لە ئێلح و سێرت بۆ ماوەى ١٥ هەموو جۆرە چالاکییەک لە هاووڵاتییان قەدەغە کران

رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ١٥ رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی لە سێرت و ئێلح قەدەغە کرد. لە زۆربەى هەرە زۆر شارەکانی کوردستاندا ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەک قەدغەیە و ئەوە قەدغەکارییەش بۆ ماوەى چەند ساڵە بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو درێژدەکرێتەوە.

پارێزگارەکانی دەوڵەتى تورک لە پارێزگاکانی سێرت و ئێلح لە باکووری کوردستان لەو ٢ شارەی کوردستاندا بۆ ماوەى ١٥ رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی و ناڕەزایەتیی جەماوەرییان لە هاووڵاتییان و چالاکوانانی ئەو ٢ شارە قەدەغە کرد.

بەپێی راگەیاندراوی ئەو پارێزگارانەى رژێمی ئاکەپە – مەهەپە، هەموو جۆرە چالاکییەک لە هۆڵ و شوێنە داخراوەکان، لە شوێنە کراوە و گشتییەکان، رێپێوانی جەماوەری، خۆپیشاندان، کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، چادر هەڵدان، دانانی ستاند، چالاکیی دانیشتن، کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوە، مەراسیمی یادکردنەوە و بۆنەکان ... هتد بۆ ماوەى ١٥ رۆژ لە هاووڵاتییان و گەلی کورد قەدەغە کراون.

هەر دوێنێ ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٠  پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی بۆ ماوەى ١٦ رۆژ قەدەغەککرد. دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی لە پارێزگای وان لە گەلی کورد قەدەغە کردووە.

هەروەها رۆژی ١٤ی ئەیلول پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە پارێزگای دێرسیم، ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی و جەماوەری و کولتوری و هونەریی لە شاری دێرسیم بۆ ماوەى ١٥ رۆژ لە هاووڵاتییان و گەلی کورد لەو شارەدا قەدەغە کرد.

ماوەى ٥ ساڵە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە و مەهەپە و ئەردۆغان لە زۆربەى هەرە زۆری شارەکانی باکووری کوردستاندا هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی، جەماوەری، کولتوری وهونەری لە هاووڵاتییان و گەلی کورد و هەدەپە قەدەغە کردووە، بەڵام هیچ رێگرییەک لە چالاکیی بۆ قەیومە داسەپاوە تاڵانچییەکان و ئاکەپەییەکان و دام و دەزگاکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هاوپەیمانەکانی ئاکەپە ناکرێت.

ژ.ت