لە باکووری کوردستان و تورکیا یادی شەهیدانی هەلەبجە کرایەوە

لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەلەبجە کرایەوە.

لە ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجەدا، یادی شەهیدانی کیمیابارانەکە لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کرایەوە. لە وان، مێرسین، ئەستەنبوڵ، ئامەد و ئیزمیر یادی شەهیدان کرایەوە و داوای یەکێتی نەتەوەیی کرا.

وان

لە هەوشەی بالەخانەی ڕێکخستنی هەدەپە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدرا. موراد ساریساچ پەرلەمانتاری هەدەپەی وان و نوێنەری پارتە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەبوون.

لەیلا ئاکساک بە ناوی رێکخستنی هەدەپەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژی قەدەری گەلی کورد نییە. ئاکساک وتی، " هەلەبجە بە تەواوی بێدەنگ ببوو، بێدەنگی شارەکە بۆ هاواری ئازارەکان گۆڕا. ئەو هاوارە لەدژی دووڕوویەتی، درۆ و  زوڵمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم بوو."

مێرسین

لە ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجە ڕێکخستنی هەدەپەی مێرسین بە بەشداری زۆر کەس لە باڵەخانەی پارتەکە کۆبوونەوە و راگەیەنراوێکیان خوێندەوە. محەمەد ئالیش هاوسەرۆکی هەدەپەی میرسین رایگەیاند، کۆمەڵکوژی هەلەبجە تاوانێکی گەورەبوو لەدژی مرۆڤایەتی.

ئالیش ڕاشیگەیاند، وڵامی پێویست بۆ سیاسەتی قڕکردن، یەکێتی نەتەوەی کوردانە.

ئەستەنبوڵ

لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لەبارەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردەوە. لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا، کۆمەڵکوژی هەلەبجە لاپەڕەیەکی شەرمە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئاماژە بەوەشکرا، عێراق، هەرێمی کوردستان، نەرویچ، سوید، بەریتانیا تاوانی ئەنفالیان وەک تاوانی قڕکردن قبوڵکردووە کە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس کۆمەلکوژکران.

هەروەها داوا لە حکومەتی تورکیاکرا کۆمەڵکوژی هەلەبجە و ئەنفال بە فەرمی بناسێت

ئامەد

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لە ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجە لە باڵەخانەی داد کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. ئەیوب ئایدەنیز سەرۆکی کۆمسیۆنی زمانی سەندیکاکە راگەیەنراوێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەلەبجەیەکی تر ڕوونەدات پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەش پیشان بدەن. هەروەها داوای لە پارتە سیاسیەکانی تورکیا کرد کۆمەڵکوژیەکە وەک جینوساید بناسن.

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ئامەدیش لەبارەی کۆمەڵکوژی هەلەبجە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەنراوەکەدا بباسی ئەوەکرا، لە جۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کورد کە بێ پێگە هێڵراوەتەوە ساڵانێکی دوور و درێژە بووەتە ئامانجی کۆمەڵکوژی گەورە و پشتپەردەی مێژووی ئەو کۆمەڵکوژیانەش هەیە."

ئیزمیر

لقی ئیزمیری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەبەوەکرا، تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە بە درێژایی مێژوو ون نابن و کوردان لە عێراق بە کیمیایی و بۆنی سێو بە فڕۆکە جەنگیەکان کۆمەڵکوژ کران. لەناویاندا منداڵیکی زۆر هەبوو. لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا لە هەلەبجە مرۆڤایەتی بێهەناسە هێڵرایەوە. سووتێنرا.

وەقفی نەتەوەیی دەزگای چاودێری دادی میزۆپۆتامیاش بە بۆنی ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجە راگەیەنراوی بلاوکردەوە.

ف.ق