لە باشور هەزاران کەس لە پێشوازی تەرمی ٣ شەڕڤانی شەهیددا بوون

لە دووڕیانی هیزۆپ هەزاران کەس لە پێشوازی تەرمی ۳ شەڕڤانی شەهیدی باشوری کوردستان بوون کە لە بەرخۆدانی جەنگی ڕۆژاڤای کوردستان دژ بە داگیرکاری تورکیا و تاقمە چەتەکانی شەهید ببوون.

ئێوارەی ئەمرۆ چوار شەممە، پاش ئەوەی تەرمی هەر ۳ شەڕڤانی ئازادی ”شەهید دەلیل خالید ناسراو بە گەلهات گابار، شەهید کارزان خورشید ناسراو بە سۆران تۆڵهەڵدان، شەهید محەمەد نزار ناسراو بە ئارام کەرکوک لە ڕۆژاڤای کوردستانەوە گەیشتنەوە دووڕیانی هیزۆپ، هەزاران کەس بە دروشمی "شەهید نامرن" لە پێشوازییاندا بوون و بەرلەوەی ڕەوانەی زێدی خۆیان بکرێنەوە مەراسیمێکی شایستە و شکۆمەندیان بۆ ڕێکخستن.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوانی ئازادی دەستی پێکرد.

پاشان بەیان فەرەج بە ناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان قسەی کرد و وتی: "ئەگەر ئەمرۆ گەنجانی وڵاتەکەمان لە بەرامبەر داگیرکاری تورکیا نەبنە قەڵغان، ئەوا هەموو کورد وەک ئێزیدیەکان ڕووبەڕووی قڕکردن و کۆمەڵکوژی دەبنەوە، ئەگەر تورکیا لە ڕۆژاڤا سەربکەوێت ئەوا سبەی هێرش دەکاتە سەر تەواوی کوردستان، خۆشبەختانە گەلەکەمان لەوە تێگەیشتووە و خاوەن ئیرادەیە و دواجاریش سەردەکەوێت".

دوای ئەویش بە ناوی تەڤگەری ئازادی کۆمەگەی کوردستانەوە خالید مستەفا وتی: "ئەم سێ قارەمانە شەهیدی سەرجەم کودستان و کەرامەتی مرۆڤایەتین. بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان گەلەکەمانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان کردە یەک. بۆیە لێرەوە بانگەوازیمان بۆ هەمو لایەنەکانە ئەوەیە چۆن خەڵک لەم هەلومەرجەدا بوو بەیەک، پێویستە ئێوەش بۆ خاوەنداریکردن لە شەهیدان و دەستکەوتەکان ببن بەیەک، ئەم شەهیدانە تەنیا شەهیدی بنەماڵەیەک و عەشیرەتێک و حزبێک نیین بەڵکو شەهیدی خاک و نیشتمانن".

دواتر هەڤاڵ مسعود بە ناوی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان ئاخاوت وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە کەس و کاری هەر سێ شەهید و گەلی کورد وتی: "هەمومان دەزانین ڕۆژئاوای کوردستان بە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی سرینەوەی ناسنامەی کوردە، جێگای شانازییە ئەو بنەماڵانە منداڵەکانیان وا پەرووەردە کردووە کە بەو جۆرە گیانی خۆیان بۆ کەرامەتی مرۆڤایەتی گەلی کورد پێشکەش بکەن و ڕێگر بن لە بە ئامانج گەیشتنی دوژمن".

دوابەدوای ئەوانیش بە ناوی بنەماڵەی هەر سێ شەهیدەوە یوسف عومەر قسەی کرد و وتی: "بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانمان سەربەرزین ئەوان بۆ پاراستنی هەبوون و کەرامەتی گەلەکەیان گیانی خۆیان بەخت کرد، بەوەش ئەوان سەری بنەماڵە و گەلی کوردیان بەرز کردەوە، ئەم شەهیدانە جێگای شانازی نەتەوەیەکن".

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا تەرمی هەر ۳ شەڕڤانی شەهید، بە وتنەوەی شەهید نامرن بەرەو ڕانیە، کەرکوک و هەولێر زێدی لەدایکبوونیان بەڕێکران تا لەوێ شکۆمەندانە بەخاک بسپێردرێن.

ناو و شوێنی شەهیدبوونی هەر ۳ شەڕڤانەکەی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک - قسەدە بەمشێوەیەیە:

شەهید دەلیل خالید ناسراو بە گەلهات گابار لە کۆبانی شەهید بووە.

شەهید کارزان خورشید ناسراو بە سۆران تۆڵهەڵدان لە دێرەزۆر شەهید بووە.

شەهید محەمەد نزار ناسراو بە ئارام کەرکوک لە بەرخۆدانی سەرێکانی شەهید بووە.

هـ.هـ