لە باشوری کوردستان بە هۆی کۆرۆناوە رێگای نێوان چوار شارۆچکە داخرا

بە مەبەستی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، رۆژ بە رۆژ لە باشوری کوردستانیش وەکو وڵاتانی دیکە، رێکار و رێوشوێنی نوێ دەگیرێتە بەر. لەم چوارچێوەیەدا ریگای نێوان (وەرتێ - رانیە ) و (گۆجار - پشدەر) تاكو كاتێكی نادیار داخرا.

بە پێی هەواڵێکی رۆژ نیۆز بەڕێوبەری شارۆچکەی وەرتێ ڕایگەیاند، کە لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی باشوری کوردستان بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان لەنەخۆشی كۆرۆنا، هەردوو ڕێگای (وەرتێ - رانیە ) و (گۆجار - پشدەر) تاكو كاتێكی نادیار دادەخریت.

لەکاتژمێر ٨:٠٠ی ئەمشەوەوە هاتووچۆی نێوان ئەو چوار شارۆچکەیەی باشوری کوردستان ڕاگیرا.

بەڕێوبەری شارۆچکەی وەرتێ، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار دەكەینەوە، لەم شەوەوە لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی باشوری کوردستان، بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان لەنەخۆشی كۆرۆنا هەردوو ڕێگای (وەرتێ- ڕانیە ) و (گۆجار- پشدەر) تا كاتێكی نادیار دادەخریت، داواشی لەهاولاتیان کرد بۆ هاتووچۆی ئەو سنوورە ڕێگای بالیسان بەكاربهێنن.

ز.ش