لە ئامەد لە چارەنووسی ئەحمەد چاکچی پرسرایەوە

لە شاری ئامەد کەسوکاری بێسەروشێونکراوان لە کۆبوونەوەیەکدا لە چارەنووسی ئەحمەد چاکچی-یان پرسییەوە کە لە ساڵی ۱۹۹۳وە لە لایەن سەربازان و جەردەوانانی سوپای تورکیاوە بێسەوشوێن کراوە.

ئەمڕۆ لەشاری ئامەد کەسوکاری بێسەروشێونکراوان و ئەندامانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-(İHD)، بە دروشمی «با بێسەروشوێنکراوان بدۆزرێنەوە و بکوژان دادگایی بکرێن»، لە ٥۰٤ مین کۆبوونەوەی هەفتانەیاندا بەیەک گەیشتنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، سەندیکای تەندروستی-(SES)، سەندیکاکانی پەیمانکاران و ئەندازیارانی تورکیا-(TMMOB) بەشدار بوون و پشتیوانیان لە داخوازی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەمجارە لە چارەنووسی ئەحمەد چاکچی باوکی ۷ منداڵ پرسرایەوە، کە لە ساڵی ۱۹۹۳ لە لایەن سەربازان و جەردەوانانی سەر بە سوپای تورکیاوە دەستگیر و بێسەوشوێن کرا بوو و تا بە ئەمڕۆی لەگەڵدا بێت کەس نازانێت چی بەسەر هاتووە و بەرپرسانی تورکیش ئامادە نیین لەبارەیەوە هیچ زانیاریەک بدەن.
 

هـ.هـ.