لە ئامەد ئۆپڕاسیۆنی سەربازی و لە ئەدەنەش بڕیاری 'قەدەغە'
سوپای داگیرکەری تورک لە گەڕەکەکانی سەر بە ناوچەی لیجە و حەزرۆی ئامەد دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێک کردووە. هاوکات لە شاری ئەدەنەش هەرچی چالاکی و گردبوونەوە هەیە، قەدەغەی کردووە.
سوپای داگیرکەری تورک لە گەڕەکەکانی سەر بە ناوچەی لیجە و حەزرۆی ئامەد دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێک کردووە. هاوکات لە شاری ئەدەنەش هەرچی چالاکی و گردبوونەوە هەیە، قەدەغەی کردووە.
کریارە داگیرکاری و بنپێکارییەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لە کوردستان بە بێوەستان بەردەوامن.
ئامەد
سوپای داگیرکەری تورک بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی لە گەڕەکەکانی خوارووی هەر دوو ناوچەی لیجە و حەزرۆی ئامەد دەستی بە ئۆپڕاسیۆن کردووە. بە پێی زانیارییەکان، لە گەرەکی مسرفی ناوچەی لیجە بە هەلیکۆپتەر هێزێکی سەربازی جێگیر کراون. هاوکات هێزێکی تایبەت کە ماوەیەک بوو لە ناوچەکە جێگیر کرابوو، چوونەتە ناو گەڕەکی هەلهەلی ناوچەی حەزرۆ.
لە ناوچەکە جموجوڵ و هاتووچۆی هەڵیکۆپتەر و فڕۆکەی کەشف و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەر بەردەوامە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکەوە گەیشتووەنەتە دەستمان، ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەکە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەدەنە
لە لایەکی ترەوە پارێزگاری ئەدەنە رایگەیاندووە لە سەرتاسەری شارەکە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ هەرچی چالاکی و گردبوونەوەیەک هەیە، قەدەغە کراوە. پارێزگاری شارەکە لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ئیدلب و رایگەیاندووە، چالاکی و گردبوونەوەکان دبنە هۆی تێکچوونی 'یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی'.
شڕنەخ
هاوکات ناوچەی قەسرک کە دەکەوتە نێوان شڕنەخ و جزیر بە فەرمانی سەرۆک کۆمار وەکو 'ناوچەی هەستیار کە دەبێت پارێزراو بێت' راگەیێندرا. ئەم بڕیارەش لە ژمارە ٣١٠٥٨ی رۆژنامەی فەرمی دەوڵەتدا بڵاو کراوەتەوە.
ز.ش