لاورەنجە: ئەوان ئێستا لەدژی دیکتاتۆرێک شەڕ دەکەن

وێنەگری کەنەدی ژۆی لارەنجە، ئەو وێنانەی لە ڕۆژئاوا، شەنگال و مەخمور گرتبوونی، لە پیشانگایەک نیشانی دان. وێنەکان باس لە زوڵم، بەرخۆدان و چیرۆکی مرۆڤەکان دەکەن.

ئاژانسی فۆتۆگرافی میترۆ کە لە چەندین ناوچەی باشووری کوردستان چالاکە، لە ٢ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی ڕۆژئاوا لە سلێمانی پیشانگایەکی فۆتۆگرافی کردەوە. پیشانگاکە لە بینای ئەمنەسوورەکە بوو کە پێشتر لە سەردەمی حوکمی بەعس و سەدام حسێندا یەکێک بووە لە ناوەندەکانی زیندان و ئەشکەنجە و گولـلەبارانکردن، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩٢ دەستیبەسەردا گیرا و کرایە مۆزەخانە. لە پیشانگاکەدا وێنەکانی فۆتۆگرافەری کەنەدی ژۆی لاورەنجە نمایش کران. لاورەنجە لە چەندین شوێنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێنەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدەی گرتووە، هاوکات لە شەنگالیش درامای ئاوارەبوونی ئەو خەڵکەی بە وێنە تۆمار کردووە کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوون، وێنەی شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە و گەریلاکانی هەپەگەی لە کەرکوک و مەخمور گرتووە.

لاورەنجە: ئەوان ئێستا لەدژی دیکتاتۆرێک شەڕ دەکەن

لاورەنجە لەبارەی شوێنی پێشانگا و وێنەکان وتی: "ئێمە ئێستا لە ئەمنە سوورەکەین. ئەم زیندانە شوێنیکی بەناوبانگە کە بە ئەشکەنجە لەدژی کورد و مەحکومەکانی عێراق دەنگی داوەتەوە. کوردانی باشوور شۆڕشی خۆیان کرد و دیکتاتۆرێکی وەکو سەدامیان لەناوبرد. ئەو شەڕڤانانە لەناو ئەم وێنانە دان، ئێستاکە لەدژی دیکتاتۆرێکی دیکە، لەدژی ئەردۆغان شەڕ دەکەن. سەربەرزین بەوەی وێنەی ئەو شەڕڤانانە نیشان دەدەین و سەرنج ڕادەکێشینە سەر ڕۆژئاوا".

داهاتەکەی دەداتە مانگی سوور

لاورەنجە لەبارەی داهاتی پێشانگا و ئەو کارتپۆستاڵانەی دەفرۆشرێن وتی: "بەو پارەیەی لێرە دەستمان دەکەوێت هاوکاریی مانگی سوور دەکەین کە ڕێکخراوێکە هاوکاری کورد دەکات. مانگی سوور یەکێک لەو ڕێکخستاننەیە کە من لە ڕۆژئاوا چەندین جار بینیم لەو ناوچەیە کار دەکەن.  ئەوان هاوکاری خەڵکی سڤێل دەکەن و لەبەرئەوەش، هەر شتێک لێرە بفرۆشم دەیدەم بەوان. کارمەندانی مانگی سوور لەژێر ئامانجی تورکیا، لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی تورکیاوە دەکوژرێن، بە هێرشی ئاسمانی دەکوژرێن. ئەوان قارەمانی ڕۆژئاوان".

هەزاران کەس سەردانی پێشانگایەکەیان کرد

بەڕێوەبەری میترۆگرافی ئەحمەد نەجم ڕایگەیاند، پیشانگاکە هەتا ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. نەجم باسی لەوەش کرد کە لەماوەی هەفتەیەکدا هەزاران کەس سەردانی پیشانگاکەیان کردووە.

نەجم وتیشی، ئەو وێنانەی ژۆی لاورەنجە کێشاویەتی، وەکو بەرهەمێکی هونەرییە و ڕایگەیاند "ئەوانەی دێنە پیشانگاکە، هەستی خۆشیان دەردەبڕن. ئەوانە دێنە سەردان دەبینن کە ئەوانەی لە ڕۆژئاوا دژی داعش شەڕیان کردووە و کێن، بە ڕێزەوە لێیان نزیک دەبنەوە".

'ئازاریش هەیە، هیواش'

یەکێک لەو گەنجانەی سەردانی پیشانگاکەی کرد ناوی پەسەند حسێنە، وتی: "ئەو پێشانگایە لە باشوور و بەتایبەتی لە سلێمانی دەنگی دایەوە. بۆیە ئێمەش لەگەڵ هاوڕێکانمان سەردانمان کرد، ژۆی لاورەنجە بە وێنەکانی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەی گرتووە کە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن و هەستەکانیان نیشان دەدەن، ئێمەش ویستمان ئەو هەستانە ببینین. ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا وێنەی ئێزدییەکان بوو، لە هەموو کەسێک زیاتر زیانی داعشیانی پێگەیشت. گوندەکانیان، شارەکانیان، ماڵەکانیان، کچکەکانیان و ژن و منداڵەکاینان هەموو شتێکیان دەستیان بەسەردا گیرا. ناچار کران ماڵ و موڵکیان بەجی بهێڵن، لە ڕووی هەر یەکێکیان هیوایەک هەیە".