لە ئەنجامی بوردومانەکەی ئەمڕۆی کانی ماسیدا بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک گیانی لەدەستدا
لە ئەنجامی بوردومانی ئەمڕۆی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ سەر گوندی کانی مەزن، بەڕێوبەری قوتابخانەی گوندەکە گیانی لەدەستدا.
لە ئەنجامی بوردومانی ئەمڕۆی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ سەر گوندی کانی مەزن، بەڕێوبەری قوتابخانەی گوندەکە گیانی لەدەستدا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، گوندی کاڤلکای سەربە شارەدێی دینارتەیان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد، لەهەمانکاتدا هەر ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دووجار لەسەر یەک دەوروبەری شارەدێی کانی ماسی و گوندەکانی بازێ و کانی مەزن-یشیان لە چیای مەتینا بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی ‘خالد عەبدلڕەحمان’ گیانی لەدەستدا کە هاوکات بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندەکەیە.
بە وتەی کەسێکی نزیکی قوربانییەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت:’خالد عەبدلڕەحمان’ خەڵکی گوندی کانی مەزنی سەربە شارەدێی کانی ماسی لە شارۆچکەی ئامێدییە و تەمەنی نزیکەی ٦٠ساڵ دەبێت، کە بەڕێوبەری قوتابخانەی گوندەکەیە.
ئەو شایەتحاڵە شێوازی شەهیدبوونی ئەو هاوڵاتییەی بۆ ڕۆژنیوز گێڕاوەتەوە و وتی: سەرەتا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بە سێ بۆمب گوندەکەیان بۆردوومان کرد، ‘خالد عەبدلڕەحمان’یش کە چاوی بە ئاگری بۆردوومانەکە دەکەوێت دەچێتە ئەو شوێنە و دواتر جارێکیتر فڕۆکە جەنگییەکانی تورک بە سێ بۆمب هەمان جێگا بۆردوومان دەکەن ئەو هاوڵاتییە شەهید دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە دوای نزیکەی کاتژمێرێک تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
ز.ش