کۆمەل سەرمەد هاوسەرۆکی هه‌رێمی كه‌ركووكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمەڵگه‌ی كوردستان له میانه‌ی لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) ڕایگه‌یاند، شاری كه‌ركووك بووه‌ته قوربانیی شەڕی دەسەڵاتخوازیی نێوان هەردوو حیزبی کوردی دەسەڵاتدار لە باشووری کوردستان. گوتیشی، ئەم شه‌ڕه‌ی لەسەر دەسەڵات دەکرێت لەنێوان پارتیی دیموکراتیی کوردستان (په‌ده‌كه) و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یه‌نه‌كه)دایه.
به گوته‌ی سه‌رمه‌د، کێشەی پێكهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و کێشەی پۆست و پلەی حیزبەکان تێكه‌ڵ بە کێشەکانی کەرکووک کراوە.
هاوسەرۆکی ته‌ڤگه‌ری ئازادی لە کەرکووک ڕاشیگەیاند: «کێشەی کەرکووک گرێدراوە بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە دیار نییه کە یه‌نه‌كه لە كوێی حکوومەتی نوێ‌دا جێ ده‌گرێت. دوای ئەوەی په‌ده‌كه رێکەوتنی له‌گه‌ڵ بزووتنەوەی گۆڕان كرد بۆ پێکهێنانی حکوومەت و له‌گه‌ڵ یه‌نه‌كه نه‌گه‌یشتنه ڕێكه‌وتن، كاریگه‌ری له دۆخی كه‌ركووك كردووه و تا ئێستا کێشەی کەرکووک بە هەڵواسراوی ماوەته‌وه.»
کۆمەل سەرمەد دەربارەی هه‌ڵوێستی ته‌ڤگه‌ری ئازادی لە کەرکووک گوتی، «ئێمە پێمان وایە کێشەی کەرکووک کێشەیەکی تایبەت و دیاری کراوە. پێویستە تێکەڵ بە ململانێی حیزب، كه‌سی و بنەماڵەیی لە هیچ شوێنێکی عێراقدا نه‌كرێت. پێویستە تایبەتمەندییەک بە کێشەی کەرکووک بدرێت، چونكه خه‌ڵكی کەرکووک ناخۆشی و نەهامەتی زۆریان بینیوه.»
سەرمەد ڕاشیگه‌یاند، «پێویستە لایەنە سیاسییەکان به‌زووترین كات ده‌رباره‌ی پرسی کەرکووک كۆببنه‌وه و لەسەر پرسی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک ڕێككه‌ون. بۆ ئه‌وه‌ی دۆخەکە بە هەڵواسراوی نەمێنێته‌وه و بارودۆخی شاری کەرکووک ئاسایی بێتەوە.»
s.m