لە برادۆست، كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیەنرا

لە سنوری برادۆست كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیەندرا و بڕیارە ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت.

كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا لە شارەدێی سیدەكانی دەڤەری برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەژێر خێمەیەكدا كەمپەینێكی یەك هەفتەیی ڕاگەیەندرا.

هۆشمەند برادۆستی، یەكێك لە بەشداربووانی كەمپەینەكە وتی: برادۆستیەكان لەپرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكاندا هەمیشە ئامادەییان هەبووە، هەربۆیە هەوڵیانداوە لەڕێگەی كەمپەینێكەوە هاوكاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبكەنەوە.

وتیشی: ئەوەی لەڕۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات داگیركاری و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤەو پێچەوانەی هەموو بنەمایەكی دیموكراسی و مافی مرۆڤە.

كەمپەینی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری لە شارەدێی سیدەكانی دەڤەری برادۆست لەڕۆژی سێ شەممەوە ڕاگەیەندراوە تا ئێستا بڕێک هاوکاری کۆکردوەتەوە و بڕیارە تا دووشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت.

ف.ق