له‌ قه‌ندیل مه‌ڕاسیمێكی شكۆدار بۆ شه‌هید دیار غه‌ریب به‌ڕێوه‌چوو

بە بەشداریی سه‌دان كەس لە توێژە جیاجیاكانی باشووری كوردستان، لەسه‌ر گڵكۆی شه‌هید دیار غه‌ریب له‌ بناری قەندیل مه‌ڕاسیمێكی شكۆدار بەڕێوەچوو.

ئه‌مڕۆ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی باشووری كوردستانه‌وه‌ هاوڵاتییان ڕوویان له‌ قه‌ندیل كرد به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی ڕێزگرتن و یادكردنه‌وه‌ی شه‌هید دیار غه‌ریب (هه‌ڵمه‌ت) ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) كه‌ ڕۆژی ٥ی ته‌مووزی ٢٠١٩\١٤ی پووشپه‌ڕ له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی ئاسمانیی ڕژێمی توركی داگیركه‌ر له‌ بناری قه‌ندیل شه‌هید بوو.

دوای گەیشتنی هاوڵاتیان بۆ سه‌ر مەزاری شەهید دیار غەریب، تاجەگوڵینەی هەریەكە لە تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، گوندی سێوسێنان، بنەماڵەی شەهید دیار غەریب، كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە، كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)، ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل و مامۆستایانی ئاینی لەسەر گڵكۆی شەهید دانرا.

ئاماده‌بوان به‌رده‌وام درووشمه‌كانی «ئێمە هاتووین بۆ لای تۆ، پەیمان بدەین بە ڕۆحی تۆ، ئەركت بۆمان فەرمانە، بەردەوامیی تێكۆشانە»، «شەهید هەڵمەت نامرێ» و «پەكەكە تۆڵە»یان ده‌گوته‌وه‌. دواتر مەڕاسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.

«تێكۆشانی باشووری كوردستانی به‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی زانیوه‌»

سەرەتا گوتاری كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە لایەن هۆزان داڵاهۆ ئەندامی كۆمیتەكەوە خوێنرایەوە و تێیدا هاتبوو: «هەڤاڵ دیار غەریب وەك یەكێك لە پێشەنگە دیارەكانی شۆڕشی ئازادییمان، لە ماوەی ٢٥ ساڵی تێكۆشانی نەپساوەی خۆیدا، بە باوەڕی و ئیرادەیەكی مەزنەوە، بە ڕەنج و فیداكارییەكی بێ سنوورەوە، بووە پێشەنگێكی هەڵمەتبەر و شۆڕشگێڕێكی ڕۆشنگەری ڕێگه‌ی ئازادی. هەڤاڵی سەركردەمان هاوكات لەگەڵ بەجێهێنانی ئەركەكانی ده‌سته‌ی سەرۆكایەتیی گشتی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پەكەكەدا، بەردەوام خەبات و تێكۆشانی باشووریشی بە سەرەكییترین ئەركەكانی زانیوە. لە بەرامبەر خەتی بەكرێگیراوێتیی دەسەڵاتخوازدا، هەمیشە پێشەنگایەتیی بۆ بەرخۆدانێكی نەتەوەیی دیموكراتی دەكرد. كەسایه‌تیی هەڤاڵ هەڵمەت خوێندنگەیەكی مەزنی شۆڕشگێڕییە بۆ هەڤاڵانی گەلەكەمان و پێویست دەكات هەڤاڵانی و گەلەكەمان لە باشوور و تەواوی كوردستاندا وانەی شۆڕشگێڕی و هۆشمەندی لێوە فێر بن.»

كه‌جه‌كه‌: هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری تۆڵه‌ی شه‌هیدان نابین

پاشان گوتاری ده‌سته‌ی سەرۆكایەتیی كەجەكە لەلایەن حەسەن جوودییەوە خوێنرایه‌وه‌. كە تێیدا بەناوی بزووتنەوەی ئازادییه‌وه‌ سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری شەهید دیار غەریب كرا. كه‌جه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، هەرگیز دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان نابین.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتبوو، «دوژمنان بە تەواوی هێزیانەوە هێرش ده‌كه‌نه‌ سەر گەلەكەمان و ئامانجیان قڕكردنمانە. بۆیە بۆ ئەوەی دوژمن بە ئامانجە چەپەڵەكانی نەگات هەڤاڵ هەڵمەت توانی بەبێ دوودڵی بەشداری لەو تێكۆشانه‌ی گەلی كوردا بكات و پیلانی دوژمنان پوچەڵ بكاتەوە. هێزە داگیرکەرەکان ناتوانن هەرگیز بە ئامانجی خۆیان بگەن و ئێمەش وەک هەڤاڵ هەڵمەت بۆ ئەوەی شایستەی فەلسەفەی سەرۆک بین ڕێگه‌ نادەین کە داگیرکەران بمێننەوە و دەبێت ئەوە بزانین کە تەڤگەری ئازادی تەڤگەری تۆڵەیە و بە شەهیدان دەستی پێکردووە و بە شه‌هیدان کۆتایی دێت و ئەم ڕێبازە ڕێبازی ئاواکردن و مسۆگرکردنی کوردستانێکی ئازاد و دیموکراته‌.»

«دیار غه‌ریب له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور ڕه‌نجی زۆری دا»

هەروەها له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ بەستا فورات به‌ناوی دەستەی سەرۆکایەتیی کەجەکە گوته‌یه‌كی پێشکەش کرد و ڕایگه‌یاند، «ئەو پیلانگێرییەی دەرحەق بە هەڤاڵ دیار و هاوڕێیانی کرا شەرمەزار دەکەین و هاوکات سەره‌خۆشی لە بنەماڵەکەی و تەواوی گەلەکەمان دەکەین. هەڤاڵ هەڵمەت پێشەنگی نەتەوەی دیموکراتی و سەرکردەی چوار پارچە و شاگردی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەو پێشەنگی هێڵی ئازادیی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو. بۆیە ئەو پێشەنگایەتییە پیرۆز دەکەین.»

بەستا لە درێژەی قسه‌كانیدا گوتی، «دیار غەریب لە باشووری کوردستان و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تاکەکان و کۆمەڵگه‌ زۆڕ ڕەنجی دا و لەسەر هێڵی سێیەم بوو. بە تایبەت لایەنگری ژنان، کرێکاران و سەرجەم خەڵک بوو و تاک بە تاکی پەروەردە کردووە. ئەو ڕۆڵه‌ی هەرە هێژای ئەم کۆمەڵگه‌یە بوو. پەکەکە پارتیی شەهیدانە و ئەگەرچی بە شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت زۆر ئازارمان دی، بەڵام هاوکات شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت دەکەینە  تووڕەیی و پێویسته‌ کە گەل بێ هیوا نەبێت و خاوەنداره‌تی لە ڕێ و ڕێبازەکەی بکات.»

لە کۆتایی قسەکانیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، تۆڵەی دیار غەریب دەکەنەوە. گوتی، «تایبەتمەندیی پەکەکە ئەوەیە کە تۆڵەی خۆی لەسەر هەموو هێڵەکان لە دوژمن دەکاتەوە و بەڵێن دەدەین، کە خەون و خەیاڵی بەرنادەین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین و نەتەوەی دیموکراتی بونیاد ده‌نێین.»

په‌كه‌كه‌: با هه‌موان خاوه‌نداره‌تی له‌ هاوڕێ هه‌ڵمه‌ت بكه‌ن

دواتر گوتاری پارتیی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەلایەن گۆران عەلی-یەوە خوێنرایه‌وه‌ و تیایدا هاتبوو، «بانگی كوردستانیانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەتایبەتی باشووری كوردستان، هەندەران، ژنان، گەنجان، ڕەنجدەران، هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و دیموكراتەكان، هەر كەسێك كە خۆی بە وڵاتپارێزی كورد دەزانێت و هەموو هێزە سیاسییەكانی كورد ده‌كه‌ین كه‌ لە دژی هێرشە سه‌ركوتكار و فاشیستییەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر و كۆمەڵكوژییەكان بووەستنەوە و بە هێزەوە خاوەنداره‌تی لە شۆڕشگێر و وڵاتپارێزی گەورە هاوڕێ هەڵمەت بكەن.»

«له‌ دژی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری و ژنكوژی بوو»

لە بەشێكی دیكەی مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا گوتاری كۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی كوردستان (پاژك) لە لایەن بانوو هەڵەبجەییەوە خوێنرایه‌وه‌ و تیایدا هاتبوو، «هەڤاڵ دیار غەریب لەسەر پێوانەكانی ئایدیۆلۆژیای ژن و ئازادی خۆی قوڵكردووەتەوە و پەیوەندیی هەڤاڵه‌تی لەگەڵ هەڤاڵانی ژن بونیاد ناوه‌. بەردەوام تێكۆشاوە لە دژی ئەقڵییەتی پیاوسالاری و ژنكوژ.»

«هه‌ڤاڵ دیار بوو به‌ ڕه‌مزی تێكۆشان»

دواتر لەلایەن ئازاد محەمەد-ەوە گوتاری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (په‌ژاك) پێشكەش كرا كه‌ تیایدا هاتبوو، «هەڤاڵ هەڵمەت وەك تێكۆشەر، سیاسەتمەدار و به‌رخۆدێرێكی قاڵبووەوەی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردستان، بە تەمەنێك ڕەنج و هەوڵدان بووە ڕەمزی تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی یەكگرتوویی كوردستان و ڕێكخستنی ناوماڵی كورد. خەبات و ئامانجەكانی ببوونە مەترسی بۆ داگیركەران.»

«ده‌وڵه‌تی تورك دوژمنایه‌تیی سه‌رانسه‌ری كوردستان ده‌كات»

گوتاری نوێنه‌رایه‌تیی ڕۆژئاوای كوردستانیش لەلایەن جیهان خەلیل پێشكەش كرا. ناوبراو گوتی، «بەئامانجگرتنی پێشەنگ دیار غەریب لەلایەن دەوڵەتی توركی داگیركه‌ره‌وه‌ و بەئامانجگرتنی كەسایەتیی وڵاتپارێزی كوردستان و ڕۆڵه‌ی وەفاداری باشووری كوردستان ئەوە نیشان دەدات كە دەوڵەتی تورك بۆ بەرفراوانكردنی هێزی عوسمانیی خۆی نەك دوژمنایەتیی باشووری كوردستان دەكات بەڵكو دوژمنایەتیی تەواوی كوردستان دەكات.»

ته‌ڤگه‌ری ئازادی: هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت هه‌موومانی قه‌رزبار كرد

لە بەشێكی دیكەی مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا گوتاری تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان لەلایەن شیلان شاكر هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادییەوە خوێنرایه‌وه‌. تیایدا هاتبوو، «بەدرێژایی تێكۆشانی، هەڤاڵ هەڵمەت سووربوو لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی كۆمەڵگە، تەبایی و بەڕێكخستنكردنی ڕامانە جیاوازەكان، بەمەبەستی یەكخستنی گەلانی كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی گەلەكەمان. هەڤاڵ هەڵمەت هەموومانی قەرزباری خۆی كرد لەپێناو ئامانجەكانیدا. بۆیە تێگەیشتن لە هەڤاڵ هەڵمەت و بەردەوامبوون لە ڕێگاكەی و سووربوون لەسەر ڕێبازەكەی، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی بەشێك لە قەرزەكەمان بدەینەوە.»

مه‌لا سامان: ئه‌مڕۆ قه‌ندیل ئوحودی ئێمه‌یه‌

هەروەها مەلا سامان سەنگاوی مامۆستای ئایینی گوته‌یه‌كی پێشكەش كرد و گوتی، «سوپای توركیا دێت باشووری كوردستان داگیر ده‌كات و سەركردەكانیشی گیرفان پڕ دەكەن. ئەمڕۆ شاخی ئوحودی ئێمە قەندیلە، چونكە ئەگەر گەریلا نەبن ژنەكانمان، خوشك و كەسەكانمان وەك ئێزدییەكان لە بازاڕه‌كاندا دەفرۆشرێن.»

بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید: هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت موڵكی گه‌له‌كه‌یه‌تی

پاشان گوته‌ی بنەماڵەی شەهید دیار غەریب لەلایەن ڕزگار غەریب-ی برای شەهیدەوە پێشكه‌ش كرا. ناوبراو گوتی، «هەڤاڵ هەڵمەت هەر تەنیا ڕۆڵەی بنەماڵەكەمان نەبوو، بەڵكو بە ژیان و بە تێكۆشانی ۲٥ ساڵەی خۆی، بووە موڵكی گەلەكەی و بۆ هەمووان ژیا و بۆ هەمووانیش گیانی خۆی لە پێناو ئازادی، سەرفرازی و یەكێتیی نەتەوەیی گەلەكەمان بەخشی. ئێمەش وەك بنەماڵەی شەهید خەون و ئامانجەكانی هەڤاڵ هەڵمەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادیی كوردستان بەدیدەهێنین.»

هەر لە مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، هونه‌رمه‌ند جاسمی ساز سروودێكی ده‌رباره‌ی شەهید دیار غەریب پێشكه‌ش كرد. هەروەها شاعیر سەردار قادر شیعرێكی لەسەر شەهید دیار غەریب خوێنده‌وه‌.

لە كۆتایی مەڕاسیمەكه‌دا، سەرجەم ئامادەبوان لەسەر مەزاری شەهید دیار غەریب بەڵێنی بەردەوامبوون و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدیان دووپات كرده‌وه‌.

s.m