لە ئەلبیستان ٨ بەرپرسی هەدەپە دەستگیر کران

ئۆپڕاسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسیی دەستەڵاتدارێتی ئاکەپە/مەهەپە بەردەوامن. لەم چوارچێوەیەدا هێزەکانی پۆلیسی تورک لە ناوچەی ئەلبیستانی سەر بە شاری مەرەش، ٨ بەرپرسی هەدەپەیان دەستگیر کرد.

پۆلیسی تورک لە ناوچەی ئەلبیستان-ی سەربە شاری مەرەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی عەلی کیسا بەرپرسی هەدەپەی ناوچەی ئەلبیستان و لە ئەنجامدا، ٨ بەرپرسی هەدەپە بە ناوەکانی عەلی کیسا، ئەلیف کیسا، خەلیل خۆشئۆغڵوو، بەکر قەرە، هەتون بارک، ئیبراهیم مایر، دیلەک بەکر و محەمەد دیلەکچی دەستگیر کران.

لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی شاهینبەی و شەهیدکەمالی شاری دیلۆک لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی دا، هەڵیانکوتایە سەر بنکەو بارەگاکانی رێکخستنی هەدەپە و بەپێی زانیارییەکان لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنەکەدا موسلم کلچ هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری دیلۆک و محمد ئوزکان هاوسەرۆکی ناوچەی شاهینبەی و هەر یەک لە هاتیجە کوچوکر و مستەفا تونج بەڕێوەبەرانی هەدەپەی ناوچەکە، بە گشتی ٥٢ کەس دەستگیر کران.