لە بناری قەندیل بە ئاهەنگێک ٨ی مارس پیرۆزکرا

ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی ژنان، کە لە لایەن ڕژاکەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو، بە خوێندنەوەی وتار و گورانی و چالاکی جۆربەجۆر کۆتایی هات.

بە بۆنەی هەشتی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ڕێکخراوی نوێگەر، بە دروشمی "تێکۆشانی ژنان خۆبوونە بەرخۆدانە و ئازادییە"، لە گوندی دەرە کۆتر لە بناری قەندیل بەڕێوە چوو.

لە بەردەوامیی ئاهەنگەکەدا، وتاری کەژەکە لە لایەن ئاواز محەمەد و وتاری ڕێکخراوی ڕژاک لە لایەن سۆما فەرهاد خوێندرایەوە.

لە وتاری کەژەکەدا هاتبوو: دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کە مێژووەکەی لە سەر بنەمای کۆمەڵکوژکردنی گەلان و قڕکردنی ژنان بنیاد نراوە، هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر گەلی باکور و باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، لە گەڵ هەموو گروپێکی تیرۆروستی وەک داعش و ئەلقاعیدە هەوڵدەدات هەرچی هێمای ئازادییە لە ناوی بەرێت.

هەروەها تێیدا هاتبوو: بەداخەوە لە باشوری کوردستان هەندێک کەس لە بەرامبەر پارەدا بۆ دەوڵەتی تورکیا سیخوڕی دەکەن و بە وتاری خۆیان پاکانە بۆ هێرش و کاولکاری دوژمن دەکەن، پێویستە هەموو کەس بە باشی بزانێک کە گەریلا ڕۆڵەی ئەم گەلەیە و ئەگەر گەریلا نەبێت نمونەی شەنگال لە سەر هەمووشوێنێکی باشور دووبارە دەبێتەوە.

کەژەکە ڕاشیگەیاند، "دوژمنانی کورد با بەباشی بزانن کە تێکۆشانی ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامی هەیە، ژن ئیدی لە هەموو کایەکاندا به ئیرادە و بڕیاری خۆی چارەنووسی خۆی بۆ هەموو چەوساوەکان دیاری دەکات".

هەروەها وتاری ڕژاک کە لەلایەن سۆما فەرهاد'ـەوە خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: بەهاتنی سیستمی پیاوسالاری كە چینێكی دەسەڵاتداری مشەخۆرە، ژنان و هەموو كۆمەڵگا رووبەڕووی كۆیلایەتی و چەوسانەوە دەبێتەوە، تەواوی چەوسانەوەو شەڕ و ئالۆزی و ڕەگەزگەرایی و ناموسپەرستی و چینایەتی توندوتیژییەكان لەسەر بنەمای چەوسانەوەی ژن پێش دەكەوێت، ئەگەرچی ڕەنگ و شێوازی چەوسانەوەكان و بەكۆیلەكردنەكان جیاوازن، بەڵام لەناوەڕۆكدا یەكن، لەسەرتاسەری جیهاندا ژنان دەكرێنە كاڵا و شەرەف و ناموس و موڵكی پیاو.

هەروەها هاتبوو: لە بەشداریكردنی ژنان لە كایەی سیاسیدا و بەرقەراربوونی سیستمی هاوسەرۆكایەتی واتا بەرێوبەرایەتییەكی هەرەوەزی و هاوسەنگی ڕەگەزی بەبنەمادەگرێت، خۆشبەختانە ژنی كورد پێشەنگایەتی دەكات بۆ تەواوی ژنانی جیهان، ئەوەتا ژنانی ئەوروپی و ئەمریكی و هەتا ئەفریقیش پۆل پۆل بەشداری لەم تێكۆشانەدا دەكەن لەسەر خاكی كوردستان ناسنامەی شەهیدبوون وەردەگرن، بێگومان ئەم دەسكەوتانە بە زۆرترین قوربانی بەدەستهاتوون، دەتوانین بڵین ئەوەی خاوەندارێتی لە شەهیدانی شاری نیویۆرك دەكات شۆرشی ژنانە لە كوردستاندا.

پاشان یادەکە بە گروپی، شەهید دەستینا قەندیل، گروپی سۆلین و چەند گروپێکی دیکە بە بەرهەمی هونەری بەردەوامی پێدرا و دواتر بروسکەی و پیرۆزبایی چەن ڕێکخراو و حزبێکی باشوری کوردستان خوێندرایەوە.

پاشان بە گۆرانییەکانی هونەرمەند ڕۆژگار و وتنەوەی دروشمەکانی ژن ژیان ئازادی و شەهید نامرێ، کۆتایی بە یادەکە هات.

ف.ق