دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا دواین زانیاری و ئاماری لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان خەستە ڕوو.
وەزیری تەندروستی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: لەكۆی ٣ هەزار و٦٤ هاوڵاتی لە ٢٩ شوێنی كەرەنتین كراو تەنها ٩٥٣ هاوڵاتی لەكەرەنتین ماون، ٢هەزار و ١١١ هاوڵاتی گەڕاونەتەوە بۆ ناو خێزانەكانیان و ٢ شوێنی كەرەنتینیش كەم كراوەتەوە، كە پێشتر ٣١ شوێنیان هەبووە، ئەوانەی لەكەرەنیتن گەڕانەوتەوە چەند جارێك تێستیان بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بن هەڵگری ڤایرۆسەكە نین پاشان ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە.
وتیشی: ١٥٤ تێست ئەنجامدراوە، تەنها دوو حالەتی تر تۆمارکراوە، یەكێكیان خوێندكارێكی ١٩ ساڵان بووە و پێشتر لەتووشبوویەكی دیکە توشبووە، حاڵەتی دووەم پیاوێكی تەمەن ٦٤ ساڵە لە شارەدێی ئاشتی لەكۆیە، كەوا لەهەمان خێزانی ئەو كەسەیە كە دوێنێ ڕاگەیەندرا، ئامارەكان گەیشتۆتە ١٦ كەس لەهەرێمی كوردستان، كە یەك کەسیان گیانی لەدەستداوە، یەكێكیش چاك بووەتەوە و ڕەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.
ف.ق