لە باشور هەڵمەتێکى فراوان بۆ بایکۆتکردنى کاڵاى تورکی ڕاگەیەنرا

لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان بە سەرپەرشتی دەستەى (دەنگى نیشتیمان) هەڵمەتێکى فراوان بۆ بایکۆتکردنى کاڵاى تورکی ڕاگەیەنرا و داوا لە هەمووان کرا کارا تێیدا بەشدار بن.

ئێوارەى ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان دەستەى (دەنگى نیشتیمان) لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا هەڵمەتێکى فراوانی بایکۆتی کاڵا و شتومەکی تورکی لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستاندا ڕاگەیاند.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا کە ژمارەیەک لە کەسایەتی جیا جیا تێیدا بەشداربوون دەستەکە ئاشکرای کرد: "هەڵمەتەکەیان وەک کردانەوەیەکە بەرامبەر بە هێرشە داگیرکاریەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان و بە پێویستی زانی هەمووان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی کارا تێیدا بەشدار بن".
دەستەى (دەنگى نیشتیمان) ڕایشیگەیاند: "چەند ڕۆژێکە بایکۆتکردنى کاڵاى تورکى لە باشوری کوردستان بە جددى دەستیپێکردوە و ئەوەش ناوەندە ئابورى و ڕاگەیاندنەکانى تورکیا و جیهانیشدا دەنگی داوەتەوە و کاریگەرییەکانى خەریکە ئاشکرا دەبن".

دەستەکە بۆ ڕای گشتیی جەخت دەکاتەوە: "ئەو قازانجە ئابورییەى  باشور لە ڕێگەی بازرگانى و کڕینى کاڵاوە بە تورکیای دەگەیەنرێت، ڕژێمی تورکیا لە کوشتن و کۆمەڵکوژى و وێرانکردنى گەلەکەماندا بەکارى دەهێنێتەوە. بۆیە وەک دەنگى نیشتیمان داوا لە کڕیارو فرۆشیار، هاوردەکاران، ناردنکاران، سەندیکاکان، نوسینگەکانى گەشتیار و ڕاگەیاندن و ڕای گشتىی دەکەین تا کۆدەنگ بن لەسەر بایکۆتکردنى کاڵاى تورکی و سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و  گەشتەکانیشیان بۆ تورکیا ڕابگرن".

دەستەی دەنگى نیشتیمان داواشی لە ڕاگەیاندنەکان و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکان کرد، " تا هەڵمەتى وشیارکردنەوە بۆ بایکۆتکردنی کاڵاى تورکی دەست پێبکەن و هاوکات ڕیکلام و پڕوپاگەندە بۆ کاڵاى تورکى ڕابگرن و ببنە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی هەڵمەتی بایکۆتەکە. چونکە مامەڵەکردن و قازانج گەیاندن و گەرمکردنەوەى گیرفانى دەوڵەتى مرۆڤکوژ و قڕکەرى وەک تورکیا دەبێتە پشتیوانی لە ستەمکاریەکانی و بەشداریکردنیشە لە تاوانەکانی کە بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجامی دەدات".

هـ.هـ