لە سوتانى ماڵێکدا لە مێردین دایکێک و ٣ منداڵ گیانیان لەدەستدا

لە گوندی کایالار لە ناوچەى شەمرەخی مێردین ماڵێک ئاگری تێبەربوو و بەو هۆیەوە دایکێک و ٣ منداڵ لە ماڵەکەدا گیانیان لەدەستدا.

دوێنێ شەو لە گوندی کایالار لە ناوچەى شەمرەخی مێردین خانووی بنەماڵەى تور ئاگری تێبەربوو و بەو هۆیەوە دایکێکى تەمەن ٣٤ ساڵ بە ناوی نیسان تور و منداڵەکانی لە تەمەنی ١ ساڵەوە بۆ ٧ ساڵ بە ناوەکانى میران، لۆرین و ئەرجان گیانیان لە دەستدا.

دواى ئەوەى هاووڵاتییان هەستیان بە ئاگرەکە کرد چوون بە هاواری ماڵەکەوە و داواشیان لە تیمەکانى فریاکەوتن کرد بە دەم ماڵەکەوە بڕۆن.

تاوەکو هاووڵاتییان و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن توانییان ئاگرەکە بکوژێننەوە ئەو دایکە و ٣ منداڵەکەى بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە خنکان و گیانیان لە دەستدا.

دواى رووداوەکە تەرمی دایکەکە و ٣ منداڵەکەى گواسترانەوە بۆ پزیشکی داد لە مێردین. دواى توێکاری تەرمەکان رەوانەى ئامەد کراون و چاوەڕێ دەکرێت دوای تەواوبوونی کاروبارە یاساییەکان تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ شەمرەخ و لەوێ بە خاک بسپێردرێن.

ژ.ت