لە سەڵماس پرسە و بەڕزراگرتنى یادی شەهید بێکەس ورمێ بەڕێوەچوو

سەرباری رێگریی هێزەکانى رژێمى ئێران پرسە و بەرزراگرتنی یادی شەهید بێکەس ئورمێ (ئەحمەد مورادپور) لە گوندی مەلحەمی سەر بە شاری سەڵماس بەڕێوەچوو.

سەرباری رێگریى هێزەکانى رژێمى ئێران بنەماڵەى گەریلای شەهیدی هەپەگە، یادی شەهید بێکەس ئورمێ-یان بەرزراگرت و پرسەیان بۆ دانا.

یادەکە لە رۆژانی ٤ بۆ ٧ی شوبات / ١٥ بۆ ١٨ی رێبەندان بەڕێوەچوو. هێزەکانى رژێمى ئێران لەو کاتەدا هەوڵیاندابوو رێگری لە یادەکە و پرسەی ئەو شەهیدە بگرن، بەڵام لە ئەنجامدا و بەهۆی پێداگریى بەردەوامی بنەماڵەکەى و گەلی وڵاتپارێزی ناوچەکەوە رژێم پاشەکشەى کرد و یادەکە بەڕێوەچوو.

دانیشتوانى گوندی مەلحەم و گەلی وڵاتپارێزی شاری سەڵماس و قەڵاى خۆی و ئورمێ بەشداری مەراسیمەکە بوون و سەرەخۆشیان لە بنەماڵەى شەهید بێکەس کرد و بەڵێنی خۆیان لەگەڵ شەهیدانى شۆڕش دووبارە کردەوە.

هەروەها خزمان و وڵاتپارێزان لە شاری ئەسینای پایتەختی یونان رۆژی هەینى رابردوو بۆ بەرز راگرتنى یادی شەهید بێکەس ئورمێ مەراسیمێکیان رێکخست. کوردانى هەر چوارپارچەى کوردستان لە ئەسینا بەشداری مەراسیمەکە بوون و دڵسۆزیى خۆیان بۆ شەهیدانى رێگای ئازادی نیشاندایەوە.

شەهید بێکەس ورمێ (ئەحمەد مورادپور) رۆژی ٢ی شوباتی ٢٠٢٠ / ١٣ی رێبەندان لە ئەنجامی شەڕێکدا، کە بۆ پاراستنى گەلی کامپی پەنابەرانى شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) لە دەست چەتەکانى داعش روویدا و هێرشی چەتەکانیان بۆ سەر کامپەکە تێکشکاند و شەهید بوو.

ژ.ت

****