لایەنە سیاسییەکانى کەرکووک دەیانەوێت حکومەتى داهاتووی هەرێم بنکە فراوان نەبێت

حیزبە سیاسییە کوردییەکانی کەرکووک پێیان باشە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بنکە فراوان نەبێت. داوا دەکەن بەشێک لە حیزبەکان ئۆپۆزیسیۆنێکی کارابن لەناو پەرلەمان و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت.

داواکاریشن ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەتی کەرکووک لە پێشینەی کارەکانی بێت، لەم کابینەیەدا کەسانی شیاو لە پۆستەکان دابندرێن لە بری کەسانی حیزبی .

شوان محەمەد ئەندامی مەکتەب سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێمان وایە ئەم کابینە نوێیە جیاوازە لە کابینەکانی تر، چونکە چەند کارێکی گرنگی لە ئەستۆدا هەیە ، ئێمە حەز ناکەین هەموو حزبەکان بەشداری تێدا بکەن. پێمانوایە چەند حزبێک حکومەت پێک بێنن و ئەوانەی تر ببن بە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا لە ناو پەرلەمانی کوردستان و چاودێری جێبەجێکردنی کارەکان بکەن".

ڕاشیگەیاند: "ئەرکی حکومەتی هەرێمە لە هەردانوسانێکدا لەگەڵ ناوەند یەکەم خاڵی گفتوگۆ مەسەلەی کەرکوک بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم دوو حزبە ئەوەندەی شەڕیان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار کرد نیو ئەوەندە شەڕیان بۆ کەرکوک بکردایە بارودۆخی کەرکوک ئەوها نابوو".

محەمەد نەسرەدین سکرتێری کەرکووکی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە بەشداری لەحکومەت ئەکەن، لایەنە سیاسییەکان هەوڵی پۆستی وزاری و پلە و پایە و پشک دەدەن، ئەوەی بەلای خەڵکی کەرکووکەوە گرنگە ئەوەلیەتی ئەم حکومەتە ئەوەبێت، کە پرسی نەتەوە و نیشتمانی و پرسی خەڵک و خاک بێت. پرسی ٥١٪ خاکی کوردستان بێت، کە لە گەمەیەکی سیاسیدا بەرامبەر بە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند دۆڕاندیان".

ئەوەشی وت: "پێویستە یەکێ لە کارەکانی ئەم حکومەتە ئەوە بێت، کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند رێکخەنەوە بە شێوەیەک کە خزمەتی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکات بە ئاراستەی گەڕانەوەی ئەو خاکە و گێرانەوەی دەسەڵاتی کوردی بێت بۆ ئەو خاکە بە ئاراستەی باشکردنەوەی دۆخی خەڵکەکەی بێت، کە لە ئەمرۆدا لە رووی ئەمنی و ئابووریدا بارودۆخیان خراپە".

هەر لەو بارەیەوە رەسول رەئوف بەرپرسی  مەڵبەندی کەرکوکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕایگەیاند: "لەگەڵ حکومەتی بنکە فراوان نین، چونکە لە حکومەتی بنکە فراواندا حزبەکان بە کەسانی بێ ئەزموونی حیزبی دەهێنایە ناو حکومەت کە شارەزای بوارەکەی خۆی نەبوو ئەمەش هۆکاری سەرنەکەوتنی حکومەتی خۆجێی هەرێم بوو هیوادارم ئەوەی لە ئیستادا هەیە نەچێتە قالبی سەپاندنی هێز و ناوچەیی بۆ جێبەجێکردنی هێزی حزبەکان لە ناو حکومەتدا".

  ڕاشیگەیاند: "لە رووی سیاسییەوە هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی پێداگیری بکات لە سەر ناوچە جێناکۆکەکان، لە رابردوودا کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان خاڵی سەرەکی نەبوون لە بەشداری کورد لە حکومەتی عێراقدا لەبەر ئەوەش زیانی زۆرمان بەرکەوتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "حزبە کوردییەکان بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان بەشێوەی جیا جیا مامەڵەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە. حکومەتی عێراقیش بەو سەنگ و قورساویەوە سەیری حزبەکان ناکەن کە ئەوها بەڵاون، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بووینایە گەورەترین کوتلەمان دەبوو لە پەرلەمانی عێراق کە نزیکەی ٥٨ کورسییە، لایەنە سیاسییەکانى تری عێراق گەورەترین کوتلەیان ٥٤ کورسی بوو ئەمە وایکردووە، کە کورد هیچ سەنگێکی نەبێت. ئەوەی تێبینیمان کردووە ئەوەیە، کە حیزبە کوردییەکان هیچ کات خاڵی سەرەکییان مەسەلەی کەرکوک نەبووە".

ر.م