لیژنەی باڵای مرۆڤ دۆستان کەمپینێکیان لە کەرکوک ڕاگەیاند بۆ هاوکاریکردنی هەژاران

لە شاری کەرکوک مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتییەکانی شارەکە بۆ هاوکاریکردنی هەژاران کەمپینێکیان ڕاگەیاند.

بڵاوبوونەوی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا، کە ووڵاتی عێراق و شاری کەرکوکیشی گرتەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە حکومەتەکانی ناچارکردن لەسەرتاسەی ووڵاتەکانیان قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەینن کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەو خێزانە هەژارانەی کە بژێوی ژیانیان رۆژ بە رۆژ پەیدا دەکەن زۆرتر کاریگەر بن بەراورد بە فەرمانبەرێکی حکومی کە مووچەکەی بەردەوام دەبێت ئەگەر کار بکات یان نا، بۆ هاوکاریکردنی خێزانە هەژارەکانی شارەکە چەندین کامپینی هاوکاری ڕاگەیاندرا.

پێش نێوەرۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک، لیژنەی باڵای مرۆڤ دۆستان کە لە ژمارەیەک مامۆستای ئاینی و کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک پێکهاتووە کامپێنێکیان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی هەژاری شارەکە.

مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی مەلای مزگەوتی شۆراو لە شاری کەرکوک بەناوی ئەندامنی لیژنەی باڵای مرۆڤ دۆستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕایگەیاند: "لە ئیستادا جیهان بە قەیرانێکی تەندروستی گەورەدا تێپەردەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە قەدەغەی هاتووچۆیان ڕاگەیاندووە ئەمەش بۆتە هۆی وەستاندی ئیش و کارو کەسابەتی هاووڵاتیان، شارەکەمان هەژاری و کەم دەرامەتی زۆر تێدا ئێمەش وەکو مامۆستای ئاینی و بانگخواز و کەسایەتیەکانی شاری کەرکوک لیژنەی باڵای مرۆڤ دۆستانمان پێکهێناوە بۆ هاوکاری کردنی خێزانە هەژارەکان لە رێگای ڕاگەیاندنی کامپینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری."

هەروەها مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی ووتی: "بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ لەشارەکە ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی ئەم کامپینە نەیاتوانی ئامدەبن، ئێمە لەسونگەی خەمخۆریمان بۆ هاووڵاتیانی شارە خۆشەویستەکەمان کە هەمیشە هاووڵاتیانی ستەم لێکراوبوونە ئێمە بەم کامپینە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە کاریان وەستاوە لەم دۆخەدا و خاوەن داهاتێکی سنوردارن."

لە کۆتایدا مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی ووتی: "لە پاش راوێژکردنی ئەندامانی کامپینەکە گەیشتینە ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم/ داوا لە تەواوی دەوڵەمەندان دەکەین وەکو ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی و ئاینی کە بێن بەهانای بانگەوازەکەمان و بەهەر شێوەیەک بێت هاوکاربن.

دووەم/ ئەم کامپینە بەردەوام دەبێت تا ئەم نەخۆشیە تەواو دەبێت.

سێ-یەم/ دوا لە کۆگا و بازرگانەکانی شاری کەرکوک دەکەین هاوکاربن لە دابین کردنی خۆراک بۆ خێزانە هەژارەکانی شارەکە.

چوارەم/ شوێنی وەرگرتنی هاوکارییەکان مزگەوتی (سوجادە)دەبێت لە پشت گەراجی سلێمانی لە شاری کەرکوک."

هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا مامۆستایانی ئاینی فەتوایاندا کە موسڵمانان لە ئیستادا کە تەنها یەک مانگ ماوە بۆ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەتوانن زەکات بدەن هەژاران لەم دۆخە.

ژ.ت