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى پاکتاوکردنى سیاسیدا لە پێناوەدا ئەنجام دەدەن.

ئۆپراسیۆن لە دژی گەریلا ئەنجامی نابێت

ئۆپراسیۆن لە دژی گەریلا بە بەردەوامی درێژەى هەیە. سەرەتا قسەیان کرد و ئێستاش پەردەپۆشی دەکەن و خۆیانی لێ نەبان دەکەن، چونکە ئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنانە هەر وەک پێشتر و بگرە ئێستا بە تایبەتی تر و زۆر زیاتر نایدەن بە میدیاکان و راگەیاندنەکان. بۆچی؟ چونکە ئەنجامەکانى ئەو پۆپراسیۆنانە بەتاڵ و بێسوودن و هیچ ئەنجامێکیان نییە. هەندێکجار دەچن کەلوپەلەکانى پێشتری هاوڕێیانمان لە کامپەکان دەدۆزینەوە و زبڵەکان دەدۆزنەوە دڵی خۆیانی پێ خۆش دەکەن و لە راگەیاندنەکان دا بڵاوی دەکەنەوە و دەڵێن "ئێمە ئەوەندە کامپی پەکەکەمان دۆزییەوە و تێکماندان"، بەڵام تاوەکو ئێستا و لەم قۆناغەدا کە بەردەوامیی هەیە ئۆپراسیۆنەکانیان هیچ ئەنجامێکى نەبووە و هیچیان دەست نەکەوتوە.

گەریلاکانى ئازادیی کوردستان خاوەن ئەزموونن. گەریلاکانمان لەسەر ئەو بنەمایە خۆیان قوڵ و بەهێز و بە ئەزمون کردووە. گەریلاکانمان لەو هۆشیاری و ئاگاییەدایە، کە چۆن خۆی جێگیر بکات، چۆن سەنگەر بگرێت و چۆن فیداکاری بکات. لێرە دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر هەندێک خاڵ، لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا، لێدوان و راگەیاندراوی پێویست بڵاودەکرێنەوە. لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بە بەردەوامی ئۆپراسیۆنی ئاسمانى بەڕێوەدەچن. بە باکووری کوردستان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدرێن. ئەوەش لە چوارچێوەى کارکردن و جیبەجێکردنی پرۆژەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوەکەماندایە. ئێمە وەک هێزەکانى هەپەگە و هێزەکانى پاراستنى کوردستان چەند پرۆژەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا بەو ئەندازەیە سەرکەوتو و بەهێز دەبین و دەبینە هێزی سەرکەوتن. هیوا و ئومێدمان لە هەموو کاتیش زیاتر بەهێزترە".

ژ.ت

****