له‌ ڕانیە یادی «ڕاپەڕینی ٥ی ئازار» به‌رز ڕاده‌گیرێت

ئەمڕۆ ٢٧ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی گه‌لی باشووری کوردستاندا تێپه‌ڕی، كه‌ له‌ ٥ی مارسی ١٩٩١ له‌ دژی ڕژێمی به‌عسی عێراق له‌ شاری ڕانیه‌ ده‌ستیپێكرد و ته‌واوی ناوچه‌كانی باشووری كوردستانی گرته‌وه‌.

٥ی مارسی ١٩٩١ ڕاپه‌ڕینی گه‌ل له‌ دژی داموده‌زگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عسی عێراق له‌ شاری ڕانیه‌ ده‌ستیپێكرد. تا ٢٠ی مارسی ١٩٩١ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی باشووری كوردستانی گرته‌وه‌ و باشوور له‌ ده‌ستی ڕژێمی عێراق ڕزگار كرا.

هه‌رچه‌نده‌ لە كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستاندا، زۆرێک له‌ هاوڵاتیان پێیان وایه‌ دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین لەناوچوون و نەتوانراوە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بپارێزرێن، بەڵام ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ به‌ وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ داده‌نرێت له‌ مێژووی كوردستاندا. 

ئه‌مڕۆ به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپه‌ڕین، له‌ شاری ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌چوون.

ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بە وەکالەت ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ و ڕۆژانی دواتر، له‌ شاری ڕانیه‌ چەندین چالاکی جۆراوجۆری ھونەری و وەرزشی بۆ یادی ڕاپه‌ڕین ساز ده‌كرێن.

ھەر سەبارەت بە یادکردنەوەی ڕاپەڕین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەڕەڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان ڕایگەیاندووه‌، پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین ئه‌رك و بەرپرسیارەتیی سەرجەم لایەن و چین وتوێژەکانی گەلی کوردستانە.

 

s.m