لە سلێمانی چالاکی لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک رێکدەخرێت

دەستپێشخەریی دیموکراتیی گەل سبەی دوای نیوەڕۆ لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی چالاکییەک لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک رێکدەخات.

دەستپێشخەریی دیموکراتیی گەل رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'با داگیرکەری تێبکشێنین، کوردستان بپارێزین' ئەو چالاکییە رێکدەخات.

لە بانگەوازی دەستپێشخەریی دیموکراتیی گەل دا هاتووە "لە پێناو وەدەرنانی سوپای داگیرکاری تورکیا و بەرگریکردن لە کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەڵمەتێکى سەرتاپاگیری نەتەوەیی و نیشتمانی دەستپێبکەین. بۆ ئەمەش بە نەخشەڕێیەکی فراوان رووبەڕووی داگیرکاری دەبینەوە و کوردستانمان دەپارێزین".

ئاماژە بەوەشکراوە "بانگەوازمان بۆ هەموو کەسێتی ولایەنە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکان ئەوەیە، کە بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکەن و بەشداری راگەیاندنی جاڕنامەى 'با داگیرکاری تێکبشکێنین، کوردستان بپارێزین' ببن".

لەبارەی کات و شوێنی چالاکییەوە رایانگەیاندووە، سبەى سێشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لە کاتژمێر ٥ی دوای نیوەڕۆدا لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی چالاکییەکەیان بەڕیوەدەبەن.

ژ.ت