لاوانی وان گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالانیان ئیدانه كرد
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی لاوانی هه‌ده‌په به درووشمی «به لاوی ده‌ستپێمان پێكرد، به لاوی ته‌واوی ده‌كه‌ین» گۆشه‌گیری و سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌یان ئیدانه كرد.
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی لاوانی هه‌ده‌په به درووشمی «به لاوی ده‌ستپێمان پێكرد، به لاوی ته‌واوی ده‌كه‌ین» گۆشه‌گیری و سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌یان ئیدانه كرد.
ئه‌نجومه‌نی لاوانی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) به درووشمی «به لاوی ده‌ستپێمان پێكرد، به لاوی ته‌واوی ده‌كه‌ین» له پاركی ئاشتیی ئاپێ مووسا گۆشه‌گیری و سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌یان ئیدانه كرد. جگه له به‌شداری هاوڵاتیان، هاوسه‌رۆكانی لقی شاری وان-ی هه‌ده‌په یادیشان كارابوولاك و ئومێد ده‌ده، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ی شاری وان موعه‌زه‌ز ئۆرهان و موراد سارساچ، په‌رله‌مانتاری ئامه‌د ده‌رسیم دا‌غ، هاوشاره‌دار، نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (كه‌جه‌ده)، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ده‌په و ده‌به‌په (پارتی هه‌رێمه دیوموكراتییه‌كان) به‌شدار بوون.
بۆ یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیدانی تێكۆشانی ئازادی خوله‌كێك ڕێز گیرا و دواتر په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی شاری ئامه‌د ده‌رسیم دا‌غ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و یادی په‌رله‌مانتاری خوولی ٢٥ و ٢٦ی شاری ڕوحا ئیبراهیم ئایهانی كرده‌وه كه له ڕۆژانی ڕابردوو به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵ له هه‌ولێر ژیانی له‌ده‌ستدا.
دا‌غ گوتی، لاوان شكست به گۆشه‌گیریی ئیمڕاڵی و سیاسه‌ته‌كانی شه‌ڕی چه‌په‌ڵ دێنن. سیاسه‌تی تواندنه‌وه، نكۆڵی و له‌ناوبردن هه‌ر وه‌ك چۆن تا ئێستا ئه‌نجامی نه‌بووه، له‌مه‌ودواش ئه‌نجامی نابێت.
ده‌رسیم دا‌غ له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: «فاشیزمی ئاكه‌په و مه‌هه‌په نه‌ك ته‌نیا كوردانی ئێره ده‌كاته ئامانج، به‌ڵكو هه‌موو كوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و جیهان به ئامانج ده‌گرێت. هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر دایكانی شه‌ممه، ئه‌وانه هیچ ڕه‌گه‌ز و ئه‌خلاقێك ناناسن، مۆڵه‌ت ناده‌ن كه ته‌رمه‌كانمان به‌خاك بسپێرین. فاشیزمی ئاكه‌په ماوه‌ی ٣ ساڵه گۆشه‌گیرییه‌كی تووندی به‌سه‌ر ئۆجالاندا سه‌پاندووه. دیاره له تێكۆشان و باوه‌ڕیی ئێمه ده‌ترسن. له‌به‌رئه‌وه‌ی باش ده‌زانن هه‌تا ئێستا سه‌رنه‌كه‌وتوون، بۆیه هه‌موو ڕێبازێكی چه‌په‌ڵ تاقیده‌كه‌نه‌وه.»
دواتر هونه‌رمه‌ند قادر چات چه‌ند گۆرانییه‌كی پێشكه‌ش كرد و پاشان میتینگه‌كه كۆتایی هات.
s.m