لە جلخوارەکانەوە بۆ ملخوارەکان - ئانالیز

تورکیا لە باشوور لە رێگەى ملخوارەکانى ئەمڕۆوە، لە هێنانەدیى خەونەکەى مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ داگیردنەوەى ویلایەتى موسڵ نزیکبووەتەوە. ئەو خەونە، کە لە سەردەمی شێخ مەحموددا لەلایەن جلخوارەکانەوە بەدی نەهات.

لە کاتى شۆڕشەکەى شێخ مەحمودی حەفید لە سلێمانى و دەووربەریدا، زلهێزەکان کاریان بۆ دیزاینکردن و دیاریکردنى سنوورەکانی ناوچەکە دەکرد. بەریتانییەکان، فەرەنسییەکان، عەرەبەکان، تورکەکان و کوردەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون سنووری ژێر دەسەڵاتیان و بەرژەوەندییەکانیان بەرفراوانتر بکەن. لەو کاتەدا تورکەکان بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال لە هەوڵێکى زۆردابوون خێڵ و خەڵکى جۆراجۆر بە بەڵێنى جۆراجۆری ئایینى و عیرقی و درۆزنانە لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەى بتوانن زۆرترین ناوچە داگیربکەن، بۆیە بە توندی هەوڵیاندەدا ویلایەتى موسڵ (هەموو باشووری کوردستان) نەخرێتە سەر عێراق و لە ململانێى تونددا بوون لە دژی بەریتانییەکان.

 تورکەکان بۆ ئەو کارە پێویستان بە کورد بوو، بۆیە کەسێکیان بە ناوی ئۆزدەمیر بۆ هێنانەدیى داگیرکەرییەکەیان لە ناوچەکانى دهۆک و هەولێر و رواندز و باکووری سلێمانى ئەرکدارکرد. ئۆزدەمیر لەگەڵ خێڵەکان و سەرەک خێڵەکانی ناوچەکەدا لە پەیوەندیدا بوو و کاری زۆر بۆ ئەوە دەکرد، کە هەموویان بکاتە خزمەتکاری تورکیاى کەمالی. لەوەشدا توانیى هەندێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ژمارەیەک لە خێڵەکان بداتە پاڵ خۆی و لەو رێگەیەوە دژایەتیى بەریتانییەکانی دەکرد.

پێگەى جەماعەتەکەى ئۆزدەمیر لە سلێمانى و دەرووبەری لاواز بوو. سەرباری هەوڵە زۆرەکانیان تەنها توانیبویان تاوەکو ناوچەکانى قەڵادزێ بێن لەوە زیاتر نەیانتوانى ناوچەى تر داگیربکەن. ئۆزدەمیر لە رێگەى چەندین کەسەوە دەیخواست کاریگەری لەسەر شێخ مەحمود دروست بکات، چەندین نامە و پەیک و پیاوی خۆی بۆلای شێخ مەحمود نارد و هەموو هەوڵی ئەوە بوو شێخ و هێزەکەى بدەنە پاڵ تورکەکان و دژایەتیى بەریتانیا بکەن. لە ناو خەڵکدا شۆڕشی شێخ مەحمود لە دژی بەریتانیاکان بۆ مافەکانى کورد بە شەڕی کافر و مسوڵمان دەناساند و هێدهێدی کاریان بۆ ئەوە دەکرد مۆرکی نەتەوەیى و خواستە نەتەوەییەکانى کورد لە ژێر پەردەی ئایندا، کە خودی کەمالییەکان و ئۆزدەمیر هیچ بڕوایەکیان پێى نەبوو، کاڵ بکەنەوە و کورد لە شەڕێکى نەخوازراوی رقاوییەوە بگلێنن.

ئۆزدەمیر لە سێیەم قۆناغی شۆڕشەکەى شێخ مەحمودا خۆی گەیاندە بارەگای شۆڕشەکەى شێخ مەحمود لە ئەشکەوتى جاسەنە لە سورداش و لەگەڵ شێخ مەحمود کۆبوویەوە. سەرباری گوشاری تورکەکان و پیاوەکانى مستەفا کەمالی ئەتاتورک و ملنەدانى بەریتانیا بۆ داواکانى شێخ مەحمود، بەڵام شێخ ئەوەندە تێگەیشتبوو کە تورکەکانیش هەر وەک بەریتانییەکان و بگرە لەوانیش خراپتر تەنها دەیانەوێت کورد بەکاربهێنن، بۆیە لە ئەنجامدا نەچووە ژێر باری تورکەکان و تورکەکان لە چەند هێرشێکى بەریتانییەکاندا شکستیان هێناو و تاوەکو سنوورەکانى ئێستای نێوان باشوور و باکووری کوردستان پاشەکشەیان پێکرا.

لەو کاتەدا رۆشنبیران، پێشکەوتوخوازان، ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسانی سلێمانى بە لایەنگرەکانى تورکیاى کەمالییان دەوت جلخوارەکان. ئەو دۆخە و روانینى رۆشبنیران و خوێندەوارانى ئەو سەردەمە بۆ سیاسەتەکانى تورکیای کەمالی و کەشی بێمتمانەیى بە تورکەکان، بەهۆی ئەزموونیان لە ٥٠٠ ساڵ داگیرکەری و کوشتاری گەلانى ناوچەکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە، کاریگەریى لەسەر دوا بڕیاری شێخ مەحمود هەبوو، چونکە جگە لە ژمارەیەک بەرژەوەندیخوازی هەلپەرست نەبێت، کەسی تر بە سیاسەت و خواستەکانى تورکیاى نەدەوت ئامین.

لەدوای نزیکەى ١٠٠ ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو رووداوانەدا دیسانەوە نەخشەى ناوچەکە دادەڕێژرێتەوە و گۆڕانکاریى بەسەردا دێت. تورکەکان دەیانەوێت بە هەمان سیاسەتى کۆن، هەمان خەونی داگیرکەری، کارتی ئایین و بەکارهێنانى کوردە جلخوارەکان خەونەکانیان بهێننە دی و هەموو سنووری میساقی میللی (ویلایەتەکانى حەلەب و موسڵ، ئەوەش دەکاتە هەموو رۆژئاواى کوردستان و باشووری کوردستان) داگیربکەنەوە.

تورکیا بۆ ئەو پرۆژە داگیرکەرییەى، لە مێژە کار لەسەر بڵاوەپێکردنى سیاسەتەکانى لە باشووری کوردستان دەکات. لەگەڵ بڵاوەپێکردنى هێزی سەربازی و دروستکردنی نزیکەى ٣٠ بنکەى سەربازى و دەیان بنکەى هەواڵگری و سیخوڕی لە ناو باشووری کوردستاندا، لە رێگەى کۆمپانیاکانەوە دەستى بەسەر بەشێکى زۆری ئابووریی کوردستان لە کەرتی نەوتەوە بۆ کشتوکاڵ و جلوبەرگ، پێلاو و شیرەمەنی و زۆربەی پێداویستییەکانى ژیانی رۆژانەى هاووڵاتییاندا گرتووە.

هاوکات پەنای بردووەتە بەر شێوازێکی تری کارکردن بۆ برەودان بە سیاسەتى سایکۆ پۆلۆتیکى تورکی و ئەو شێوازەش لە رێگەى خوێندنگە تورکییەکانەوە بەڕێوەدەبات، کە ماوەى ٢٤ ساڵە لە باشووری کوردستاندا کار بۆ بە تورکی کردنى رۆڵەکانى گەلی کوردستان دەکەن. جگە لە ژمارەیەکى کەم نەبێت، هەزاران کەسی دەرچووی ئەو خوێندنگە و کۆلیژە تورکییانە، کە ئێستا پزیشک، ئەندازیار، بەڕێوەبەر، ئەندامى باڵاى بەشێک لە حیزبەکان، مامۆستا، وانەبێژ، رۆژنامەنووس، نووسەر و لێکۆڵەرەن لە هەموو جومگەکانى کۆمەڵگەدا چێنراون و پشتیوانى سیاسەتەکانى تورکیا دەکەن و رۆژانە پاساو بۆ تاوان و داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک دەهێننەوە، یان بەرامبەر بە سیاسەتەکانى تورکیا بێهەڵوێستن. تورکیا لەم رێگەیەوە سوپایەک لە خەڵکى لایەنگر و پشتیوانى بۆخۆی دروستکردووە، کە خۆبەخشانە کار بۆ بڵاوەپێکردنى ئەجینداى دەوڵەتى تورکیا دەکەن. ئەنقەرە لەو رێگایەوە کاری بۆ ئەوە کردووە، بە کردەوە باشووری کوردستان وەک لیوای ئەسکەندەروون و باکووری قوبرس بکاتە بەشێک لە تورکیا.  ئەو سیاسەتەى تورکیا لەلایەن ژمارەیەک لە حیزبەکان و هێزەکان و چەند گروپێکی جۆراجۆرەوە، کە بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیادا هەیە، پشتیوانیى لێدەکرێت.

ئەو بێدەنگییە زۆرە بەرامبەر بە کوشتاری هاووڵاتییانى باشووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکیا، دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا، بۆردومانى بەردەوامى خاکى باشووری کوردستان، ئۆپراسیۆنى بەردەوامی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ناوچەکانى باشووری کوردستان، داگیرکردنى ناوچەکانى برادۆست و مێرگەسوور و سیدەکان لە ماوەى یەکساڵی رابردوودا و ئێستاش هەوڵی داگیرکردنى خواکورک بۆ هۆکاری بەرژەوەندیى ئابووری و بێ ئیرادەیى سیاسی و سوپا خۆبەخشەکەى تورکیا لە ناوخۆی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە جلخوارەکانی دوێنێوە بوون بە ملخوارەکانى ئەمڕۆ.

تورکیا لە باشوور لە رێگەى ملخوارەکانى ئەمڕۆوە، لە هێنانەدیى خەونەکەى مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ داگیردنەوەى ویلایەتى موسڵ نزیکبووەتەوە. ئەو خەونە، کە لە سەردەمی شێخ مەحموددا لەلایەن جلخوارەکانەوە بەدی نەهات.

لە رۆژئاواى کوردستانیش ناوچەکانى باب و جەرابلوس و مارع و عەفرینى داگیرکردووە، کە بەشێکن لە ویلایەتى حەلەبی کۆن و هەر وەک موسڵ دەکەونە چوارچێوەى سنوورەکانى میساقی میللی. جیاوازیى دۆخی باشوور و رۆژئاوا ئەوەیە، لە باشوور سوپایەکى ناوخۆی ملخوار پشتیوانى تورکیان و لە رۆژئاوا ئەو سوپایە بوونی نییە.

دەوڵەتى تورکیا بۆ هێنانەدیى خەونی داگیرکردنی سنوورەکانى میساقی میللی لە چوارچێوەى داڕشتنەوەى نەخشەی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەم سەردەمەدا، لە عەفرینەوە تاوەکو خانەقین لە رێگەى هێزی سەربازی و ئۆپراسیۆن و بۆردومان و داگیرکەری، کۆمپانیا و بازاڕ، قوتابخانە تورکییەکان و ژمارەیەک لە نووسەران، بەرپرسانى بەشێک لە حیزبەکان، ژمارەیەکی باش لە رۆژنامەنووسان،  بەشێک لە راگەیاندنەکان و سوپایەکی خۆبەخشی ملخوار هەوڵ بۆ رەوایدان بەو داگیرکەرییەکەی دەدات.

سەرچاوە؛ ماڵپەڕی ئاوێنە

ر.م