قەیومە تاڵانکارەکەى ئاکەپە ئەمجارە چاوی بڕیوەتە قەڵاى ئارتەمێنت

عاتف چیچەکلی قەیومە تاڵانکارەکەى ئاکەپە، کە دەستیگرتووە بەسەر شارەوانیى ئارتەمنێت دا لە وان. ماوەیەک لەوە پێش لەسەر گۆڕستانی ئەرمەنییەکاندا توالێتى دروستکردبوو و ئێستاش بۆ دروستکردنى کافتریایەک لە قەڵاى ئارتەمێنت دەستبەکار بووە.

پارێزگار و قائیمقامەکانى دەوڵەتى ئاکەپە لە تورکیا، کە دەستیان گرتوە بەسەر شارەوانییەکانى دەبەپەدا شوێنەوارە مێژووییەکان و سروشتى ناوچەکانى کوردستان تێکدەدەن و تاڵانیان دەکەن.

ئەو قەیومانەى کە تاڤگەى بێگرێ-یان بۆ ماوەی ٤٩ ساڵ کڕی و لە ئارتەمێنێت پیساییان کردە سەر گۆڕستانى ئەرمەنییەکان بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدان مێژوو و جوانیى شارەکانى کوردستان تاڵان بکەن.

عاتف چیچەکلی قەیومی تاڵانکار لە ئارتەمێنت لەسەر گۆڕستانى ئەرمەنییەکاندا توالێتى دروستکرد. ئەو کارە بە رادەیەک دەنگى دایەوە و بە رادەیەک کاردانەوەى لێکەوتەوە، کە وەزارەتى رۆشنبیری و گەشتیاری ناچاربوو بڕیاری رووخاندنى توالێتەکان دەربکات، بەڵام عاتف سەرباری ئەوەش وتبوی 'ئەگەر گۆڕستانێکى تر هەبێت هەر توالێتى لەسەر دروست دەکەم' و رێگاى لە رووخاندنى توالێتەکان گرتبوو. چیچەکلی بەپێى میزاج و یاساکانى خۆی دەجوڵێتەوە و ئێستاش چاوی بڕیوەتە قەڵاى ئارتەمێنت.

چیچەکلیى تاڵانکار بۆ قەڵاى ئارتەمێنت پرۆژەیەکى ئامادە کردووە تاوەکو کافتریایەک و چێشتخانەیەک لە قەڵاکەدا دروست بکات و بۆ ئەوەش دەستکراوە بە کاری بیناسازی بۆ دروستکردنى کافتریا و چێشتخانەکەى چیچەکلیى تاڵانکار.

عەلی کالچاک سەرۆکى کۆمەڵەى ژینگەپارێزی وان (چاڤدەر -ÇEV-DER) لەوبارەیەوە رایگەیاند "قەڵای ئارتەمێنت شوێنێکى مێژووی و جوان و تایبەتمەند و گەشتیاریی وانە و هەموو ئەو گەشتیارانەى دەچنە وان، دەیانەوێت سەردانى ئە قەلایە بکەن. دەریاچەى وان لە قەڵاکەوە جوان دیارە و گەشتیارەکان دیمەنێکى جوانى دەریاچەکە دەبینن. لەلایەکى ترەوە مرۆڤ چیای ئارتۆس و لەلایەکى تریشەوە لە قەڵاکەوە چیاى سیپان دەبینێت".

راشیگەیاند "نابێت دەست لە شوێنەوارە مێژووییەکان بدرێت. هەر نابێت تەنانەت کڵێسە یان مزگەوتیش لەو شوێنەوارە مێژوویەکاندا دروست بکرێت. ئەوەى ئێستا لەو قەڵایەدا ئەنجام دەدرێت تەنها بۆ بەرژەوەندیى هەندێک کەسە".

عەلی کالچاک ئەوەشى وت "شوێنەوارە مێژووییەکان بەهای هاوبەشی گەلانن، بەڵام ئێستا هاتوون کافتریاى تیادا دروست دەکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سبەى بۆ سەردانکردنى قەڵاکە پارە لە خەڵک وەربگرن. ئەو قەڵایە شوێنێکى گشتی و مێژوویە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى گەشتیاری و رۆشنبیری و دەستەى پاراستنى شوێنەوارە مێژووییەکانە، بۆیە نابێت کاری بیناسازیى تیادا ئەنجام بدرێت. ئێمە لەسەر ئەو کارانە لە دادگا سکاڵاى تۆمار دەکەین".

ر.م