لە 5 مین ڕۆژیدا خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان درێژەیان هەیە

ئەمڕۆش، لە 5 مین ڕۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا جارێکی دیکە فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێمی کوردستان لە پێناوی خواستەکانیاندا لە سەرشەقام و مەیدانەکان بوون.


ئەمڕۆ، 5 شەممە 29ی ئاداری ساڵی 2018، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی پێنجەمین لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام بوون. خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆ بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی پیشوو جیاوازتر بوون، ئەویش بەهۆی هەڵوێستە نەرێنیەکانی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەر داخوازی فەرمانبەران نواندبوونی. خۆپیشاندەران، زیاتر لەو گوتەی بارزانی بێزار و توڕەبوون، کە وتبووی:" ئەگەر خۆپیشاندەران چەقۆ و دەمانچە بەکاربهێنن، ئەوانیش وەک حکومەت بەچەقۆ و دەمانچە وەڵامیان دەدەنەوە".

لە شاری هەولێر، خۆپیشاندەران وەک وەڵامێک بۆ نێچیرڤان بارزانی هاواریان دەکرد،" مامۆستایی قەڵەم بەدەست مامۆستایی قەڵەم بەدەست"، ئەمەش بەو واتایەیە کە مامۆستا قەڵەمی هەیە و چەقۆ و دەمانجەی نییە.


هاوکات لەگەڵ هەولێر، لە شار و ناچەکانی ڕاپەرین، سۆران، هەڵەبجە، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، بەردەڕەش، شیلادزێ و گەرمیان، خۆپیشاندەران بە شێوازی جیاواز وەڵامی نێچیرڤان بارزانیان دایەوە، بەجۆرێک بەشێکیان وێنەی ناوبراویان بەرزکرد بوویەوە کە دەمانچە و چەقۆی بە دەستە و بەشێکیش لە خۆپیشاندەران، پانکارتیان بەرزکردبوویەوە و کە لە سەر نوسرابوو، "ئێمە بەبێ دەمانچە و چەقۆ هاتووین و داوایی مافە ڕەواکانمان دەکەین".


لقی هەولێری، سەندیکایی پارێزەرانیش، گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم دادگایی هەولێر ڕێکخست و تێیدا ڕایانگەیاند: " ئەوان خۆبەخشانە دەبنە پارێزەری فەرمانبەران و مامۆستایان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن، بەتایبەتیش ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان ئەنجامدراوە لەسەری ڕاوەستەی یاسایی دەکەن".

 

هـ.هـ