لە بازید ٣ سەربازی تورک کوژران

گەریلاکانی هەپەگە و یەژا-ستار لە ناوچەی بازیدی ئاگری لە دژی سەربازگەی ئایزەک چالاکیەکیان ئەنجامدا. لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ٣ سەربازی تورک کوژران.

لەم بارەیەوە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"لە چوارچێوەی هەنگاوی سەرکەوتنی شۆڕشگێریدا کە لە هەرێمی سەرحەد بەردەوامە، هێزەکانمان لە ٢٠ی نیسان، کاتژمێر ١٤:١٠ لە ناوچەی بازیدی ئاگری لە دژی سەربازگەی ئایزەک چالاکیەکیان ئەنجامدا و گورزی کوشتندەیان لە یەکینەکانی دوژمندا. لە ئەنجامدا ٣ سەرباز کوژران و سەربازێکیش بریندار بوو. سوپای داگیرکەری تورک دوای چالاکیەکە بە چەکی قوڕس دەوروبەری سەربازگەکەیان دایە بەر دەستڕێژی کوللە و ئێوارە هەمان رۆژ کاتژمێر ٢٠:٠٠ سەربازە کوژراو و بریندارەکانی لە هەرێمەکە دوور خستەوە. یەکینەکەشمان کە چالاکیەکەیان ئەنجامدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو گەڕایەوە بارەگای خۆی.

٣-ی ئاداری ٢٠٢٠ سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچەی حەشەتی سەر بە هەرێمی بەستای شرنەخ دەستی بە ئۆپڕاسیۆن کرد. ئۆپڕاسیۆنەکە بێ ئەنجام مایەوە و یەکینەکانی دوژمن لە هەرێمەکە کشانەوە. بەرەبەیانی ١٤ی نیسان هێزە داگیرکەرەکان لە ناوچەی نومان و کەنالای سەر بە هەرێمی بەستاش جارێکی دیکە دەستیان بە ئۆپڕاسیۆن کرد. ئەو ئۆپڕاسیۆنەش بە ئەنجام کۆتایی پێهات.

١٤ی نیسان سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچەکانی گردی چۆلیا و گوندک رەمۆی شاخی جودی لە شڕنەخ دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی دیکە کرد. ١٤ی نیسان بە شەو، فڕۆکەکانی سوپای داگیرکەری تورک ناوچەی گوندک رەمۆیان بوردومان کرد. ئۆپڕاسیۆنەکە تا ئێستاش بەردەوامە. بە هۆی ئۆپڕاسیۆنەکە ٢ لە هەڤاڵانمان شەهید بوون. دواتر زانیاریەکان لە بارەی ئەو ئۆپڕاسیۆنەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین.

٢٠ی نیسان لە کاتژمێر ١٩:٣٠ فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای داگیرکەری تورک ناوچەی کانی سارکی هەرێمی گارە و ناوچەی سلێمان، مامڕەش و دۆڵی شیڤێی سەر بە هەرێمی ئاڤا شینی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیایان بوردەمان کرد. لەو بوردومانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوت."

ز.ش