لە باشوری کوردستان پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان زیادی کردووە

بەپێی ڕاپۆرتی نوێی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ لە شەش مانگی کۆتایی ئەو ساڵەدا، لە باشوری کوردستان پێشێلكاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان زیادیانکردووە، بە جۆرێک لە ٢٠١٩دا ٦٦ پێشێلكاری بەرامبەر ١٥١ ڕۆژنامەنووس تۆماركراوە .

ئەمڕۆ ٥-٢-٢٠٢٠ لە شاری هەولێر، سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی باشوری كوردستان ڕاپۆرتی ٢٣ و ٢٤ی بۆساڵی ٢٠١٩ کە لەلایەن لیژنەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسان ئامادەکراوە بڵاوكردەوە.

ڕاپۆرتەكە لەلایەن د.نەزاكەت حسێن، سەرۆكی لیژنەكە خوێندرایەوە تیایدا هاتبوو: لەساڵی ٢٠١٩دا بەگشتی ٦٦ حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر ١٥١ ڕۆژنامەنووس و دەزگا ئەنجامدراوە كە لەو ژمارەیە پێنج ڕۆژنامەنوسیان لە رەگەزی مێبوون.

پێشێلکارییەکانیش بەمجۆرەبوون: لە سلێمانی ١٧ حاڵەت، لە هەولێر ١٧حاڵەت، لە كەركوك ١٧ حاڵەت، لە دهۆك ٨ حاڵەت، لە بەغدا یەك حاڵەت، خانەقین ٣ حاڵەت و هەڵەبجە یەک حاڵەت و لە موسڵیش یەك حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی كورد تۆمار كراوە و پێشێلکارییەکی دیکەش لەڕێگەی هێرشی ئەلکترۆنییەوە بووە بۆ سەر کەناڵی ئێن ئاڕتی کە سەرچاوەکەی نەزانراوە.

لەبارەی جۆری پێشێلكارییەكانیش بەپێی ڕاپۆرتەكە بەمشێوەیەیە:

یەكەم دەستگیركردن: ١٩ حاڵەت بەرامبەر ٣٧ ڕۆژنامەنووس

دووەم رێگەنەدان بە ڕووماڵ: ٢٤ حاڵەت بەرامبەر ٦٢ ڕۆژنامەنووس

سێیەم هێرش و سوكایەتی: ١٠ حاڵەت بەرامبەر ٢٢ ڕۆژنامەنووس

چوارەم لێدان: ٢ حاڵەت بەرامبەر ٣ ڕۆژنامەنووس

پێنجەم داخستنی نووسینگە: ٢ حاڵەت بەرامبەر دوو كەناڵ

شەشەم دەستبەسەركردن: ٤ حاڵەت بەرامبەر ١٤ ڕۆژنامەنووس

حەوتەم هەڕەشە: ٤ حاڵەت بەرامبەر ٧ ڕۆژنامەنووس

هەشتەم فۆرمی زانیاری داواكراوە پڕبكرێتەوە: یەک حاڵەت بەرامبەر ٤ ڕۆژنامەنووس

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی سەندیکا لەماوەی ساڵی رابردوودا سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ٨ بەیاننامە و دوو ڕوونكردنەووەیداوە لەسەر ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەو ساڵەدا لە ڕۆژئاوای كوردستان ١٣ ڕۆژنامەنووسی كورد شەهید كراون.

لەبارەی ڕاپۆرتەكەیان و ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان وتی: ڕاپۆرتەكانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئامادەكارییان بۆ كراوە و كارییان لەسەر كراوە، بۆیە ڕاپۆرتەكانمان بۆ ناوەندە فەرمییەكانی جیهان ڕەوانەكراوە و كاریگەرییشان هەبووە.

هاوکات گۆران جەلال، بریاردەری لیژنەی داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان باسی لەوەكرد كە تائێستا ژینگەی كاری میدیایی لە كوردستان گونجاو نییە و پێنەدانی زانیاری گرفتە لەبەرامبەر كاری میدیاییدا و ململانێی سیاسی كاریگەری لەسەر میدیا هەیە و دەگاتە ئاستی هەڕەشە لەسەر رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەكان لەناوچە جێناكۆكەكانیش هێزە عیراقییەكان هەڕەشە و سوكایەتی بە رۆژنامەنووسانی كورد دەكەن ئەوانەشە هەمووی بەسەریەكەوە كاریگەری لەسەر ڕەوتی رۆژنامەنووسانی كوردستان هەیە.

بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی سەندیکا لە کاتێکدایە بەپێی ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوودا ٢٧ پێشێلكاریی دژ بە ٦٥ ڕۆژنامەنووس تۆمارکرابوو.

ز.ش