لە ئامەد و دیلۆک ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی؛ چەندین کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران

لە ئامەد و دیلۆک و لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی دەوڵەتى تورک دا عایشە گۆککان وتەبێژی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژەئا) و چەندین کەسی تر دەستگیرکران.

پۆلیسی تورک سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە ناوەند و ناوچەکانى ئامەد دا هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییان. دواى پشکنینی ماڵەکان و تێکوپێکدانی کەلوپەلی ناو ماڵەکان، عایشە گۆککان وتەبێژی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژەئا)، وتەبێژی پلاتفۆرمى ژنانی رۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا (مەکەگەپە - MKGP) و سەرنووسەری ژن نیوز عایشە گیونەی، هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەى پشتیوانیی مافناسانی میزۆپۆتامیا لە بنەماڵەى دەستگیرکراوان و سزادراوان (مەد توهاد فەد - MED TUHAD-FED) ئەلیف حاران، ئەندامی کۆمەڵەى هاوکاریی بنەماڵەى زیندانیان (توای دەر) رابیعە ئاتاش، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی رەزان پنایر چەلیک، چالاکوانی تەژەئا زەکییە گیولەر، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە یەنیشەهیر دەمەت ئۆزکاران، فیگەن ئەکتی، رۆندا بات، رۆزەرین چاتاک، ئەمینە کایا، دیلان یاقوت، ژنێک بە پاشناوی گیونەش و چەندین کەسی تر دەستگیرکراون.

ئاماژە بەوەکراوە، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی بەرێوەبەری توای دەر بەهار ئاکیاپی و هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەى سوور خاتون یڵدز، بەڵام بەهۆی ئەوەى لە ماڵەوە نەبوون دەستگیر نەکراون.

ژنە چالاکوانە دەستگیرکراوەکان براوان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد.

لە دیلۆک ٣٣ کەس دەستگیرکران

موسا ئایدن هاوسەرۆکی هەدەپە لە دیلۆک، هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاهین بەی و شەهید کامیل، هاوسەرۆکی دەبەپەى دیلۆک محەمەد ڤورال، ٢ ئەنجوومەنی گەڕەک و پارێزەرێک و بە گشتی ٣٣ کەس لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتى تورکەوە دەستگیرکراون.

کەسە دەستگیرکراوەکان پۆلیسی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و دەرگای ماڵەکانی شکاندووە. کەسە دەستگیرکراوەکان براون بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەکە.

ژ.ت